با یادی 26 ساڵه‌ی تاوانی قاڕنێ بكه‌ینه‌ ڕۆژی ناڕه‌زایه‌تی گشتی دژ به‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ كوردستان و هانده‌ران: 2سێپته‌مبه‌ر ڕۆژی جینۆساید كردنی كورد له‌ كوردستانی خۆرهه‌ڵات 

 

جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان

هێزه‌ سیاسییه‌كان

ڕێكخراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و جه‌ماوه‌رییه‌كان

 

كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ی نه‌گریسیدا،سه‌دان تاوانی به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجام داوه‌. سه‌دان هه‌زار له‌ ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مانی كوشت و بڕ كردووه‌. ناوی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ ئه‌نجام دراون،یاخود ئه‌و ئیعدامه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزوێن نیشان دران،یاخود وێنه‌یان گرترا،كه‌م نین بۆ هه‌موان ئاشكرایه‌. به‌ڵام تاوانی قارنه‌ له‌ پاڵ تاوانه‌كانی قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و وسوكه‌ند كه‌ به‌ دوایدا هاتن، قه‌واره‌ی له‌ هه‌مووییان گه‌وره‌ترو به‌شێوه‌ی دڵڕه‌قانه‌ تر له‌ هه‌موو تاوانه‌كانی دیكه‌ ئه‌نجام دران، قوربانیه‌كانیشی كه‌سانی ژن و مناڵ و كه‌سانی سڤێل بوون.

ئێمه‌ بانگه‌وازتان ده‌كه‌ین، با هه‌موو پێكه‌وه‌ ڕۆژی كاره‌ساتی قارنه‌ كه‌ 2 سێپته‌مبه‌ره‌، بكه‌ین به‌ ڕۆژی دژایه‌تیكردنی جینۆساید كردنی كورد له‌ كوردستانی خۆرهه‌ڵات. ساڵانه‌ له‌و ڕۆژه‌دا یادی ته‌واوی تاوه‌نه‌كانی كۆماری ڕه‌شی ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد بكه‌ینه‌وه‌. تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ تاوانه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌شه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بناسێنین،وا بكه‌ین ئه‌م تاوانبارانه‌و سه‌رجه‌م تاوانبارانی كه‌ نه‌توانن به‌ ئاره‌زوی خۆیان گه‌له‌كه‌مان قه‌سابی بكه‌ن.

ده‌با بۆ یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م ساڵی 2-9 ڕۆژی جینۆساید كردنی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان،یه‌كگرتوانه‌ تواناكانمان یه‌كخه‌ین بۆ ناساندنی تاوانه‌كانی ڕژێم به‌ بیرو ڕای جیهانی و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵ كوژییه‌كانی. یاد كردنه‌وه‌ی له‌ ئاستی قه‌واره‌ی تاوانه‌كه‌و قوربانییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بێت.

ئه‌مساڵ له‌ كاتێكدا یادی ئه‌م كاره‌ساته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردستان بووه‌ به‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕاپه‌ڕین و ده‌یان قوربانی و سه‌دان بریندار و زیاتر له‌ 1000 زیندانی ته‌نها تاوانی ئه‌م چه‌ند هه‌فتووه‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ جه‌لادانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بووه‌ به‌ سه‌رۆك كۆماری ئێران، دڕنده‌یی ئه‌و هه‌ر به‌وه‌نده‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ وه‌ك پاسدارێك ڕۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مانی له‌ سه‌دان تاوانی وه‌ك قاڕنێ كۆمه‌ڵكوژی كردووه‌، بگره‌ له‌و دیو سنوریشه‌وه‌، نه‌خشی كێشاوه‌ بۆ تیرۆركردنی تێكۆشه‌ران و نه‌یاران،تاوانی شه‌هید كردنی د. عه‌بدوالڕه‌حمان قاسملو یه‌كێكه‌ له‌و تاوانانه‌. بۆیه‌ ئه‌ركمانه‌ ئه‌مساڵ هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ له‌ یادی كاره‌ساتی قاڕنێ تواناكانمان یه‌ك خه‌ین بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنی بكه‌رانی ئه‌م تاوانانه‌ و هه‌وڵدان بۆ دابین كردنی ناوچه‌یه‌كی داماڵراو له‌ زوبروزه‌نگ بۆ هاووڵاتیان له‌ كوردستان،

پێویسته‌ سه‌رانی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ پای تاوانه‌كانی بدرێنه‌ دادگا.

 

ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفال و جینۆساید كردنی كورد –چاك (كۆمیته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) 21-8-2005

 www. chak. info

Chak_org@yahoo. com