دوو تێبینی بۆ کوردستان ته‌له‌فزیون له‌ به‌رنامه‌کانی 07-09-2005 ... هیوا محه‌مه‌د

 

کاتێک ده‌مه‌وێت بڕوانمه به‌رنامه‌کانی ئه‌م ته‌له‌فزیونه‌ خزمه‌ت که‌ره‌ چاوێکم له‌ دیمه‌نه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانه‌ چاوێکیشم له‌ لای تیتڵه‌کانی خواره‌وه‌یه‌ که‌ ده‌نگ و باسه‌کان ده‌نووسێت. له‌ 07-09-05کات 22:00 کاتێ ئه‌م کاناڵه‌م دیت به‌رنامه‌ی [فه‌راشین] بوو که‌ خاتوو ناز پێشکه‌شی ده‌کات، ئه‌و خانمه‌م وه‌کو جاران و به‌رنامه‌کانی دیکه‌ نه‌دیت، چاکتره‌ بڵێم ئه‌و خاتونه‌م نه‌ دیت به‌ڵکو پێشی جامخانه‌ی زێرنگه‌رێکم بینی. ئه‌و شێوه‌ زێڕ ڕازاندنه‌وه‌ی ئه‌و خانمه‌ نه‌ له‌ گه‌ڵ جل و به‌رگه‌که‌ی ده‌ گونجا نه‌ له‌گه‌ڵ سیمای ئافره‌تێکی کورد. له‌ کاتێکدا شه‌ڕی ده‌ستووره‌ و ئافره‌تانی کورد داوای چه‌سپاندنی مافه‌کانیان ده‌که‌ن که‌ چی له‌م که‌ناڵه‌وه‌ و له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ئه‌م خوشکه‌ ده‌یه‌وێت کارێ بکات که‌ هه‌موو کچانی کورد له‌وه‌ وه‌ مۆدێل وه‌ربگرن ئه‌ویش به‌ [ سه‌قه‌تی] ئافره‌تی کورد ده‌یه‌وێت بچێته‌ ناو خه‌باتی پیاوان و بوونی خۆی بسه‌لمێنێ و ئه‌و بۆ چوونه‌ به‌ درۆ بخاته‌وه‌ که‌ هه‌ڵ خه‌ڵه‌تاوی خشڵ و زیوه‌، که‌ چی ئه‌و تا ژێر چه‌نه‌ی له‌ سنگیه‌وه‌ له‌ لیره‌ هه‌ڵکێشاوه‌، به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ زنچێڕێکی له‌لووته‌وه‌ بۆ گوێ ڕاکێشاوه‌، من زۆر له‌ به‌شه‌کانی کوردستان گه‌راوم ئافره‌تی له‌و چه‌شنه‌م نه‌دیتوه‌، ئه‌وه‌ ده‌کرێت به‌ [ ڕێکلامێکی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو] بۆ زێڕ فرۆشه‌کان بێت که‌ ده‌یانه‌وێت کاری [ خه‌لیجی عه‌ره‌بی] بێننه‌ کوردستان. . . له‌هه‌مان کاتی ئه‌م به‌رنامه‌دا له‌ تیتله‌کانی خواره‌وه‌دا هه‌واله‌کان ده‌نووسرا، ئه‌م هه‌واله‌م دیت که‌ داوا له‌و قووتابیانه‌ ده‌کات که‌ له‌ ئه‌زموونه‌کاندا ده‌رچوون بێن ئه‌نجامه‌که‌ی وه‌رگرنه‌وه‌. ئێمه‌ تاکه‌ی وانه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌لک وه‌رناگرین، خۆ هه‌ر ئه‌ورۆ ئێواره‌ یه‌ک له‌ تیرۆریسته‌کان له‌م کاناله‌وه‌ گوێمان لێ بوو ووتی که‌ 35 ڕۆژ چاوه‌ڕێیان کردووه‌ تا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی خه‌ڵک دروست ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین زیانمان پێ بگه‌یه‌نن، ئه‌م که‌ناله‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ده‌توانێ هه‌ر له‌سه‌ر [شاشه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ یان له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ ناوخۆییه‌کانه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌م کاناله‌ ئاسمانیه‌ زیاتر بۆ ئه‌وانه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وولاتن و که‌ناله‌ ناوخۆییه‌کان نابینن ] ئه‌نجامه‌کا‌ن ڕابگه‌یه‌نێت و که‌س ڕاپێچی کۆبوونه‌وه‌ نه‌کات تا هه‌ل نه‌ڕه‌خسێنێت بۆ تیرۆریستان چونکه‌ ئێمه‌ لاوانی خۆمان لێ زیاد نیه، خۆ پاراستن چاکتره‌ له‌ راوه‌ دونانی ترۆریستان!!!!!!!!!‌‌‌