ئه‌خیره‌ن مام جه‌لال له‌ سه‌ره‌كه‌وه‌ بوو به‌ سه‌رۆك ... عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت له‌ عێراقی هیواو ئاشتیدا، وێنه‌ی سه‌رۆكی عێراق له‌ ناوچه‌ی ئیماراتی پارتی یاساغ بێت، به‌ هه‌ڵواسینی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ تووشی حه‌سیرمه‌یدان كردنێك ببیت. سه‌رۆكی عێراق ئه‌گه‌ر خاترانه‌و براده‌ری كاك مه‌سعودی تێدا نه‌بێت، نه‌توانێت یه‌ك پۆلیسی حیمایه‌ له‌ هه‌ولێر دامه‌زرێنێت، باسی دامه‌زراندنی موسته‌شاری نه‌خوێنده‌وار هه‌ر مه‌كه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌وه‌ چه‌ند مانگه‌ سه‌رۆكی كوردستانمان هه‌یه‌، هه‌موو دانانیان به‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌و مه‌زن و مێژویی زانی، كه‌چی تا ئێستا نه‌یتوانییوه‌ هه‌وایه‌كی سه‌رۆكایه‌تی خۆی به‌ ئیسراحه‌ت له‌ دێگه‌ڵه‌ هه‌ڵمژێت نه‌ك ئه‌زمڕ، ئه‌وه‌ باسی جه‌وله‌ی ئازادانه‌ی له‌ ناوچه‌ی ئیماراتی ینك هه‌ر ناكه‌م. ئیتر ئه‌وه‌ باسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌ت هه‌ر مه‌كه‌ن، عێراق هه‌ر 16 پارێزگاكه‌ی یه‌كگرنه‌وه‌، ئه‌و دوو حكومه‌ته‌ یه‌كتری ڕه‌ته‌ كه‌نه‌وه‌، وه‌كو نیگه‌تیف و پۆزه‌تیفی موگناتیس وان دوژمنیان یه‌كتره‌، زیاتر له‌ یه‌كتریان نزیك بكه‌یته‌وه‌ قنگ بۆلای پێچه‌وانه‌كه‌ با ده‌ده‌ن.

 تا به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاسیا سێل و كۆڕه‌ك ته‌لیكۆم ده‌ست پێ نه‌كات هه‌موو یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك دیكه‌ (حزب، حكومه‌ت، ئیداره‌، گه‌ل، نه‌ته‌وه‌. . . ) فشه‌یه‌، ئه‌وه‌ی باشه‌ بۆرسه‌ی ئازاد نییه‌ له‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی كه‌پكی حه‌مه‌داغایان ببردایه‌ته‌ بۆرسه‌وه‌، ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و فیشه‌ك به‌ چوار ده‌یه‌ له‌ مل شكاندن نه‌یانتوانی ئه‌نجامی بده‌ن، یه‌ك چه‌كوش لێدانی بۆرسه‌ له‌ چركه‌یه‌كدا كۆتایی پێ ده‌هێنا، له‌م سه‌رده‌مه‌ ئه‌وه‌ی گیرفانی هه‌ره‌س بهێنێت، سیاسه‌ته‌كه‌شی كۆتاییه‌.

بۆیه‌ سه‌رۆكی عێراق، ئه‌گه‌ر له‌ فاوه‌وه‌ بۆ فایده‌ و قوشته‌په‌ سه‌رۆك بێت، له‌ هه‌ولێر ده‌بێت له‌ دوڕیانی بێستانه‌ كاك مه‌سعود بیباته‌ ناو شاره‌وه‌. كاك مه‌سعودیش سوێند به‌ دڵسۆزی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ری به‌هه‌ر چوار پێنج پارچه‌ی كوردستان بخوات، ئاڵایه‌كی عێراقی له‌ هیران پێ نایاته‌ خواره‌وه‌.

ئه‌وه‌ی تا ئێستا من سه‌رم لێی ده‌رناچوو، جیاوازی له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ره‌ك و سه‌رۆك بوو، ئێوه‌ش وا بزانم هه‌ر وا.

 له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی خه‌بات و په‌یامنێر و كلكه‌كانی دیكه‌،ناوی سه‌ره‌ك كۆماریان له‌ مام جه‌لال نا، كاك مه‌سعودیشییان كرد به‌ سه‌رۆك. ئه‌م ناولێنانه‌ زۆر لاوی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی بێلایه‌نی بارگاوی به‌ سه‌وزی نیگه‌ران كرد، پێیان ناخۆش بوو له‌وه‌ش پارتی به‌شه‌ شێره‌كه‌ی ببات. له‌ كاتێكدا كاك مه‌سعود كرا به‌ سه‌رۆك هیچ پله‌یه‌كی كارگێری فه‌رمی نه‌بوو له‌سه‌ر زه‌وی جگه‌ له‌ناو پارتی.

 ئه‌و كات كه‌ ئه‌و گله‌یی و گازندانه‌م خوێنده‌وه‌، زانیم نهێنییه‌ك هه‌یه‌، بۆیه‌ وا سه‌وزه‌كان ته‌نگه‌تاو بوونه‌، دیاره‌ سه‌رۆك باشتره‌ له‌ سه‌ره‌ك، به‌ڵام دوایی كه‌ ڕاگه‌یاندنی ینكیش سه‌ره‌كیان له‌ جیاتی سه‌رۆك بۆ پێشناوی مام جه‌لال به‌كارهێنا سه‌رم له‌و كاره‌ سوڕما.

ئه‌م ناو لێنانه‌ ڕێك به‌ دوای پێشوازییه‌كه‌ی كاك مه‌سعود له‌ مام جه‌لالدا هات له‌ هیران، ئیتر نازانم مفاوه‌زات له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ره‌ك و سه‌رۆكیش كرا یان هه‌ر دیارییه‌ك بوو پێشكه‌ش كرا، به‌ دوایدا ینكیش به‌ وشه‌ی سه‌ره‌ك ڕازی بوو. له‌ دڵی خۆمدا وتم: ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌موو جارانی پێشوو ڕازی بوونی ینكه‌ به‌ ئه‌مری واقیع.

ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌، دوێنی 2-9 له‌و كاته‌ی مام جه‌لال سه‌ردانی گۆڕی نه‌مران ئه‌كات له‌ بارزان و 400000 دۆلار له‌ موخه‌سه‌ساتی تایبه‌تی خۆی، پێشكه‌ش به‌ خێزانی ئه‌نفالكراوه‌ بارزانییه‌كان ده‌كات، تا ئێستا بۆیه‌ پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ چونكه‌ موخه‌سه‌ساتی نه‌بووه‌. ئیتر پله‌و ناوی سه‌ره‌ك كۆمار له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی پارتی ده‌گۆڕێت بۆ سه‌رۆك كۆمار، بۆ شایه‌دی ئه‌م ڕاستیه‌ش سه‌یری خه‌بات و په‌یامنێری 3-9 بكه‌ن.

 نازانم ئه‌مه‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌؟؟ یاخود پاداشت كردنی مامه‌یه‌ له‌سه‌ردانی بۆسه‌ر گۆڕی نه‌مران؟؟. ئه‌وه‌ نییه‌ من ڕه‌خنه‌م له‌م سه‌ردانه‌ بێت، به‌ڵكه‌ به‌سه‌ردانێكی مێژویی و ئازایانه‌ی ده‌زانم.

كه‌واته‌ ده‌توانیین بڵێین سه‌رۆكایه‌تی مام جه‌لال له‌ ناوچه‌ی پارتی له‌ 3-9 ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، له‌و ڕۆژه‌ی له‌ سه‌ره‌كه‌وه‌ بوو به‌ سه‌رۆك.