به‌یاننامه‌: بۆ جه‌ماوه‌ری گه‌رمیان

 

سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ئه‌مرِۆ7/9/2005، له‌ باره‌گای حیزبی شیوعی كوردستان وبه‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسی یه‌كه‌می حیزبه‌كان، شاندێكی فراوان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان گرێدا كه‌ تایه‌بت بوو به‌ خۆپیشاندانه‌كی ئه‌مرِۆ و ده‌رئه‌نجامه‌كانی. له‌سه‌ره‌تادا، ئاماده‌بووان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ گرتنه‌به‌ری شێوازی خۆپیشاندان بۆ خستنه‌رووی كێشه‌كان و داوای چاره‌سه‌ری گونجاو بۆیان، شێوازێكی مه‌ده‌نی و هاوچه‌رخه‌ و نابێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پشتی لێ بكرێ و رێگای لێ بگیرێ به‌ تایبه‌ت خۆپیشاندنی ئه‌مرِۆ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كێشه‌ی (كاره‌با، ئاو و سوته‌مه‌نی) له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێ گه‌نجه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌میشه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردن و به‌ده‌ستهێنانیان بكرێ و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ و شاره‌ی ئێمه‌ش، خزمه‌تگوزاری زیاتر و فراوانتر له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ بۆی بكرێ، به‌لإم ئه‌وه‌ی جێی نارِازییه‌ و ره‌وتی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ناشرین كرد، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌، ئه‌م بواره‌یان قۆسته‌وه‌و له‌ په‌ناوه‌ هێرشیان برده‌ سه‌ر هه‌ندێ داموده‌زگای جۆراوجۆر وه‌ك (په‌روه‌رده‌، پۆلیس، ئاگركوژاندنه‌وه‌، هاتوچۆ، ئازادی لاوان و سه‌ندیكای كرێكاران) و توشی ده‌ستدرێژی تالإنی ده‌بن، له‌به‌رامبه‌ریشدا، هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش به‌ ته‌قه‌ له‌گه‌ل خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌بژێن و رووبه‌رِوو ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك بریندار لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

 ئێمه‌ ئه‌م حیزبانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ ناومان هاتووه‌، ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ ئه‌م جۆر و شێوازه‌ نامه‌ده‌نییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داخوازی و مافه‌ ره‌واكانمان، ره‌وتی راسته‌قینه‌ی خۆپیشانانه‌كه‌ی به‌ ئاراسته‌یه‌كی خراب برد و هه‌وڵه‌كه‌مانی ناشرین كرد. بۆیه‌ ئیدانه‌ی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ین: ته‌قه‌ كردن له‌ خۆپیشانده‌ران و چوونه‌ سه‌ر فه‌رمانگه‌كان و له‌هه‌مان كاتدا، جه‌خت له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ و دابینكردنی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌روا داواش ده‌كه‌ین قه‌ره‌بووی زیان لێكه‌وتووان به‌ زووترین كات بكرێته‌وه‌ و حكومه‌ت به‌ هاوكاری حیزب و رێكخراوه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان و چین و توێژه‌كان هه‌وڵی به‌په‌له‌ی چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كان بدا، گیراوه‌كان ئازاد بكرێن و هه‌ر بژین

 

·         یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان/ مه‌ڵبه‌ندی11ی گه‌رمیان

·         حیزبی شیوعی كوردستان/ كۆمیته‌ی مه‌حه‌لی گه‌رمیان

·         یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان/مه‌ڵبه‌ندی چواری گه‌رمیان

·         حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان/لقی گه‌رمیان

·         حیزبی سۆشیال-دیموكراتی كوردستان/مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان