ا 
            

 

گۆشه‌ی نه‌شته‌ر: دوو هه‌فته‌جارێک  د. ره‌وشت ره‌شید ده‌ینووسێت

 

تیرۆر وراگه‌یاندن وهێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونی

 

قسه‌كردنی من له‌سه‌ر گروپی شێخ زاناو تیرۆر پێچه‌وانه‌ی به‌شپَكی زۆری نوسه‌ران وقسه‌كه‌ره‌ سیاسیه‌كانی ئه‌مڕۆیه‌، كه‌ پێیان وایه‌ تیرۆرو توندوتیژی دیارده‌ی نامۆن به‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌و، كوردو تیرۆر، كوردو سه‌ربڕین، كوردو لادانی سێكسی له‌یه‌كتری دوورن. كه‌سێك شاره‌زای مێژووی كوردی بێت ده‌زانێت كه‌ ئه‌م قسانه‌ كۆمه‌ڵێك ووشه‌ی عاتیفی نامه‌نهه‌جین وهه‌رگیز ناچنه‌ ناو چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ی مه‌عریفیه‌وه‌. شه‌ڕه‌ خوێناویه‌كانی ئه‌ماره‌ته‌ كوردیه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری و، كوشتنی جه‌ماعی و تاڵانكردنی ماڵی یه‌كتری و ته‌عه‌دا كردنه‌ سه‌ر ئافره‌ت وشه‌ره‌فی یه‌كتری له‌ شه‌ڕه‌ دورودرێژه‌كانی ئه‌ماره‌ته‌ كوردیه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی كورد له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م سه‌ده‌یه‌ تا ئه‌مڕۆ، چه‌ندین چیڕۆكی خوێناوی نێوان عه‌شیره‌ت وخێله‌ كوردیه‌كان وهتد. . هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌و راستیه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ تیرۆرو توندو تیژی له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ره‌گی مێژووییان هه‌یه‌و، گروپی تیرۆریستی شێخ زاناو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی دیكه‌ به‌هیچ جۆرێك نامۆ نین به‌ كۆمه‌ڵگاو مێژوی ئێمه‌و،كۆمه‌ڵگای كوردی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی دروست بوون وبه‌رهه‌مهێنانی توندو تیژی وتیرۆره‌.

به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان رووبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان و، هاتنی هه‌واڵه‌كان بۆ ماڵه‌كانی ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر بوو. ئه‌مجاره‌یان هه‌موومان له‌ماڵه‌كانی خۆمانداو له‌به‌رده‌م مناڵ وژن وكوڕو كچه‌ عازه‌ب وهه‌رزه‌كاره‌كانمان ئه‌و كورد كوژی و ئه‌و شه‌ره‌ف تكانه‌مان بینی. ئه‌مجاره‌یان وێنه‌كان پێیان گوتین كه‌ زیاتر له‌ كاره‌كته‌رێك پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكی خوێن رشتنه‌یه‌. له‌ مامۆستای زانكۆوه‌ تا وه‌ستای له‌بغ، له‌ پیاوی ئاساییشه‌وه‌ تا قورئان خوێنێك، له‌ كوڕێكی عاشقه‌وه‌ تا ئه‌ندازیارو مامۆستاو دوكاندارێك. . . هه‌موویان وێنه‌ی جه‌لادیان ده‌بینی و، هه‌موویان خه‌ریكی ته‌قتیعی ئینسان بوون! له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ دوباره‌ قوربانیه‌كانیش به‌ته‌نها بریتی نه‌بوون له‌ گروپێك یان كه‌سانێكی دیاریكراو، له‌ مناڵێكی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ فرۆشه‌وه‌ تا هه‌رزه‌كارێكی له‌ماڵ توڕه‌ بوو، له‌ قوتابیه‌كی زانكۆوه‌ تا سیحربازێك، له‌ كچێكی عاشقه‌وه‌ تا كادیرێكی حیزبی، له‌ موختاری گه‌ڕه‌كێكه‌وه‌ تا سیدی فرۆشێك، هه‌موویان وێنه‌یه‌ك بوون له‌ وێنه‌كانی قوربانی. واته‌ ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا بینیمان ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌م جه‌لاده‌كان و، هه‌م قوربانیه‌كانیش بریتی نه‌بوون له‌ گروپێكی دیاریكراو یان كه‌سانێكی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو ژیانی كورد. له‌م چیرۆكه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌موومان ببینه‌ جه‌لاد وهه‌موشمان ببینه‌ قوربانی.

ئاشكرا بوونی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ شۆك (سه‌دمه‌یه‌كی) گه‌وره‌ی بۆ ئێمه‌ دروست كردو، تێكه‌ڵ بوونی وێنه‌كانی جه‌لادو، گشتگیر بوونی وێنه‌كانی قوربانی وایكرد كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ توشی حه‌په‌سان وترسێكی گه‌وره‌ بێت، ترسێك كه‌ كاریگه‌ریه‌كی ترسناكی بۆسه‌ر سایكۆلۆژیاو باری ده‌روونی ئێمه‌ هه‌بوو. له‌دوای نمایشكردنی ئه‌و دیمه‌نه‌ خوێناویانه‌، ئیدی له‌ مه‌جلیس وله‌ كاتی خواردن وله‌كاتی سێكس وله‌كاتی نوستنماندا، مه‌رگ وخوێن وتیرۆر ده‌بنه‌ وێنه‌و دیمه‌نی هه‌میشه‌ ئاماده‌ی ناو خه‌یاڵ ویاده‌وه‌ریمان. دوای ئه‌م رووداوه‌ ترسناكه‌ سایكۆلۆژیای ئێمه‌ توشی نا ئارامیه‌كی كوشنده‌ ده‌بێت، كه‌ كاریگه‌ری تا ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام ده‌بێ.

