دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند به‌هادین نوری عه‌بدوڵڵا ... سازدانی هه‌ڵکه‌وت زاهیر

 

هونه‌رمه‌ند به‌هادین یه‌کێکه‌ له‌ئه‌کته‌ره‌ سه‌رکه‌وتو و ده‌رکه‌وتووه‌کانی سه‌ر شانۆی کوردی و بزێوانه‌و زیره‌کانه‌ وه‌ک ئه‌کته‌رێکی لێهاتوو توانویه‌تی له‌ڕووی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ دڵ و نیگای بینه‌ری کورد روخۆشکات، هه‌ر به‌کارئه‌کته‌ری ناوبه‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌کان تا ئێستا جێی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵکدا و ته‌مه‌نی خۆی به‌کۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می هونه‌ری پرشنگدار کردووه‌، چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌، پرسیارمان ده‌رباره‌ی هه‌واڵی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ لێکراوه‌، ئێمه‌ش به‌ هه‌لمان زانی له‌ سلێمانی سه‌ردانی بکه‌ین و وتوووێژێکی هونه‌ری له‌گه‌ڵ سازده‌ین بۆ په‌یامی کورد:

 

هه‌ڵکه‌وت: ده‌توانین کورته‌یه‌ک ده‌رابره‌ی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ژیانی هونه‌ریت بزانین؟

وه‌ڵام: من له‌ ساڵی (1972) ‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانه‌وه‌ ده‌ستم به‌ کاری هونه‌ری کردووه‌، پاشان له‌ به‌رنامه‌ی که‌شکۆڵ و دواجار له‌ تیپی هونه‌ری ره‌نگاڵه‌ و به‌رنامه‌ی هه‌مه‌ره‌نگ و هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامم له‌ کاری هونه‌ری، نزیکه‌ی 35 کاری شانۆییم هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆن له‌ ژماردن نایه‌ن.

 

هه‌ڵکه‌وت: چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئه‌مڕۆی هونه‌ری کوردی به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستان‌دا؟

وه‌ڵام: هونه‌ری کوردی له‌ کوردستاندا به‌ گشتی به‌ رێگایه‌کی زۆر ناهه‌مواردا ده‌ڕوات به‌تایبه‌تی هونه‌ری نواندن، ئه‌مڕۆ هونه‌ری نواندن هیچ جۆره کارێکی‌ ئه‌کادیمی یان هونه‌ری پێوه‌ دیار نییه‌ و زۆر لاوازه‌ و هیچ ئایدیۆلۆجیایه‌کی زانستی له‌ پاڵدا نییه‌.

 

هه‌ڵکه‌وت: چۆن شانۆی کوردی پێناسه‌ ده‌که‌یت؟

وه‌ڵام: به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆی شانۆی کوردی زۆر به‌ سستی ده‌بینم، شانۆ یه‌کێکه‌ له‌و کارانه‌ی که‌ ده‌توانین ئاستی رۆشنبیری میلله‌ته‌که‌مان به‌ هه‌موو جیهان پیشان بده‌ین، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ کوردستان ئه‌م شێوازه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، ئه‌گه‌ر بوار هه‌بێت و زه‌مینه‌مان بۆ خۆش بکرێت بێ جیاوازی هه‌وڵ بدرێت کاری هونه‌ری باش هه‌ڵبژێردرێت بۆ ناردنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات تا بتوانین هونه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆمان نیشانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بده‌ین تا زیاتر میلله‌ته‌که‌مان له‌ رێی شانۆوه‌ بناسێنین.

 

هه‌ڵکه‌وت: په‌یامتان چی‌یه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتی؟

وه‌ڵام: یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندان چ له‌ ناوه‌وه‌ی کوردستان چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان.

 

هه‌ڵکه‌وت: به‌ گشتی چ که‌موکورتییه‌ک ده‌بینی؟

وه‌ڵام: که‌موکورتی زۆر هه‌ن که‌ به‌رانبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌کرێت، بۆ نموونه‌ ئێستا له‌ کوردستاندا رێزلێنان له‌ ئارادایه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان که‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان کۆده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و هۆیه‌وه‌ رێزلێنان شموولی بکات ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ رێزلێنانه‌ وابزانم پێویستی به‌ فۆرم نه‌ده‌کرد.

 

هه‌ڵکه‌وت: تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌زگاکانی راگه‌یاندن له‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌نداندان؟

وه‌ڵام: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان یه‌ک هه‌ڵویست و یه‌ک بۆچوونیان نییه‌ تا بتوانن به‌ربه‌ره‌کانی بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌ بێ توانایانه‌دا، ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندان خۆیان و له‌ هه‌ندێ که‌ناڵدا قۆنته‌راتچی ده‌وری سه‌ره‌کی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ندێ له‌ هونه‌رمه‌ندان خۆیان پاراستووه‌ له‌ مه‌رجه‌کانی که‌ناڵه‌کان که‌ که‌سانێکی نه‌شاره‌زا په‌یره‌و و پرۆگرامی بۆ داده‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ که‌وچک به‌ده‌ست هه‌موو کات له‌پێشتره‌ نه‌ک که‌سانی شاره‌زا و به‌توانا و خاوه‌ن ئه‌زموون.

 

هه‌ڵکه‌وت: به‌ گشتی چۆن ده‌ڕوانیته‌ دراما ته‌له‌فزیۆنیه‌‌کان؟

وه‌ڵام: کام درامای ته‌له‌فزیۆنی، ئایا ئه‌و درامایانه‌ به‌ خه‌ڵکیان گوت چی؟

 

هه‌ڵکه‌وت: داوات چیه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێم بۆهونه‌رمه‌ندان؟

وه‌ڵام: هیوادارم هونه‌ری کوردی به‌تایبه‌ت هونه‌ری شانۆ به‌ره‌وپێش بڕوات و حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی داوێتی به‌ هونه‌رمه‌ندان هه‌ر هه‌مووی جێبه‌جێبکرێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ ئازادانه‌ کاره‌ هونه‌رییه‌کانمان نمایشت بکه‌ین.

 

هه‌ڵکه‌وت: چ جیاوازییه‌ک ده‌بینی به‌ گشتی؟

وه‌ڵام: جیاوازییه‌کان زۆرن به‌ پێی تواناو هه‌ڵسه‌نگاندنی کاری هونه‌ری نییه‌. بۆ نموونه‌ چه‌ند سه‌فه‌ر درووست ئه‌بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ته‌نها چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک ئه‌نێرن که‌ ئه‌مه‌ش راست نییه‌، هیوادارم هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ویژدانی دابنرێت بۆ ناردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان بۆ تێکه‌ڵکردنی کولتوور و هونه‌ری کوردی و ناساندنی به‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ لیژنه‌ی هونه‌ری دابنرێ بێ جیاوازی هونه‌رمه‌ندان هه‌ڵبژێردرێت، چه‌ندین جار له‌ تاراوگه‌ به‌ ته‌له‌فۆن ئاگادار ئه‌کرێن بۆ ڤیستیڤاڵه‌کان به‌ڵام چه‌ند که‌سێکی دیاریکراون!.

 

هه‌ڵکه‌وت: دوا وته‌ت چییه‌؟

وه‌ڵام: هیوادارم سه‌رکه‌وتووبن بۆ خزمه‌تی کورد و به‌ هیوام گرنگییه‌کی باش بده‌ن به‌ چالاکی هونه‌رمه‌ندان و کاره‌کانیان بۆ بڵاوبکه‌نه‌وه‌ به ‌بێجیاوازی له‌ کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و زۆر سوپاسی ئه‌م دیداره‌تان ئه‌که‌م، ئێمه‌تان به‌سه‌ر کرده‌وه‌ له‌ کوردستان.