بۆ مه‌رگی سه‌لمان كوڤلی ... هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د

ئه‌مه‌ یه‌قینێك نیه‌، مه‌رگت بمداتی. . ،
ره‌نگه‌ گومانێك بێت. . تاووسیانه‌. . له‌ ئایه‌ته‌كان
هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگت بۆ من. . خه‌مێكی سپی بێت. . ،
ره‌نگه‌ بۆ تۆ. . باخچه‌یه‌ك بێت پڕ له‌ گومان. .
رێگایه‌ك بێت پڕ له‌ پرس و ده‌رگه‌یه‌ك بێت به‌سه‌ر
به‌رسڤه‌كاندا بكرێته‌وه‌. . ،
ره‌نگه‌. . مه‌رگت. . بۆ من بزربوونی شاعیرێك بێت. . ،
ره‌نگه‌ بۆ خۆت گه‌ڕانێك بێت سه‌ری سپیت تیایدا ره‌ش
بێته‌وه‌. . ،
ره‌نگه‌ بۆ خۆت. . سه‌یرانێك بێت. . ، تژی سترانی نوی و
پۆلی وشه‌ی باڵدار بێت،

كی ئه‌ڵی مه‌رگت. . ژیان نیه‌ به‌ مانایه‌ك له‌ ماناكانی
حه‌قیقه‌ت. . ،
كی ئه‌ڵی مه‌رگت. . نێرگزێك نیه‌ به‌ وێنه‌یه‌ك له‌
وێنه‌كانی باخچه‌. . ،
كی ئه‌ڵی مه‌رگت شه‌پۆڵێك نیه‌. . به‌ شێوه‌یه‌ك له‌
شێوه‌كانی باران. . ،

ره‌نگه‌ ئێستا. . تۆ. . وه‌كو باران جوان بیت. . ،
وه‌كو هه‌تاو بدره‌وشێیته‌وه‌. . ،
وه‌كو كتێب پڕ بیت له‌ ئایه‌تی ره‌نگاوره‌نگ و
ره‌نگیشه‌. . نا. . ته‌نیا. . وه‌كو جاران ته‌نها بیت. . ،

مه‌رگت لای من. . ئه‌بێته‌ هه‌وێنی شیعرێك و. . ،
ره‌نگه‌ بۆ تۆش. . نووسینێك بێت له‌ باوه‌شی. . ژنێكی
ره‌شپۆشی ئه‌نفالدا. . ،
مه‌رگت لای من. . ده‌بێته‌ هه‌ورێكی ئاوس و. .
ره‌نگه‌ بۆ تۆش. . سه‌ردانێك بێت له‌ گه‌ل منداڵێكی
به‌هاری هه‌ڵه‌بجه‌دا. . ،
مه‌رگت بۆ من. . ئه‌شێت ببێته‌ ره‌زێكی تژی ره‌نگ و رووبار
ره‌نگه‌ بۆ تۆش. . ، بیابانی مه‌رگی كاژه‌كانی (سپیرێز) (1)
و وه‌نه‌وشه‌كانی (رۆستینكی) (2)

من ناتوانم. . نه‌ تۆ بخه‌مه‌ ناو شیعرێكه‌وه‌ و. . ،
نه‌ مه‌رگیشت له‌ كتێبێكدا بنووسمه‌وه‌. . ،

من ئه‌متوانی. . ، له‌ پرچی سپیتدا. . ژیانێكی سپی
ببینم. . ،
لی له‌مه‌رگی تۆ. . هه‌نده‌ ره‌نگی. . ئاڵوواڵاو پرشنگدار
ئه‌بینم. . ،
كه‌ زه‌حمه‌ته‌. . ، بتوانم. . ، ئه‌مجاره‌یان. . له‌ نیگای تۆ و
. . ، له‌ چاوانت و له‌ په‌نچه‌كانت،
مانای شیعرێكی دی تێبگه‌م و بخوێنمه‌وه‌. . ،
كه‌ زه‌حمه‌ته‌ جارێكی دی. . ، له‌و مه‌رگه‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر
ته‌عریفه‌كانی مردن. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگت. . ، ده‌رسێك بێت له‌ هه‌ره‌سی دونیا. .
ره‌نگه‌. . به‌ربوونه‌وه‌ی عومرێك بێت بۆ بێنازیی. . ،
من ئه‌مگووت (مردن له‌ ته‌واو بوونی گۆرانییه‌كی خۆش
ئه‌چێت. . ،)
لی ره‌نگه‌. . مردن هیچ سترانێك نه‌زانێت. . ،
من ئه‌مگووت مردن هه‌نده‌ گه‌وره‌ نیه‌ لێی بترسیت. . ،
لی ره‌نكه‌. . مردن لێنه‌گه‌ڕێت هیچ بارانێك نه‌چێته‌وه‌
ماڵی خۆی. . ،

من مردنم نه‌ناسی. . ،
من مردن ناناسم. . ،
من ته‌نیا ئێستا له‌ پرچی سپی تۆوه‌ له‌ مه‌رگه‌وه‌
ئه‌ڕوانم. . ،

من نزانم ئه‌م زه‌مه‌نه‌ خۆش بوو بۆ مردن. . ؟
یان زه‌مه‌نێك بوو. . له‌ مردن. . ؟
یان زه‌مه‌نێك بوو بۆ ژیان. . ؟

ئه‌مه‌ چ پرسیارێكی بێهوده‌ییه‌ و. . ، چ هه‌وڵێكی بی
مفا. .
كه‌ من ئه‌موی له‌ مه‌رگی تۆوه‌ مه‌جرای دونیا بخوێنمه‌وه‌. . ؟
له‌ شێتیی ئه‌م گه‌ردوونه‌ تێبگه‌م و له‌ حاڵی مرۆڤ حاڵی
ببم. . ؟

من ره‌نگه‌ له‌ مه‌رگی تۆوه‌. . تێبگه‌م. . چ ده‌سكورتم. . چ
نابووتم. . ،
نه‌فه‌لسه‌فه‌یه‌ك. . نه‌خوایه‌ك. . نه‌ دینێك ناتوانێت خه‌لاسم
كات. . ،
مه‌رگت ره‌سمی دونیایێكم بۆ ئه‌كات پڕه‌ له‌ نهێنی. .
پڕه‌ له‌ تێنه‌گه‌یشتن و. . گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جاویدانی. . ،

من نازانم. . بۆ به‌مه‌رگ دڵته‌نگ بین. . ، كه‌ جاویدانی شتێك
نه‌بێت له‌ جوانی. . ؟!
من نازانم. . بۆ به‌فه‌نابوون وێران بین. . ، كه‌ ژیان شتێك
نه‌بێت له‌ حه‌قیقه‌ت؟
من تێناگه‌م. . ، كه‌ فه‌حوای وجود له‌ له‌حزه‌یه‌كدا ببی به‌
. . با. . و كه‌متر له‌. . با. .
بۆ له‌ خه‌مدا ون بین. . . ؟
ره‌نگه‌ مه‌رگ له‌ وێنه‌یه‌ك له‌ وێنه‌كانیدا. . ره‌سمی
ده‌ربازبوونمان بێت له‌ شێتی. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگ له‌ ئاوێنه‌یه‌ك له‌ ئاوێنه‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئازادیمان بێت له‌ دونیا. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگ له‌ په‌ڕێك له‌ په‌ڕه‌كانیدا. . ئاوریشمی
نه‌جاتبوونمان بێت له‌ هه‌ره‌سه‌كانی هه‌بوون. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگ. . له‌ كتێبێك له‌ كتێبه‌كانیدا ته‌واوبوونمان
بێت له‌ یه‌زدان. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگ. . له‌ سوچێكیش له‌ سووچه‌كانیدا. . فه‌نابوونمان
بێت. . ، له‌ خۆماندا. . ،

كی دڵنیایه‌. . ، كه‌ مه‌رگ میهره‌بانتر نیه‌. . ، له‌ دروشمی
شۆڕش. . ؟
كی ئه‌زانی. . ، مه‌رگ جوانتر نیه‌. . له‌ گه‌شانه‌وه‌ی چاوی
شیعر. . ؟
كی ئه‌توانێت مسۆگه‌ر بێت. . ، كه‌ مه‌رگ ئازیزتر نه‌بێت له‌
گه‌مه‌كانی ئازادی. . ؟

هه‌موو شته‌كان. . ،وه‌ك با. . له‌م شعره‌دا. . دێن و ئه‌چن. . ،
بایه‌ك. . ، كه‌ نه‌ هه‌ژانه‌وه‌ی من رائه‌گرن و. . ، نه‌ شته‌كانی
دیكه‌ش ئه‌هه‌ژێننه‌وه‌،
له‌وه‌ ئه‌چێت، نووسینیش جۆرێك بێت له‌ مردن. . ،
له‌وه‌ ئه‌چێت، خه‌مخواردنیش جۆرێك بێت له‌ مردن. . ،
له‌وه‌ ئه‌چێت، مه‌رگیش جۆرێك بێت له‌ مردن. . ،
له‌وه‌ ئه‌چێت، مردن هه‌موو شتێكی پێچابێته‌وه‌ و ئێمه‌
ئاگامان لێنه‌بێت. .
له‌وه‌ ئه‌چێت، ئێمه‌ هه‌موومان مردبین و پێمان
نه‌زانیبێت. . ،
ئه‌و ژیانه‌ش. . ، بێهوده‌. . هه‌موو ساتێك مردنه‌كانی خۆی
ئه‌كاته‌. . شعر و. . شۆرش و. . زنجیرو. . ئازادی و
ته‌نهایی. . ،
ئیدی ره‌نگه‌ ژیان. . مردن بێت و. . مردنیش خۆی ژیان
بێت. . ،
ره‌نگه‌ مردن ته‌نها كتێبێك بێت. . هه‌موو كتێبه‌كان
بپێچێته‌وه‌. . ،
ره‌نگه‌ مردن ته‌نها زه‌مه‌نێك بێت. . هه‌موو وه‌رزه‌كان له‌و
زابن. . ،
ره‌نگه‌ مردن ته‌نها دینێك بێت. . هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان له‌و
هاتبن. .
ره‌نگه‌ مردن ته‌نها هونه‌رێك بێت. . هه‌موو شاكاره‌كان له‌و
رژا بن. .
ره‌نگه‌ دواجار. . هه‌ر مردنیشه‌. . هه‌موو مه‌رگه‌كانی
نه‌خشاندوون. . ،
هه‌ر مردنه‌. . فێرمان ئه‌كات. . بۆ مه‌رگه‌كان بگرین و. .
مردوه‌كانیش بلاوێنینه‌وه‌. .
هه‌ر مردنه‌ فێرمان ئه‌كات. . نه‌فره‌تی لێبكه‌ین ئه‌ویش
پێمان پێبكه‌نی. . ،

من ئه‌ی كوڤلی. . ، له‌ كوێوه‌ ته‌ماشای مه‌رگ و مردن كه‌م. .
ره‌نگه‌ له‌ رۆژانی (تاخی كۆچه‌را) (3) تۆ گۆرانیت بۆ ژیان
ئه‌گووت و
ئێستاش له‌ باوه‌شی مه‌رگدا هه‌ر گۆرانی بۆ بڵێیت. . ،
ره‌نگه‌ له‌و (كێچخانه‌ی) (4) بۆت ئه‌نووسی. . ئێستاش. .
له‌وێدا هه‌ر بنووسیت. . ،
من ته‌واو. . نازانم. . مردن چی بوو. . ؟ و مردن چیه‌. . و
ئه‌بێته‌ چی. . ؟
ره‌نگه‌ مه‌رگ. . تا سه‌ر شتێك نه‌بێت. . ،
ره‌نگه‌ ساتێك. . شه‌هید بوون بێت و ساتێكی كه‌ش كوشتن. . ،
ره‌نگه‌ ساتێك. . رووخان بێت و ساتێكی كه‌ش هه‌ڵسانه‌وه‌. .
ره‌نگه‌ ساتێك شۆڕش بێت و ساتێكی كه‌ش خۆبه‌ده‌ستدان. . ،
ره‌نگه‌ مه‌رگ هه‌موو شته‌كان بێت. . ، هیچیش نه‌بێت. . ،
ته‌نهاو. . ته‌نها ته‌نیایی بێت. . ،
من نازانم. . ، ئیدی بۆ له‌ خه‌می مه‌رگی تۆدا. . وا
دڵته‌نگم. . ؟
كی ئه‌زانێت ئێستاكه‌ تۆ به‌خته‌وه‌رنیت. . ؟
كی ئه‌زانێت ئێستاكه‌ تۆ ئازاد نیت و له‌ جارانیش
شاعیرتر نیت. . ؟
ئه‌ی من ناڵێم ره‌نگه‌ پرچه‌ سپییه‌كه‌ت له‌ناو گۆڕدا ره‌ش
بێته‌وه‌؟
كی ئه‌زانێت. . رۆحی یاخیت ئێستا چ كراسی ئه‌كاته‌
به‌رو. . تا چه‌ند هه‌ڵئه‌فڕێت. . ؟
كی ئه‌زانێت. . چاوی ماندووت تا چه‌ند خۆی دائه‌خات و چه‌ند
به‌ قوڵی له‌ خۆی ئه‌ڕوانێت؟
ره‌نگه‌ ئێستا. . جوانتر خۆت ببینیت. . ، جوانتر له‌
جاران. . ،
ره‌نگه‌ ئێستا. . خۆشه‌ویستتر خۆت بناسیت. . ، خۆشه‌ویستتر له‌
جاران. . ،
ره‌نگه‌ ئێستا. . له‌ باوه‌شی ئه‌و مه‌رگه‌دا. . خه‌ریك بیت
بڵێیت (وه‌رنه‌ مرنی) (5)
چونكه‌ مردن. . میهره‌بانتره‌ له‌ ڤین. . .
 
ئای كه‌ گێلم. . من كه‌ باسی مردن ئه‌كه‌م و. . هێشتا
نه‌مردووم. .
كی ئه‌زانێت. . ته‌عریفی مردن كات. . ، جگه‌ له‌ مردوو. .
ئێستا تۆ بۆت هه‌یه‌. . ته‌عریفی مردن كه‌یت. . ،
بۆت هه‌یه‌. . بڵێیت باسی زیندوان بۆ مردن. . باسێكه‌ بی
مانا. .
بۆت هه‌یه‌ بڵێیت. . مردن ترسێكه‌. . ئازادیمان ئه‌كاته‌
وه‌هم. .
مردن فتنه‌یه‌كه‌. . حه‌قیقه‌تمان ئه‌كاته‌ سه‌راب. .
مه‌رگ هه‌میشه‌ سحرێكه‌ به‌تاڵ نابێت. . ،
مه‌رگ هه‌میشه‌ گزنگێكه‌. . ناگیرێت. .
وه‌رزێكه‌ پێی ناگه‌ین بۆ ناسین. . ،
تۆش كه‌ مردوویت. . پێمان پێئه‌كه‌نی و. . ئێمه‌ش سه‌رسام
له‌به‌رده‌م مه‌رگدا ئه‌گرین. .