راگه‌یاندنی كوردی كه‌ قه‌ت حیسابی بۆ سایكۆلۆژیای تاكی كورد نه‌كردووه‌و، هه‌رگیز له‌ نمایشكردنی وێنه‌یه‌ك كه‌ به‌ قازانجی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت سڵی نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌مجاره‌شیان له‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ رووداوێكی وه‌هادا له‌جارانی پێشو باشتر نه‌بوو. ئێمه‌ ناڵێین راگه‌یاندن راستیه‌كان له‌ خه‌ڵك بشارێته‌وه‌و بڵاویان نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گرفتێكی ترو دوو دڵیه‌كی تر دروست ده‌كات. به‌ڵام بڵاو كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ دیمه‌نی له‌و بابه‌ته‌ پێویستی به‌ به‌رنامه‌ دانان و شاره‌زایی ئیعلامی و سایكۆلۆژی هه‌یه‌. راگه‌یاندنی كوردی دێت دونیایه‌ك خوێن وكه‌لله‌ سه‌رو ته‌عه‌دای سێكسی و دیمه‌نی ناشیرین وقێزه‌وه‌ن بڵاو ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام هه‌رگیز نایه‌ت دوو پزیشكی ده‌روونی بێنێته‌ سه‌ر شاشه‌ كه‌ قسه‌ بۆ خه‌ڵكی ترساو بكه‌ن و كه‌مێك له‌و هه‌ڵچون ونائارامیه‌ی كۆمه‌ڵگا كه‌م بكه‌نه‌وه‌. دوو كه‌سی شاره‌زا له‌ بواری كۆمه‌ڵناسی وده‌روونناسی ناهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر دیارده‌یه‌كی وه‌ها بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م نا ئارامیه‌ ده‌رونی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر توشی حاڵه‌تی تۆقین و هیستیریا هاتوون و، رۆژانه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی فریاكه‌وتن پێشوازی له‌ كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت و مناڵی ترساو ده‌كات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌ تا ماوه‌یه‌كی دورودرێژ له‌ خه‌یاڵی كۆمه‌ڵگا ناسڕێنه‌وه‌و كاریگه‌ری خراپیان بۆسر دڵ وده‌روونی خه‌ڵك ده‌بێت. خه‌ڵك هه‌یه‌ ناتوانێت شه‌وان بخه‌وێت، ئافره‌ت هه‌یه‌ توشی فۆبیای حه‌مام وسه‌تڵو چه‌قۆ بووه‌، خه‌ڵك هه‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌ ده‌بینم كه‌سێك مریشكێك یان ئاژه‌لێك بۆ مه‌به‌ستی خواردن سه‌رده‌بڕێت، یه‌كسه‌ر ئه‌و قوربانیانه‌م دێنه‌وه‌ پێش چاو كه‌ بێبه‌ززه‌یانه‌ له‌لایه‌ن جه‌لاده‌كانی گروپی شێخ زاناوه‌ سه‌رده‌بڕان وپارچه‌ پارچه‌ ده‌كران. خه‌ڵك هه‌یه‌ ده‌ڵێت من چیدی ناتوانم گۆشت بخۆم وهه‌ركه‌ بۆنی گۆشتم بۆ دێت توشی رشانه‌وه‌ ده‌بم، كوڕو كچێكی زۆر توشی گرێی خۆشه‌ویستی ونامتمانه‌یی هاتوون. ئه‌مه‌و چه‌ندین نمونه‌ی تری نائارامیو شپرزه‌یی ده‌روونی.

دوای دروست بوونی ئه‌و هه‌موو ترس ونائارامیه‌، دوای نه‌مانی متمانه‌، خه‌ڵك پێویستی به‌ جۆرێك له‌ هێوركردنه‌وه‌ی ده‌روونی و جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌یان پێویسته‌ له‌لایه‌ن راگه‌یاندنی كوردیه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی شاره‌زا له‌ بواره‌كانی ده‌رونناسی وكۆمه‌لناسی و بواره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو گرێ ونائارامیه‌ بكه‌ن و هه‌وڵده‌ن جۆرێك له‌ هێوری بۆ تاكی ئێمه‌ دروست بكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی كه‌ هه‌ربه‌ته‌نها ته‌فسیری سیاسیو عه‌سكه‌ریمان پیشكه‌ش نه‌كات، كۆمه‌ڵگا پێویستی به‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك ته‌فسیری واقیعی ولۆجیكیانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ببیستێت. تاكی كورد له‌ناو ئه‌و هه‌موو فه‌وزاو ترس و گومانه‌دا، پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك ئیعتیرافاتی ده‌سه‌ڵات و، كۆمه‌ڵێك په‌یمانی درێژخایه‌ن هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌و فشارو ترسه‌ ده‌روونیه‌ رزگاری بێت وتۆزێك هێوربێته‌وه‌.

rawisht@yahoo. com