ده‌ستورو ته‌كفیر ... ئارام جه‌مال

 

كۆی ژماره‌ی موسوڵمانان له‌جیهاندا نزیكه‌ی 1. 3 ملیاره‌ و به‌سه‌ر 44 ده‌وڵه‌تدا دابه‌شبوون كه‌زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی موسوڵمانن و شوناسی ده‌وڵه‌ته‌كانیان له‌ده‌ستوردا به‌مجۆره‌یه‌:

 

-          (10) ده‌وڵه‌تیان له‌ده‌ستوردا ناوی ئیسلامی له‌خۆی ناوه‌.

-          (12) ده‌وڵه‌تیان له‌ده‌ستوردا ئیسلام ئایینی ره‌سمی ده‌وڵه‌ته‌.

-          (11) ده‌وڵه‌تیان خۆی به‌عه‌لمانی ناساندووه‌.

-          (11) ده‌وڵه‌تیان هیچ شوناسێكی عه‌لمانی و ئیسلامی هه‌ڵنه‌گرتووه‌ و ئیسلامیشی به‌ئایینی ره‌سمی ده‌وڵه‌ت نه‌ناساندووه‌. له‌وانه‌ش ئه‌نده‌نوسیا كه‌250 ملیۆن موسوڵمانی تێدا ده‌ژی ئیسلام نه‌ئایینی ده‌وڵه‌ته‌و نه‌سه‌رچاوه‌یه‌كیشه‌ بۆ یاسادانان. جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ئاستی هه‌موو جیهاندا سه‌یربكه‌ین ده‌بینین 140 ده‌وڵه‌ت هه‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئایینیان نه‌كردۆته‌ شوناسی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان*.

 

ئه‌م ئامارانه‌م بۆ ئه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ره‌نگه‌ له‌ده‌ستوری هه‌ندێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ناوی ئیسلامیان له‌خۆیان ناوه‌ وه‌ك به‌ره‌نجامێكی گشتی و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ نازی ته‌كفیری هێناوه‌و به‌به‌ندێكی تایبه‌تی تاكه‌كانی ته‌كفیر نه‌كردووه‌، كه‌چی له‌به‌ندی حه‌وته‌می ره‌شنوسی ده‌ستوری كۆماری عێراقدا به‌راشكاویی و له‌پاڵ دژایه‌تیكردنی ئیرهابدا ناوی ته‌كفیری هێناوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ بن كه‌ئه‌م ده‌ستوره‌و هێزه‌ ئایدیۆلۆژیسته‌ ئیسلامییه‌كانی پشت ئه‌م چه‌مكه‌ خه‌ته‌ره‌ ته‌كفیری ده‌كه‌ن، كه‌ئه‌مه‌ به‌هیچ كلۆجێك له‌گه‌لڕ بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ناگونجإ. بڕواننه‌ مادده‌ی حه‌وتی ده‌روازه‌ی یه‌كه‌می ده‌ستور:

"يحظر كل كيان او نهج يتبنى العنصرية او الارهاب او التكفير او التطهير الطائفي او يحرض او يمهد او يمجد او يروج او يبرر له، وبخاصة البعث الصدامي في العراق ورموزه وتحت اي مسمى كان، ولايجوز ان يكون ذلك ضمن التعددية السياسية في العراق، وينظم ذلك بقانون".

پێش هه‌ر شتێك ئه‌م به‌نده‌ به‌هانه‌یه‌كی باش ده‌داته‌ ده‌ست هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا راستبنه‌وه‌و خۆیان به‌موتڵه‌ق بزانن و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو قه‌یرانه‌كان بگێڕنه‌وه‌ بۆ بوونی نه‌یارانی زه‌ندیق و كافرو لیبرال و له‌وێشه‌وه‌ هه‌موو ده‌نگێكی دیموكراتخوازو ئازادیخواز خه‌فه‌ بكه‌ن و به‌ده‌ردی قوربانیانی قه‌رامیته‌و موعته‌زیله‌و بابه‌كییه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌باسیان به‌رن و به‌پاڵپشتی یاساو ده‌ستور له‌ملیان بده‌ن و ده‌مكوتیان بكه‌ن.

من پێموایه‌ بوونی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ له‌ده‌ستوری عێراقی نوێدا جگه‌ له‌بچوككردنه‌وه‌ی مرۆڤ و سه‌ندنه‌وه‌ی ئیراده‌ له‌كه‌سایه‌تی رۆشنبیر شتێكی تر نییه‌و به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا قه‌به‌كردنی رووبه‌ری غه‌یبانیه‌ت و عه‌قڵیه‌تی سه‌له‌فیه‌ته‌ له‌ناو په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوسراوی وه‌ك ده‌ستوردا، وه‌ك بڵێی سه‌رله‌به‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ته‌نها له‌كه‌سانی باوه‌ڕدارو ئیسلام و دیندار پێكهاتووه‌و ئیدی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ هیچ جۆره‌ كه‌سانێكی تر نین له‌ده‌ره‌وه‌ی كلتوری میتافیزیكیاوه‌ بیربكاته‌وه‌ كه‌مرۆڤ به‌سه‌نته‌ری گه‌ردوون بزانن. .

چاكتر وابوو لانیكه‌م وشه‌ی ته‌كفیر له‌ده‌ستوردا نه‌نوسرایه‌، ئه‌گه‌رچی نوسین و نه‌نوسینی ئه‌م زاراوه‌یه‌ هیچ له‌و راستییه‌ ناگۆڕێت كه‌ له‌ناو هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا (به‌كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ئێمه‌شه‌وه‌) مه‌یلێكی مولحید هه‌یه‌و خاوه‌نی جیهانبینی و خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌تی بۆ ژیان و مه‌رگ و سروشت و كۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤ و یه‌زدان، كه‌پێموایه‌ ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ ئه‌م مه‌یله‌ نه‌توانێت به‌ئاشكرا شوناسی خۆی ده‌ربخات ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ ده‌كاته‌ موسوڵمانی به‌موالید نه‌ك ئه‌وه‌ی لێگه‌ڕێن ته‌مه‌نی مرۆڤه‌كان بگاته‌ قۆناغی كامڵی خۆیان پاشان بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان چ ئایین و جیهانبینییه‌ك هه‌ڵده‌بژێرن. . . به‌ڵام ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، خۆ ئێمه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ناژین و خه‌ریكی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن نین تا شتی له‌وجۆره‌ له‌ده‌ستورماندا نوسرابێت!

* ئه‌و ئامارانه‌م له‌راپۆرتی "لیژنه‌ی ئه‌مریكایی بۆ ئازادی ئایینه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانـ"ـه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ به‌ناوی "په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و ده‌وڵه‌ت"ه‌وه‌، له‌ئازاری ساڵی 2005دا ده‌رچووه‌.

ئارام جه‌مال

سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌نگاو