بانگه‌واز بۆ میدیاێکی ئازاد ... وه‌هاب شاه محمد

 

به‌رپابوونی میدیا، گه‌وره‌ترین رووداوێکی چه‌رخی کۆن و تازه‌ی ناو کۆمه‌ڵگاکان داده‌نرێ، ئه‌ویش به‌ هۆی کاریگه‌رێتی له‌ رووداو و گۆرانکاریه‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، زانیاری، ئابووری وه‌ زۆر لایه‌نی تر، بۆ ئاگادارکردن و پێشخستنی بیری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ بواره‌ جیاوازه‌کان. دیاره‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌رپابوونی میدیاوه‌ تاکو ئه‌مرۆش ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان بۆ ده‌ست به‌سه‌رگرتنی میدیاکان ناوه‌ بۆ پاراستن و به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیان، زۆرجاریش کردوویانه‌ به‌ ده‌ستگاێکی هه‌ره‌شه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی مه‌ترسیان بۆ ده‌سه‌ڵاتیان درووست کردووه‌.

 پێش پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا و به‌رپابوونی نێت ۆرک، ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی له‌ جیهان رۆژنامه‌و ده‌زگاکانی بڵاوکرادنیان بۆ پروپاگه‌نده‌ و پێشاندانی بازووی هێزیان به‌کارده‌هێنا، به‌ڵام پاش په‌یدابوونی دامووده‌زگا بڵاوکراوه‌کانی وه‌ک رادیۆ و ته‌له‌فیزۆن، رژێمه‌کان مافی بوونی ئه‌م جۆره‌ میدیانه‌یان ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دیاری کرد رێگاشیان به‌ هیچ لایه‌نێکی تر نه‌دا ئه‌م ده‌زگانه‌ به‌کاربهێنن.

 دیاره‌ پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا رۆژبه‌رۆژ کۆنترۆڵ کردنی دامووده‌زگاکانی میدیای که‌متر ده‌کرده‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران، چوونکه‌مه‌ودای بڵاوکردنه‌وه‌ زیاتر بوو، که‌ ئه‌مه‌ش وای له‌ زۆر وڵاتان کرد توانای ناردنی به‌رنامه‌و پرۆگرامیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان هه‌بێ.

وڵاتانی ته‌کنه‌لۆجیا و دنیای دیموکرات هه‌ر زوو ده‌ستیان کرد به‌ ئازادکردنی میدیا، به‌شێوه‌ێکی دوور له‌ کۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌ڵام به‌مه‌رجێ نه‌بێته‌ ئامرازێک بۆ پێشلکردنی مافه‌ سه‌ره‌کێکانی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کان،رێزیش له‌ مه‌رجه‌کانی بڵاوکردنه‌وه‌ بگرێ. بازاری ئازادیش هۆێکی پاڵپێوه‌نه‌ر بوو بۆ سه‌ربه‌خۆی میدیا له‌ زۆر وڵات، ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ ته‌کنه‌لۆجیای میدیاش به‌ره‌و پێشتر بروات و گه‌شه‌بکات.

 گه‌وره‌ترین گۆرانکاری بوو له‌ بواری میدیا که‌ ئه‌مرۆ Networkبه‌رپابوونی نێت ۆرک

هه‌موو سنووره‌کانی شکاندوه‌و ده‌توانێ بگاته‌ هه‌موو جێکی جیهان بێ هیچ کۆنترۆڵێکی ده‌وڵه‌تی یان ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی. ئه‌مرۆ له‌ رێگای که‌ناڵه‌ ئاسمانێکان و (ئینته‌رنێت) وه‌ خه‌ڵک توانای وه‌رگرتن و ناردنی هه‌موو جۆره‌ زانیاری بۆ هه‌موو لاێک هه‌یه‌، وه‌ به‌ کاتێکی زۆرکورت.

ئێمه‌ی کورد له‌ هه‌موومیله‌تێ زیاتر پێویستیمان به‌ میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، که‌ دووربێ له‌ هه‌موو ده‌ست تێوه‌ردانێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی. کورد وه‌ک میله‌تێکی چه‌وساوه‌، که‌ هه‌موو ده‌روازه‌ێکی له‌لایه‌ن وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستانه‌وه‌ لێ گیراوه‌، پێویسته‌ میدیاکانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ره‌خنه‌و ناره‌زای له‌لایه‌ن رۆشنبیرانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو رووداوه‌کانی ناو کوردستان بگاته‌ خه‌ڵکی.

 بێ بوونی ره‌خنه‌و ناره‌زای به‌رامبه‌ر رووداوه‌ سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورێکانی له‌ کوردستان خۆمان ده‌خه‌ینه‌ ناو خانه‌ی وڵاته‌ نادیموکرات و ئازاده‌کان، میله‌ته‌کشمان له‌ هه‌موو راستێکان دوورده‌خه‌ینه‌وه‌.

