پێشێلكردنی مافی ڕۆژنامه‌نوسان و ئازادیه‌كانی جه‌ماوه‌ر مه‌حكوم ده‌كه‌ین :

 

به‌یاننامه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ڕۆژنامه‌ نوسانی شاری كه‌لار له‌په‌راوێزی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی شاری كه‌لار

 

خه‌ڵكی گه‌رمیانی به‌ش مه‌ینه‌ت و پاشماوه‌ی قوربانیه‌كانی ده‌ستی به‌عس له‌زۆرمافی سه‌ره‌تایی خۆیان و له‌ساده‌ ترین خزمه‌تگوزاری و پێداویستی ژیانی هاوچه‌رخ بێبه‌شن، له‌م پێناوه‌یشدا و بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و به‌رزكردنه‌وه‌ی هاواری ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌بیركراوه‌ ڕۆژی 7/9/2005 كۆمه‌ڵێك گه‌نج به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌دوو ڕێكخراوی (گۆڕان و كۆمه‌ڵه‌ی به‌مه‌ده‌نی كردنی كه‌لار – ڕزگاری) خۆپیشاندانێكیان ڕێكخست. سه‌ره‌تا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و هێمنانه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ ڕێوه‌ چوو، دوای به‌رده‌وام بونی بۆماوه‌ی كاتژمێرو نیوێك خۆپیشانده‌ران هه‌ر سوربوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ قایمقام به‌ڵام قایمقام له‌سه‌رتادائاماده‌ نه‌بوو بێته‌ نێو خه‌ڵكه‌كه‌و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكات. تاسه‌ره‌نجام كاتێك ئه‌و هه‌وڵی گفتوگۆكردنی دا توڕه‌یی خه‌ڵكه‌كه‌ زۆرزیادی كردبوو له‌به‌ر ئه‌و ئاڵۆزیه‌ی كه‌ دره‌نگ هاتنی قایمقام دروستی كردبو هه‌ر بۆیه‌ نه‌توانرا گفتوگۆی نێوان قایمقام و خه‌ڵك به‌ئه‌نجام بگات، ئیتر دوای ماوه‌یه‌ك هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس به‌ته‌قه‌ كردن كه‌وتنه‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌و خۆپیشانده‌رانیش به‌به‌رد وه‌ڵامی ته‌قه‌كردنه‌كه‌یان داویه‌وه‌. له‌مه‌وه‌ ئیتر دۆخی ئاسایی ڕێپێوانه‌كه‌ تێكچوو ئاژاوه‌و پاشاگه‌ردانی زاڵبوو به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌داو هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ریش له‌ژێركۆنترۆڵإ سه‌رپه‌رشیتیارانی خۆیان ده‌رچون، ئه‌نجامه‌كه‌یشی به‌داخه‌وه‌ بو به‌هۆی برینداربونی زیاتر له‌30 كه‌س و ته‌قاندی هه‌زاران فیشه‌ك له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منیه‌كان و سوتاندن و په‌لارمادانی هه‌ندێك ده‌زگای خزمه‌تگوزاری حوكومی و تێكدانی دۆخی ئاسایی شاره‌كه‌.

له‌په‌راوێزی ئه‌م ڕوداوه‌دا ئێمه‌ وه‌كو چه‌ند ڕۆژنامه‌ نوسێكی سنوری كه‌لار به‌پێویستمان زانی ئه‌م تێبینیانه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو.

            1-     به‌ته‌قه‌وه‌ڵام دانه‌وه‌ی داواكاریه‌كانی خه‌ڵك كارێكی نادیموكراسیانه‌یه‌و له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت، بۆیه‌ داواكارین له‌هۆكاره‌كانی بكۆڵرێتـه‌وه‌ و ئه‌نجامده‌رانی لێپێچه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێـت.

            2-     به‌شێوه‌یه‌كی زۆربه‌ربڵاو ده‌ست درێژی كرایه‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌ نوسان و چه‌ندین ڕۆژنامه‌ نوس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی گرتن ولێدان و سوكایه‌تی پێكردن بونه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی ئامێری چه‌ند ڕۆژنامه‌ نوسێكیش شكێنراو هه‌ندێكیشیان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

            3-     پێشێل كردنی مافه‌كانی خه‌ڵك و به‌كارهێنانی توندو تیژی وه‌كو، لێدان به‌چه‌ك و بۆكس و شه‌ق و سوكایه‌تی پێكردن و جنێودان وزیندانی كردنیان،كه‌ڕێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی لێیان درا له‌منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵیه‌وه‌ بوون.

            4-     ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی كرایه‌ سه‌ر ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌دووره‌ له‌ئامانج و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی خۆپیشانده‌ران.

ئێمه‌ هیوادارین ده‌رس و ئه‌زمون له‌م ڕوداوانه‌ وه‌ربگیرێـت و ده‌زگاكانی حكومه‌ت توانای قبوڵكردنی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریانهه‌بێـت و ئاماده‌ بن گوێ له‌داواكانیان بگرن و خه‌ڵكیش به‌شێوه‌یه‌كی هێمنترو شارستانیانه‌ تر داواو ناڕه‌زاییه‌كانیان پێشچاو بخه‌ن.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆده‌كه‌ین كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس هۆشیاربكه‌نه‌وه‌ و رایان بهێنن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ و شارستانیانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر و رێز له‌مافی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ بگرن كه‌له‌ شوێنی رووداودا ئاماده‌ده‌بن.

 

به‌ ئیمزای: محمدحسین،ئازاد عوسمان،جه‌زامحمد، ئارام ئیكرام، عه‌دنان سه‌ید حسین، سه‌باح علی جاف،بێستون ژاڵه‌یی، ێاڵه‌ح میروه‌یس،ئه‌ركان حمه‌ڕه‌شید، لاوان ئه‌حمه‌د، گه‌رمیان حمه‌خان، محمد علی وه‌لی، شاخه‌وان فائق، عابد عبدالرحمان خه‌یات،عوسمان حمه‌له‌ك،مه‌لاته‌حسین گه‌رمیانی، جه‌مال ئه‌كبه‌ر، سوعاد حاته‌م، ئاراز فایه‌ق، فه‌ریق حه‌مه‌ساڵه‌ح، جیهان محه‌مه‌د، شاخه‌وان فایه‌ق، سروه‌ جه‌وهه‌ر، برٍیار محه‌مه‌د، فاخر عزه‌دین، ره‌زا ێه‌لاحه‌دین، عادل حسێن، په‌یمان ئه‌مین، دیار حسێن، ره‌حمان عه‌لی، دلێر عه‌بدولره‌حمان