نووسەرە کۆنەکان

گەڕان

پارتە سیاسییەکان

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی دیسەمبەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەها نوێنەرانی کۆنگرە کە لە ڕێکخستنەکانی حزب لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات و بە بەشداری شاندێکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و کەسایەتی سیاسی، کە وەکو میوان ئامادەبوون، کۆنگرەی پێنجەمی خۆی بەست.

سەرەتا کۆنگرە بە سرودی ئەنتەرناسیونال و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی بەکارەکانی خۆی کرد. پاشان هاوڕێ خەسرەو سایە ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنگرەی سەبارەت بە چۆنیەتی کاندیدبوون و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی، پێشکەشکرد و دواتریش نوێنەرانی ئامادەبووی کۆنگرە بە تێکڕای دەنگ ئەنجامی ڕاپۆرتەکەیان پەسەند کرد و بەمجۆرەش کۆنگرە شەرعیەتی قانونی وەرگرت.

دوای پەسەندکردنی پەیڕەو و دەستوری باسەکانی کۆنگرە و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە، وتاری کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەش کرا، کە تێیدا بەخێرهاتنی نوێنەران و وەفدی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و میوانانی کرد و سەرنجی ئامادەبوانی بۆ گرنگی جێگاوڕێگا و گرنگی کۆنگرەی پێنجەم ڕاکێشا و دواتریش لە وتەکەیدا لەسەر لایەنە سەرەکیەکانی دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچەکە ڕاوەستا.

پاشان هاوڕێ سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق پەیامی حزبی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی لە نوێنەران و سەرجەم ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کرد و لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بە گرنگی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی لە ئاستی عێراق و کوردستاندا و لەپەیوەند بەو هەلومەرجەوە کرد کە خەباتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش پێیدا تێپەڕدەبێت. پاشان کۆنگرە چووە سەر دەستور باسەکانی خۆی کە پێکهاتبوون لە:

١/ ڕاپۆرتی سیاسی سکرتێری کۆمیتە ناوەندی.

٢/ مانیفێستی حزب بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە.

٣/ بڕیارنامە دەربارەی دۆخی سیاسی کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری.

٤/ بڕیارنامەی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب.

٥/ دەعوانامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دژی دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی بۆرژا- ناسیونالیستی کورد.

٦/ کۆنگرەی سەراسەری نوێنەری شوراکانی خەڵک، بەدیلی دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستایە.

٧/ بڕیارەکان….

٨/ هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی…

لەیەکەمین دەستوری باسەکانی کۆنگرەدا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف ڕاپۆرتێکی سیاسی پێشکەشکرد، کە تیایدا بەوردی سەرەکیترین ئەو ڕوداو و ئاڵۆگۆڕە سیاسیانەی خستەڕوو کە لەنێوان دوو کۆنگرەدا ڕویانداوە و کاریگەری بەرجەستەیان لەسەر دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەکە و کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بووە، هاوکات باسی لە ڕوانین و بۆچوونە فەرمیەکانی حزب لە پەیوەند بە هەرکام لەو روداو و مەسەلانەوە، کرد.

لە دەستوری دووەمی کۆنگرەدا بەڵگەنامەی مانیفێستی حزب بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە خرایە بەر باسەوە. سەرەتا هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد لە ڕاستای ناساندن و خستنە ڕووی ناوەڕۆک و لایەنە سەرەکیەکانی ئەم بەڵگەنامەیەدا، قسەوباسێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئەو گرفت و کۆسپانەی لەبەردەم چینی کرێکار و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدایە کرد و پاشان ڕێگاچارە و ئەڵتەرناتیڤی شۆڕشگێڕانە و ئەو هەنگاوانەی کە دەبێ لە ڕاستای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کوردا بگیرێتەبەر خستەڕوو.

دۆخی سیاسی کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، دەستورێکی تری کۆنگرە بوو کە لەلایەن هاوڕێ محسین کەریمەوە پيشکەش کرا، کە تیایدا چووە سەر باسی تایبەتمەندییەکانی دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و چۆنیەتی رابەریکردن و ئاسۆدارکردنی ئەم بزووتنەوەیە، بە ئاقاری پێشڕەوی و سەرکەوتنیدا.

بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب، بریارنامەیەک بوو کە لەلایەن هاوڕێ مەهدی رەسوڵەوە ناسێندرا، هاوڕێ مەهدی ڕەسوڵ لە وتەکەیدا باسی لە ڕۆڵ و ئەرکی حزب لە بزووتنەوەی کرێکاری و ئەو هەنگاوانە کرد کە حزب لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری ئاوێزان دەکات.

دەعوانامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دژی دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی بۆرژاو- ناسیونالیستی کورد، دەستورێکی تری باسەکانی کۆنگرەی پێنجەمی حزب بوو، کە لەلایەن هاوڕێ عەبدوڵا مەحمودەوە پێشکەش کرا، هاوڕێ عەبدوڵا مەحمود لە قسەکانیدا باسی لە وێستگە و بڕگە سەرەکیەکانی کارنامەی ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئەو تاوانکاریانە کرد، کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان ئەنجامی داوە و لێرەشەوە پێویستی ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەی کردە ئەرکێکی دەستبەجێی ئازادیخوازان جەماوەری مەحروم.

کۆنگرەی سەراسەری نوێنەرانی شوراکانی خەڵک، بەدیلی دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستایە دەستورێکی تری کۆنگرە بوو کە لەلایەن هاوڕێ عەبدولا مەحمودەوە پێشکەش کرا و تیایدا کۆنگرەی سەراسەری شوراکانی وەکو ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی میلیشیایی دوای ڕاماڵینی دەسەڵاتی ئێستا و ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆی خستەڕوو.

بە دوای ئەو باس و بڕیارنامانەدا، کۆنگرە چووە سەر کۆمەڵێک بڕیار کە لەلایەن نوێنەران و کادرانی حزبەوە بە ئاڕاستەی باشکردنی لایەنەکانی کار و هەڵسوڕانی حزب پێشنیارکرابوو، لە ئەنجامدا کۆنگرە بەشێک لەو بڕیارانەی پەسەندکرد و بەهۆی کەمی کاتەوە بەشێکی تری سپارد بە کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، لەنزیکترین کاتدا، بڕیاریان لەسەر بدا و بەناوی کۆنگرەوە بڵاویان بکاتەوە. هەروەها لەنێو بڕیارەکاندا کۆنگرە دانی چەند پەیامێکی پەسەندکرد. لەوانە: پەیام بە چینی کرێکار، پەیام بە گیراوەکانی بادینان، پەیام بە خوێندکاران و …. . هتد.

دوا دەستوری کۆبونەوەکانی کۆنگرەی پێنجەم تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی کە هاوڕێیان (عوسمانی حاجی مارف، دەشتی جەمال، ئالان مارف، خەسرەو سایە، ڕێبوار عارف، نەغەدە عوسمان، ڕێبوار ئەحمەد، محسین کەریم، عەبدوڵا مەحمود، بنار مستەفا، جەمال موحسین، سەوسەن سەلیم، فوئاد سادق، ئازاد مەجید، مەهدی رەسوڵ، کامەران لەتیف، مستەفا باهیر، مەحمود حەلاق و ئەحمەد عەلی) وەک ئەندامانی ئەسڵی کۆمیتە ناوەندی و هەروەها هاوڕێیان “شاباز مەحمود و دانا ڕەفیق”ی وەکو ئەندامانی ئیحتیاتی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد.

بەم جۆرە دوای دوو ڕۆژ لە قسەباس و بەشداری نوێنەران و میوانان، کۆنگرە بە وتاری کۆتایی عوسمانی حاجی مارف و بە سرودی ئەنتەرناسیونال کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

دوا بە دوای کۆنگرە، کۆمیتەی ناوەندی پلنیۆمی ٢٤ی بەست و لەبەر ڕۆشنایی پەسەندکردنی ئارایشی تازەی رابەری، هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفی وەکو سکرتێری کۆمیتە ناوەندی هەڵبژارد و هەر یەک لە هاوڕێیان ” ئالان مارف، ڕێبوار ئەحمەد، دەشتی جەمال، خەسرەو سایە، مەهدی رەسوڵ، فوئاد سادق، جەمال موحسین، عەبدوڵا مەحمود، ئازاد مەجید” وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و هاوڕێ خەسرەو سایەشی بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.

هەروەها لە بڕگەیەکی تری کارەکانی پلنیۆمی ٢٤ی حزبدا، بڕیاری ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی پەسەندکرد و هەریەک لە هاوڕێیان ” جەلال سەعید، مونیر جەبار، محەمەد عەبدوڵا، شاهۆ علی و ئاراس ڕەشید”ی وەکو ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد. پاشان پلنۆمی ٢٤ ی کۆمیتەی ناوەندی بەپێی بڕیارێکی پەسەندکراو کاتی بەستنی پلینیۆمی ئایندە و کۆنگرەی شەشەمی حزبی دیاری کرد.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٠ دیسەمبەری ٢٠٢

 

تێبینی لەسەر ئەم بابەتە لەخوارەوە بنووسە