رێگا نه‌دان به‌ میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته‌ هۆی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌ دوواکه‌وتووی وه‌ ناشتوانیین مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌ گه‌وره‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌ بکه‌ین. هه‌موو بریاره‌ سیاسێکانیش ته‌نها به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵادارانی سیاسی ده‌هێڵێته‌وه‌، که‌ ئه‌نجامه‌که‌شی دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورده‌ له‌ هه‌موو راوپرسێک به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌.

میله‌تانی دنیای دیموکرات به‌شدارن له‌هه‌موو بریارێک که‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵات و دوارۆژیان هه‌بێ. هیچ بریارێکی سیاسی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ بێ ئامارێک یان پرسێک له‌ میله‌ته‌کانیان نادرێ، ئه‌گه‌ریش درا وه‌ک هه‌ندێ جار رووده‌دات، ده‌بێته‌ هۆی کێشه‌ێکی گه‌وره‌ی سیاسی بۆ ده‌سه‌ڵاتداران.

 له‌ هه‌ندێ وڵاتی دیموکرات و مه‌ده‌نی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران دادگای ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر بێت و بریارێکی سیاسی ترسناک دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندێکانی خه‌ڵک و وڵات بدرێت بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک، ئاشکراکردنی ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ش له‌ رێگای میدیای ئازاده‌وه‌ ده‌بێ.

پێویسته‌ کورد دامووده‌زگای میدیاێکانی به‌ که‌سانێکه‌وه‌ به‌رێوه‌بچێ که‌ دووربن له‌ بیرکردنه‌وه‌ی ته‌سکی حزبایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی، کاره‌کانشیان روو له‌ ده‌سکه‌وتێکی ئابووری گه‌وره‌ نه‌کات، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌موو کاره‌ میدیاێکه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و گومانه‌وه‌.

 پێویسته‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانێکانی کوردستان و رۆژنامه‌کان له‌ هه‌موو کۆنترۆڵێکی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی دووربخرێته‌وه‌، نه‌شبێ به‌ ده‌زگاێکی پرووپاگه‌نده‌ ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارت و لایه‌نه‌ سیاسێکان.

 به‌ستنه‌وه‌ی که‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ کوردێکان به‌ لایه‌نه‌ سیاسێکان و بیرکردنه‌وه‌یان خه‌ڵکی له‌ راستێکان دوورده‌خاته‌وه‌، ده‌شبێته‌ هۆی درووست بوونی گومان و ره‌خنه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وزانیاریانه‌ی بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.

نه‌بوونی میدیاێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ کاری ناراست و گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیکن په‌یداده‌کات وه‌ پاشان ریسواکردن و دۆزینه‌وه‌شیان سه‌خت و زه‌حمه‌ت ده‌کات. زۆر که‌س هه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی تاکایه‌تیان له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌، به‌رژه‌وه‌ندی گشتی میله‌ت و وڵاتیش به‌ شتێکی بچووک و بێ نرخ ده‌زانن، هه‌میشه‌ش ده‌بنه‌ هۆی درووست کردنی کێشه‌ی سیاسی بۆ پارته‌ کوردستانێکان. ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ هه‌میشه‌ دژ به‌ بوونی میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆن، چوونکه‌ هه‌موو کاره‌ ناراست و گه‌نده‌ڵێکانیان ئاشکرا ده‌کات.

هێزه‌ سیاسێکانی کوردستان پێویسته‌ له‌ هه‌موو که‌سێک زیاتر هه‌وڵ بۆ ئازاد کردن و سه‌ربه‌خۆێ میدیاکان کاربکه‌ن، چوونکه‌ ئه‌و ئازادی و سه‌زبه‌خۆیه‌ میدیایه‌ دووریان ده‌خاته‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی خاوه‌ن بیر ته‌سک و خراپ.

 مانه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی دژ به‌ ئازادبوونی میدیای ئازادن له‌ کوردستان که‌سانێکن که‌ ده‌بنه‌ هۆی کێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ هێزه‌ سیاسێکان خۆی له‌ دووارۆژ، چوونکه‌ هه‌موو کاره‌ گه‌نده‌ڵی و ناراسته‌کانیان به‌ناوی پارته‌ سیاسێکانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌موو که‌سێکی ره‌خنه‌گریش به‌ دوژمنی پارته‌ سیاسیێکان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

پێویسته‌ رۆشنبیرانی کورد ده‌نگی خۆیان بکه‌ن به‌ یه‌ک بۆ میدیاێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، بێ هیچ جۆره‌ ده‌ست تێوه‌ردانێک له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی کاری دامووده‌زگا حکومێکان و غه‌یره‌ حکومێکان هه‌میشه‌ له‌ ژێر پرسینه‌وه‌ی خه‌ڵک و میله‌ت بێ. گه‌وره‌ترین دووژمنی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کاری گه‌نده‌ڵی، یان پایه‌وپله‌ی سیاسیان به‌کادێنن بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی تاکایه‌تی خۆیان به‌کاردێنن میدیای ئازاده‌، بۆیه‌

هه‌موو کارێک ده‌که‌ن بۆ رێگا گرتن له‌ میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ.

Shah. wahab@gmail. com