یه‌كگرتووی ئیسلامی، یان حزبی مزگه‌وت؟!. . .. ئوسامه‌ سه‌لاح خورماڵی

 

سامان سلێمان ناوێك بابه‌تێكی نوسیوه‌ كه‌ پێده‌چێت وه‌ڵامی براده‌رێكی دیكه‌ی داوه‌ته‌وه‌ كه‌من به‌داخه‌وه‌ ئه‌و نووسینه‌م نه‌خوێندوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وی چه‌ند چه‌واشه‌كاریه‌كی (سامان سلێمان) راست بكه‌مه‌وه‌ و پێی بڵێم یه‌كگرتووی ئیسلامی جگه‌ له‌ رێكخراوێكی ئیسلامی ئوسوڵی هیچی دیكه‌ نییه‌و هه‌رچی له‌به‌رنامه‌و په‌یره‌و و پرۆگرامیدا هه‌یه‌ فڕی به‌سه‌ر یه‌كگرتووه‌وه‌ (وه‌ك حزبێكی ئیسلامی) نییه‌. هه‌موو یان زۆربه‌ی نووسه‌ر و ئه‌ندامانی یه‌كگرتوو هه‌تا ئێستا وه‌ك شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ ته‌نها له‌شه‌ودا ده‌رده‌كه‌ون و ناوێرن نه‌ ناو نه‌ ناونیشانی خۆیان و نه‌ وێنه‌ی خۆیان به‌دیاربخه‌ن، له‌هه‌موو شتێك به‌گومانن،  جگه‌ له‌ چوته‌چووتی ناو مزگه‌وته‌كان و به‌رنامه‌ی نیكاح و ته‌ڵاقی سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و رادیۆكانیان هیچ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیان نییه‌. من خۆشحاڵ ده‌بم ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی یان هه‌ر حزب و رێكخراوێكی ئیسلامی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی دوور له‌ پاشكۆیه‌تی حزبه‌ (عه‌لمانیه‌كان) ی كوردستان به‌رنامه‌ سیاسیه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات،  یه‌كگرتوو پێشتر و ئێستاش گره‌و له‌سه‌ر ناكۆكی و ململانێی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات و كاتێك هه‌ستی كرد ئه‌م دوو حزبه‌ جارێكی دیكه‌ به‌ته‌مای شه‌ركردن و ململانێی ناشه‌ریفانه‌ نین ئه‌وا په‌رده‌ له‌سه‌ر ڕووه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و واز له‌ هه‌موو موعته‌قه‌دات و به‌ها ئیسلامیه‌كان ده‌هێنێت و خۆی ده‌كاته‌ پاشكۆی یه‌كێتی یان پارتی یان هه‌ردوكیان،  یه‌كگرتوو پێش ئه‌وه‌ی پاروه‌ چه‌وره‌كه‌ی له‌ یه‌كێتی و پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا بپچڕێت خۆی كردبوه‌ ده‌مڕاستی زه‌حمه‌تكێشان و سۆسیالیست و پارێزگاران و شیوعی و كۆمه‌ڵ و هه‌ندێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌یان، به‌ڵام ئێستا هاوپه‌یمانیه‌تی و دۆستایه‌تی ئه‌مانیشیان له‌ده‌ستدا و ئێستا دڵنیام سه‌رقاڵی بازبازێنی نێوان سه‌لاحه‌دین و قه‌لاچوالانن تا له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا كڵاوێكی دیكه‌ بكه‌نه‌ سه‌ر ته‌كه‌تولێكی دیكه‌،  به‌ڵام مه‌رج نیه‌ هه‌مووجارێك كڵاواتی سیاسی سه‌ربگرێت و ره‌نگه‌ ئێستا یه‌كگرتوو زۆر له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی سیاسه‌ت و مزگه‌وتیشی له‌ده‌ستدابێت و ناچاربێت یاریه‌ دۆراوه‌كه‌ی به‌ئاشكرا بكات و باشترین مه‌رجه‌عیش فه‌للوجه‌یه‌. .