لووسه‌ر!! ... به‌ختیار شاخی

 

bshakhy@hotmail. com

چونكه‌ ناتوانم به‌هه‌موو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێك بڵێم نووسه‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ به‌زمان لووسی و مل كه‌وتوویی خه‌ریكی لێستنه‌وه‌ی كه‌وشی ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی و بنی كه‌وشه‌كانت لووس كردووه‌، بۆیه‌ پێت ده‌ڵێم لووسه‌ر.

تۆ كه‌ تائێستاش ناتوانی رسته‌یه‌كی به‌جێ بنووسی و سه‌رت له‌ خاڵبه‌ندی ده‌رناچێ و دوژمنایه‌تیت له‌گه‌ڵ رێزمانی كوردیدا هه‌یه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ كۆڵانان جنێو بده‌ی، هاتووی قسه‌ی ره‌ش هه‌ڵده‌ڕێژییه‌ سه‌ر كاغه‌زی سپی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی تۆ نووسین نییه‌، هه‌ڵڕشتنی داخی دڵێكی پڕ له‌ قینه‌.

تۆ كه‌ به‌جنێو و درۆ ده‌ست پێده‌كه‌ی، هه‌ر به‌و دوانه‌ش ده‌گه‌یه‌ كۆتایی، له‌ كۆڵانه‌وه‌، به‌بۆكس خه‌نجه‌ره‌وه‌ خۆت خزانده‌ نێو حیزب و له‌وێشدا كه‌ هاوڕه‌نگت زۆر بوون، به‌رپرسێكی شه‌ڕانی، بۆكس خه‌نجه‌ره‌كه‌ی بۆ گۆڕیته‌وه‌ به‌قه‌ڵه‌م، ئیدی له‌وێوه‌ له‌ جیاتی بۆكس خه‌نجه‌ر، قه‌ڵه‌م ده‌وه‌شێنی، بۆیه‌ زوو له‌سه‌ر خووی شیری كه‌ به‌سیخوڕی گۆش كراوی، رۆژنامه‌یه‌كی سیخوڕت فڕێدایه‌ نێو میدیای ماڵوێرانی كورد، كه‌ به‌هۆی سه‌ره‌ڕۆیی و قه‌ڵه‌م وه‌شاندنه‌كانت، حیزبكه‌شت بێزار كرد، تڕۆ كرای، لێ چی تۆ ته‌ڕ ده‌كا؟

تۆ كه‌ به‌موناسه‌به‌ و بێ موناسه‌به‌، په‌لاماری پیرۆزییه‌كانی كورد ده‌ده‌ی چۆن ده‌ته‌وێ به‌نووسه‌رت بزانم. بیستووته‌ ئه‌و شوانه‌ی بۆ بێ تاقه‌تی ده‌چووه‌ سه‌ر ته‌پۆلكه‌یه‌ك و هاواری ده‌كرد: فریام كه‌ون گورگ مه‌ڕه‌كانمی خوارد، جارێك و دوو خه‌ڵك به‌هانایه‌وه‌ چوون، به‌ڵام سێیه‌م جار كه‌ به‌ڕاستی گورگ له‌ په‌زه‌كه‌ی دا، زۆری هاوار كرد و كه‌س به‌هانایه‌وه‌ نه‌هات، چونكه‌ به‌ شوانه‌ درۆزنه‌كه‌ ناوی رۆیشتبوو، كه‌س باوه‌ڕی پێ نه‌كرد. تۆش هاتووی ببیته‌ شوانه‌ درۆزنه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی كوردی، ئه‌ویش له‌ كوێ؟ له‌ جێیه‌ك كه‌ خه‌ڵك به‌زه‌حمه‌ت باوه‌ڕ به‌راستییه‌كانیش ده‌كات.

بۆیه‌ ناوت ناهێنم و وه‌سفت ده‌كه‌م، چونكه‌ خۆشت ماوه‌یه‌كه‌ به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ جنێو ده‌ده‌ی، به‌قسه‌م ده‌كه‌ی واز له‌و بازاڕه‌ بێنه‌، ئیدی به‌ینی حیزبه‌كان هێنده‌ ته‌سك بۆته‌وه‌ كه‌ تۆ و حوشتر پێكه‌وه‌ به‌و كونه‌ ده‌رزییه‌دا ئاوا ده‌بن، بۆیه‌ بۆ كاسپییه‌كی دیكه‌ بگه‌ڕێی چاكتره‌، به‌ناوی خوازراویش مه‌نووسه‌، جنێوه‌كانت ئاشكرات ده‌كه‌ن، بۆیه‌ دڵنیابه‌ كه‌س ناتخوێنێته‌وه‌، تۆ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستت پێكرد و گه‌یشتییه‌وه‌ سفر، تۆ به‌بۆكس خه‌نجه‌ره‌وه‌ هاتی و به‌ده‌سكه‌ دڕكێكه‌وه‌ ده‌چییه‌وه‌، تۆ رابردوویه‌كت هه‌یه‌ پڕ له‌ شه‌رم، نوقم له‌ درۆ، لێواولێو له‌ جنێو.

 تۆ به‌ملێكی كه‌وتوو، چاوێكی كز، ده‌ستێكی له‌رزۆك، به‌شه‌له‌شه‌ل به‌ره‌و جێیه‌ك ده‌چی كه‌ لێی نووسراوه‌: تڕۆخانه‌.