مه‌ترسێکانی دابه‌ش بوونی عیراق له‌ رابردووه‌وه‌ تا ئه‌مرۆ ... وه‌هاب شاه محمد

 

چاوخشانێک به‌ مێژووی سیاسی عیراق هه‌ندێ راستی ده‌خاته‌ روو، که‌ زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتانی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ تاکو پێش رووخانی به‌عس په‌یره‌ویان ده‌کرد له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵات به‌ بیرێکی ته‌سکی شۆڤینیسمی که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌م باره‌ی ئه‌مرۆیه‌ که‌ پێ تێپه‌رده‌بیین.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی عیراق و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ بیرته‌سکانه‌ی که‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاکایه‌تی و ناوچه‌ێکانی خۆیان به‌لاوه‌ گرنگ بووه‌، تاکو رووخانی به‌عس ئه‌م وڵاته‌ له‌ ماڵوێرانی زیاتر هیچی به‌خۆه‌ نه‌دیووه‌. پێشل کردنی مافه‌ سه‌ره‌تاێکانی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌، چی کورد بێ یان شیعه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی سوونه‌وه‌ رێگای بۆ ئه‌م باره‌ ناسک و ترسناکه‌ خۆش کرد.

ئه‌نجامدانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ته‌سک و نامرۆڤایه‌تیه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی به‌غدا دژ به‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌، جارێک به‌ ناوی عرووبه‌و، جارێکیش به‌ ناوی پاراستنی وڵات له‌ مه‌ترسێکانی ئیمپریالیستی جیهانی و ئیسرائیل ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌م باره‌ ئاڵۆزه‌ی درووست کرد، که‌ تاکو ئه‌مرۆش هه‌ندێ هێزو و لایه‌ن هه‌ن هه‌وڵی گه‌رانه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.

رۆژ نیه‌ له‌ دامووده‌زگا میدیاێکان گوێمان له‌ که‌سانێک نه‌بێ که‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵک ناوده‌به‌ن، که‌گوایه‌ عرووبه‌ی عیراق و یه‌کبوونی له‌ مه‌ترسی دایه‌. ئه‌م هێزو و لایه‌نانه‌ هه‌موو ئه‌و باره‌ی که‌ شۆڤینسمی عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتداره‌ سیاسێکانی رابردووی عیراق، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌عسی شۆڤینی خولقاندیان، ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی کورد و ئه‌وانه‌ی داوای عیراقێکی دیموکراسی فیدرالی ده‌که‌ن.

ئه‌م هێزانه‌ بۆ گێژکردن و سه‌رلێشێوانێ خه‌ڵکی، هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ی ئه‌مرۆی ناو عیراق به‌ خه‌تای کورد و ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌زانن، ئه‌وه‌ی بێ ئاگاش بێ له‌ مێژووی سیاسی عیراق واده‌زانێ که‌ هه‌شتا ساڵی رابردووی عیراق له‌لایه‌ن کورد وهێزه‌ دیموکراتێکانه‌وه‌ به‌رێوه‌ چووه‌. ئه‌وانه‌ قه‌ت باس له‌و هه‌موو کوشتاروو و کاره‌ساتانه‌ ناکه‌ن که‌ له‌لایه‌ن شۆڤینسمی به‌عسی عرووبه‌وه‌ ئه‌نجام رداوه‌، قه‌تیش به‌عس و ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشووی عیراق به‌ تاوانبار نازانن، به‌ڵکو هه‌موو تاوانه‌که‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵادارانی تازه‌ی عیراق و له‌ پێشووی هه‌مووشیانه‌وه‌ کورد.

هه‌ر ئه‌و شۆڤینسمانه‌ی جاران که‌ ته‌واو بێده‌نگ بوون به‌رامبه‌ر کوشتاره‌کانی به‌عس دژ به‌ خه‌ڵکی کورد و غه‌یره‌ کورد، ئه‌مرۆ به‌ناوی پاراستنی عرووبه‌ی عیراق و ئیسلام هه‌موو تاوانێک ده‌خه‌نه‌ سه‌ر کورد، له‌هه‌مان کات ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکی له‌ راستێکان دوورخه‌نه‌وه‌ که‌ هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م باره‌ کێ بووه‌و کێه‌.

ئه‌مرۆ هه‌ر ئه‌و شۆڤینیسته‌ عه‌ره‌بانه‌ خۆیان به‌ موسڵمان ناوده‌به‌ن، له‌کاتێک گه‌وره‌ترین تاوانیان دژ به‌ لایه‌نه‌ ئیسلامێکان ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌ویش به‌ ناوی به‌رنگاربوونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئێرانی ئیسلامی یان پاراستنی ئومه‌ی عه‌ره‌بی له‌ هه‌ره‌شه‌کانی هێزه‌ ئیسلامێکان.

رۆژ نه‌بوو هێزه‌ ئیسلامێکانی عیراق به‌ فارسی مه‌جووس ناو نه‌به‌ن و هه‌موو ناوچه‌که‌شیان به‌وه‌ ده‌ترسان که‌ رووخانی به‌عس سه‌ره‌تای ده‌سگرتنی شیعه‌یه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌که‌. ئه‌مرۆ هه‌ر ئه‌و شۆڤینستانه‌ خۆیان به‌ برای شیعه‌ ناوده‌به‌ن وه‌ک کوردیش به‌ گه‌وره‌تریین مه‌ترسی بۆ عرووبه‌و ناوچه‌که‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر بییری شۆڤینسمی عه‌ره‌بی یان به‌عسی نه‌بوایه‌، عیراق وڵاتێکی ده‌موکرات و بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌ما مه‌ده‌نێکان بووایه‌، نه‌ ئومه‌ی عه‌ره‌بی له‌ مه‌ترسی دابوو، نه‌ ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌وان باسی لێ ده‌که‌ن. نووسه‌رانی شۆڤینسمی عه‌ره‌ب نایانه‌وێ ئه‌و راستیه‌ بدرکێنن که‌ ته‌نها مه‌ترسێک بۆ پارچه‌پارچه‌ بوونی عیراق بییری ته‌سکیانه‌، نه‌ک دیموکراسی بوونی عیڕاق.

 ئه‌وان فیدرالیسم به‌ مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌ ده‌زانن بۆ عیراق، له‌ کاتێکدا بییری شۆڤینسمی خۆیانه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ یه‌کگرتووی عیراق ده‌کات و میله‌ته‌ جیاوازه‌کانی عیراق له‌یه‌ک دوورده‌خاته‌وه‌. ئه‌وان ئه‌وه‌ نازانن که‌ بوونی بییری شۆڤینسمی خۆیانه‌ هه‌میشه‌ گومان و بێ باوه‌ری درووست کردووه‌ له‌ نێوان که‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و زۆرینه‌ی خه‌ڵک.

مانه‌وه‌ی بییری شۆڤینسمی، یان هێزی ناسیونالیستی توندره‌و هه‌میشه‌ رێگا خۆش که‌ره‌ بۆ جیابوونه‌وه‌و پارچه‌پارچه‌ بوونی وڵات، نه‌ک پرنسیپه‌ دیموکراتێکان که‌ سنووره‌ ده‌سکرده‌کان ناهێڵێت و خه‌ڵکه‌کان له‌یه‌ک نزیک ده‌کاته‌وه‌.

Shah. wahab@gmail. com