تورکیا، گه‌ران به‌دووای ستراتیجیه‌تێکی دۆراو.  ... وه‌هاب شاه محمد

 

پێش یه‌ک دوو رۆژ له‌مه‌و پێش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگه‌یاند که‌وا به‌م نزیکانه‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ وڵاتی پاکستان درووست ده‌که‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی یارمه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ئۆدوگان. دیاره‌ هه‌ڵبژاردنی وڵاتێکی وه‌ک پاکستان له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ بۆ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل کارێکی هه‌روا کوت وپر و بێ هۆ نیه‌، چوونکه‌ پاکستان ته‌نها وڵاتێکی ئیسلامی خاوه‌ن چه‌کی ئه‌تۆمیه‌، ماوه‌ێکیشه‌ بووه‌ته‌ جێ نیگه‌رانی بۆ وڵاتانی ئه‌مریکاو ئیسرائیل، چوونکه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌وه‌ تاوانبارکراوه‌ که‌ هاوکاری وڵاتی ئێرانی داوه‌ بۆ پێشخستنی هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی.

پاش ئه‌و هه‌موو هه‌ره‌شانه‌ی وڵاتی ئه‌مریکاو ئیسرائیل، پاشان هه‌وڵه‌کانی ێکێتی ئه‌وروپا بۆ رازی کردنی ئێران بۆ ده‌ستبه‌ردان له‌هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ئه‌تۆمی وای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا کرد که‌ بیرێک له‌ په‌یداکردنی هاوسه‌نگێکی سیاسی له‌ ناوچه‌که‌ بکات ئه‌ویش به‌ رێکخستنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ئیسرائیل و پاکستان شێوه‌ێکی، له‌ کاتێکدا تورکیای ئه‌ندام ناتۆ و دۆستی کۆنی ئه‌مریکا له‌ناوچه‌که‌ تووشی شکستێکی سیاسی گه‌وره‌ بووه‌ به‌هۆێ رێگه‌نه‌دانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ رووخانی به‌عس و سه‌دام له‌ عیراق و نارازی بوونی بۆ جێبه‌جێ کردنی به‌نده‌کانی ئه‌ندام بوون له‌ ێکێتی ئه‌ورووپا.

بۆ راستکردنه‌وه‌و گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و متمانه‌و دۆستایه‌تیه‌ی نێوان تورکیاو ئه‌مریکا که‌ به‌ هۆی رێگا نه‌دانی تورکیا به‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ رووخانی به‌عس، تورکیا هه‌وڵێکی زۆر ده‌دات بۆ نزیک بوونه‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا، چوونکه‌ ئه‌م وڵاته‌ باش ده‌زانێ که‌ بوونی به‌ ئه‌ندام له‌ ێکێتی ئه‌ورووپا هاوکاری ئه‌مریکای پێویسته‌، ئه‌و هاوکاریه‌ ئه‌مریکیه‌ش ته‌نها له‌ رێگای ئیسرائیلی ته‌نها هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ دێته‌ دی. تورکیا ئه‌وه‌ باش ده‌زانێ که‌وا به‌رێووه‌بردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ئه‌مریکا به‌ده‌ست شه‌ش وڵایه‌ته‌که‌ی باکووری ئه‌مریکایه‌ که‌ به‌ وڵایه‌ته‌ پیشه‌سازیه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌مریکا داده‌نرێ و هه‌مووشی به‌ده‌ست جووله‌که‌کانی ئه‌م وڵاته‌یه‌.

دیاره‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ی تورکیا چه‌ند لایه‌نیه‌و ده‌کرێ له‌ چوارچێوه‌ی رێگاگرتن بێ له‌ ئێران که‌ ببێ به‌ هێزێکی ئیسلامی مه‌زهه‌ب شیعه‌ی ئه‌تۆمی که‌ تورکیا، ئیسرائیل، ئه‌مریکاو ناوچه‌کی نیگه‌ران کردووه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا به‌ هیچ جۆرێک نایانه‌وێ وڵاتێکی وه‌ک ئێران که‌ ئه‌مرۆ خه‌ریکه‌ له‌ رێگای هێزه‌ سیاسێکانی شیعه‌ی ئیسلامی له‌ عیراق هێزی له‌ زیادبووندایه‌ و له‌ دوارۆژیش ده‌بێته‌ کێشه‌ێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رۆڵی تورکیا له‌ جیهانی ئیسلامی و ناوچه‌که‌.

تورکیا به‌هۆی رێگه‌نه‌دانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ رووخانی به‌عس هیچ جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ بۆ بریاردان بۆ دووارۆژی عیراق، که‌ کورد ئه‌مرۆ خه‌ریکه‌ زۆربه‌ی زۆری مافه‌کانی دێته‌ دی له‌م وڵاته‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیای زۆر نیگه‌ران کردووه‌، چوونکه‌ کاردانه‌وه‌ێکی راسته‌وخۆی ده‌بێته‌ ناو تورکیا که‌ کوردی زۆری تیا ده‌ژێ. تورکیا ده‌یه‌وێ له‌ رێگای ئه‌و کاره‌ی بۆ نزیکخستنه‌وه‌ی ئیسرائیل و پاکستان رێگای بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ ناو عیراق بۆ خۆش بێ.

ئه‌مرۆ ئه‌مریکا ته‌نها هێزێکه‌ که‌ ده‌توانێ بریار بۆ دووارۆژی سیاسی ناو عیراق بدات، وه‌ هاوپه‌یمانێتی نێوان هیزه‌ کوردستانێکان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا تورکیای نیگه‌ران کردووه‌ بۆیه‌ تورکیا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات له‌ خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا بۆ به‌ده‌ستهێنانی جێ پێک له‌ ناو عیراق، ئه‌م کاره‌ش ته‌نها له‌ رێگای خۆ نزیک کردنه‌وه‌و هاوکاری کردنی ئیسرائیله‌وه‌ ده‌بێ.

هه‌موو ئه‌و هه‌ره‌شه‌و هێز ده‌رخستنه‌ی تورکیا بۆ رێگاگرتن له‌ هێزه‌ کوردستانێکانی عیراق پێش و پاش رووخانی به‌عس بێ سوود بوو، چوونکه‌ ئه‌مریکا وا به‌ئاسانی رێگا به‌ تورکیاێک نادات که‌ بتوانێ رۆڵێکی ئه‌وتۆی له‌ بریاردان بۆ سیاسه‌ته‌کانی ناوه‌وه‌ی عیراق هه‌بێ پاش ئه‌وه‌ی رێگای به‌ هێزه‌ ئه‌مریکێکان نه‌دا بۆ رووخانی به‌عس، له‌کاتێکدا ده‌بوایه‌ تورکیا یه‌که‌م وڵات بوایه‌ بۆ به‌شداری کردن له‌و رووخانه‌ی به‌عس. دیاره‌ بۆ رێگاگرتن له‌ کورد و ئێران، پاشان بۆ خۆ نزیکردنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا و رێگاخۆشکردن بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ ێکێتی ئه‌ورووپا، تورکیا پێویستێکی یه‌کجار گه‌وره‌ی به‌ یارمه‌تی ئیسرائیل هه‌یه‌، ئه‌م یارمه‌تیه‌ش ته‌نها له‌ رێگای نزیکردنه‌ووه‌ی وڵاتێکی وه‌ک پاکستانی خاوه‌ن هێزی ئه‌تۆمی، که‌ سوپا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ و هاوپه‌یمانێکی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوپای تورکیا هه‌یه‌.

کورد پێویسته‌ زۆر وریا و ئاگا بێ له‌و هه‌وڵانه‌ی تورکیا بۆ نزیکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتی ئیسرائیل و پاکستان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دووارۆژ ئه‌و نزیکبوونه‌وه‌یه‌ نه‌بێته‌ هۆی شکه‌ستێکی سیاسی بۆی له‌ باشوور، و به‌شه‌کانی تر. هه‌موو ئه‌و رێکه‌وتنامه‌و هه‌وڵانه‌ی سیاسی تورکیا له‌ناوچه‌که‌ هه‌میشه‌ بۆ رێگاگرتن بووه‌ له‌ خه‌باتی رزگاری خوازی کورد، پاشان بۆ رێگه‌نه‌دان به‌ هیچ هێزێکی تازه‌ له‌ ناوچه‌که‌.

 ئه‌مریکا نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتی ئیسرائیل و پاکستان به‌ باشترین رێگا داده‌نێ بۆ به‌رنگاری ئێران و هێزه‌ ئیسلامێکانی تازه‌ی ناو عیراق، پاشان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی وڵاتی تورکیا له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ دژایه‌تی سیاسه‌تی ئه‌مریکا ده‌که‌ن له‌ ناوچه‌که‌. ئه‌مریکا هه‌میشه‌ به‌رژوه‌ندی گه‌وره‌ی سیاسی خۆی به‌لاوه‌ گرنگه‌، گه‌ماروودانی ئێران و هێزه‌ ئیسلامێکانی تری ناوچه‌که‌ له‌ لایه‌ن هه‌رسێ وڵاتی تورکیا، ئیسرائیل و پاکستان ده‌توانێ ئه‌مریکا پاشگه‌زکاته‌وه‌ له‌ هه‌موو نزیکبوونه‌وه‌ێکی له‌ کورد، وه‌پاشان ببێته‌ گه‌ماروودان و دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌ ئیسلامێکانی ناو عیراق له‌ ئێران.

وه‌هاب شاه محمد

Shah. wahab@gmail. com