من نازانم بۆ ئه‌بێت مردن. . ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت بێت. . كه‌
حه‌تمی بێت. . ؟
من نازانم بۆ ئه‌بێت مردن. . كۆتایی بێت. . ، كه‌ هه‌موو
شته‌كان به‌رده‌وام بن. . ؟
تۆ مردیت و منیش هه‌ر خه‌ریكم ده‌ست له‌ ململانێی تریفه‌ بم
 (ره‌مه‌زان عیسا) (6) هه‌موو ئێواره‌یه‌ك بیره‌یه‌ك
ئه‌خواته‌وه‌و له‌گه‌ل (سه‌لامدا) (7) تاوڵه‌یه‌ك ئه‌كات. . ،
 (په‌یڤێكی) (8) دیكه‌ی كرچ و كاڵ ده‌رئه‌چێت و. .
ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان. . چه‌ند فرمێسكه‌ وشه‌یه‌كت بۆ
بڕێژن. . ،
بێكاره‌كانی فكریش. . به‌ نووسینه‌كانیان خه‌و ئه‌كه‌نه‌
كوچه‌كانی دهۆك
شه‌وانی نووسه‌رانیش به‌رده‌وام هزری تیا ئه‌خه‌وێت و
دووشه‌شه‌كانیش به‌رده‌وام ئه‌مرن. .

تۆ مردیت و دوو وێنه‌ت له‌ خه‌یاڵی مندا جێهێشت
یه‌كیان وێنه‌ی پیاوێكی خۆشه‌ویست و
دووه‌میشیان پۆرترێتێك (ستار عه‌لی) (9) بۆی
كێشاویت. . ،

ئیدی ئێستا تۆ له‌ سه‌فه‌رێكی بی گه‌ڕانه‌وه‌یت. . ، وه‌ك
سه‌فه‌ری گومانه‌كان. . ،
كه‌ له‌ وێستگه‌ی وه‌ڵاممه‌كان نایه‌نه‌ خوارو به‌رده‌وام
ئه‌ڕۆن. . ،
ئیدی مه‌سافه‌كانی تۆ و گومان هه‌میشه‌ درێژ ئه‌بنه‌وه‌. . ،
درێژتر له‌ پرسیاری شعرو فه‌لسه‌فه‌. . ،

تۆش ئه‌بیته‌ گومان و. . هه‌نده‌یتر له‌ مه‌رگمان نامۆ
ئه‌كه‌یت. .
هه‌نده‌یتر. . له‌به‌رامبه‌ر مه‌رگدا سه‌رسام و شه‌یدامان
ئه‌كه‌یت. . ،
ره‌نگه‌ ئێمه‌ش ئه‌و دینسزه‌ین. . ، كه‌ ئیمانسزێكمان
ئه‌وێت. . ، پێمان بڵێت. . ،
تۆ ئه‌ی مرۆڤ. . ، تۆ چه‌ند غه‌ریبیت. . ، تۆ چه‌ند دووریت له‌
زه‌مه‌ن. . ،
تۆ چه‌ند گێلیت. . ، تۆ چه‌ند نامۆیت به‌ جێگاكان. . ،
تۆ چه‌ند وه‌حشیت له‌و بیابانی بێده‌نگییه‌دا. . ،
تۆ چه‌ند نه‌زانیت له‌و دارستانه‌ی سه‌مایه‌دا. . ،
تۆ مه‌حكومیت به‌ مردن. . ، تۆ مه‌حكومیت به‌ فه‌نابوون. . ،
به‌ سه‌فه‌رێك كه‌ نیشانت ئه‌دات. .
تۆ چه‌ند بفڕیت. . ، هه‌ر مه‌حكومی به‌ نیشتنه‌وه‌. . ،
چه‌ندی بڕۆیت. . ، هه‌ر مه‌حكومی به‌ گیرسانه‌وه‌. . ،
چه‌ندی ئازاد بیت، هه‌ر مه‌حكومی به‌ گرتنه‌وه‌. . ،
چه‌ندی عاشق بیت. . ، هه‌ر مه‌حكومی به‌ جیابوونه‌وه‌. . ،
ئه‌م سه‌فه‌ره‌ پێت ئه‌ڵێت. . ئه‌ی گچكه‌ خۆت
ئه‌ی مه‌حكوم. . بۆ ئه‌به‌د. . مه‌حكوم تا سه‌ر. . به‌
عه‌ده‌م. . . . . .


دیسیمبه‌ری 2003