رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ كوردستان پۆست ... له‌ مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندیه‌وه‌


Mariwan_na@yahoo. com


نوسینێك به‌ناوی منه‌وه‌ له‌سایته‌كه‌تان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ باس له‌ 31 ی ئاب ده‌كات، ئێوه‌ش (به‌سوپاسه‌وه‌) به‌بی سانسۆر بڵاوتان كردۆته‌وه‌ و نازانم ئاخۆ له‌ ناونیشان و ئیمێله‌كه‌م دڵنیابوون یان نا؟!چونكه‌ من پێشتر به‌و ئیمێله‌ كه‌ ئێستا بۆ جه‌نابتانم ناردوه‌ چه‌ند بابه‌تێكم بۆ ره‌وانه‌ كردوون و ئێستاش هه‌مان ئیمێلم هه‌یه‌، هیوادارم ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌سایته‌كه‌ی ئێوه‌وه‌ نه‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كی (ئه‌نقه‌ست) ئه‌و بابه‌ته‌تان به‌ناوی منه‌وه‌ بڵاو نه‌كردبێته‌وه‌،  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من پێم وایه‌ پێویست ناكات به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بنووسم كه‌به‌ناوی منه‌وه‌ و (به‌وێنه‌یه‌كیشه‌وه‌) بڵاوتان كردۆته‌وه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان و زۆربه‌ی خوێنه‌رانی نوسینه‌كانی من باش ده‌زانن كه‌ ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ شێوازی نووسینی من نیه‌و چه‌ند به‌ڕێزێكیش به‌ئیمێل په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووم و سه‌رسورمانی خۆیان له‌و نوسینه‌ی كه‌به‌ناوی منه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ربڕیوه‌. داواكارم له‌مه‌ودوا پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان له‌ ناونیشان و ئیمێلی نوسه‌ران دڵنیابن،  راستیه‌كی دیكه‌ش هه‌یه‌ ده‌مه‌وی دوپاتی بكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی شه‌ری ناوخۆیه‌ كه‌من هه‌موو خوێنه‌رانی نووسینه‌كانم دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ من یه‌ك  بابه‌تم له‌سه‌ر شه‌ری ناوخۆ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌ و بڵاویش ناكه‌مه‌وه‌ كاری منیش زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌به‌ موهاته‌رات و ناوزڕاندن و شه‌ره‌جوێن خۆم خه‌ریك بكه‌م، كورد ئێستا پێویستی به‌قه‌ڵه‌مێكی خه‌مخۆر و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ كه‌چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان بكات و گه‌نده‌ڵیه‌كانی ناو دام و ده‌زگاكانی كوردستان بخاته‌ پێشچاو و هه‌وڵی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌،  هه‌رگیز ئسلوبی من ئه‌وه‌نده‌ نزم نیه‌ خۆم به‌ (روَشنبیر و روناكبیر وشتی له‌م بابه‌ته‌) وه‌سف بكه‌م، هیوادارم ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵانه‌ له‌ڕێگای سایته‌كه‌تانه‌وه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ چونكه‌ میسداقیه‌تی هه‌ر سایتێكی ئه‌لكترۆنی له‌سه‌نگ و قورسایی نوسینه‌كاندایه‌ و هه‌ركاتێك ئه‌م قورساییه‌ نه‌ما سایته‌كه‌ش خوێنه‌ری نامێنێت ئه‌وكاته‌ش هه‌رچی بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌ هه‌ڵبه‌ستراو ده‌بینرێت.