31 ئابی 1996! ... سه‌رکه‌ش

ئوپسالا/ سوید

 (هه‌واڵی کوژرانی ژه‌نه‌ڕاڵێک له‌به‌ره‌کانی جه‌نگه‌وه‌ به‌ناپلیۆن ڕاده‌گه‌یه‌نن، ناپلیۆنیش له‌ ته‌ته‌ره‌که‌ ده‌پرسێ ئاخۆ دوواقسه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ له‌سه‌ره‌مه‌رگاچی بوو؟ ته‌ته‌ری هه‌واڵ ه‌ێن گوتی گه‌وره‌م ژه‌نه‌ڕاڵ له‌به‌ر ئێش وئازاری برینه‌که‌ی ده‌یگوت ئای ئای،هه‌رناڵه‌وهاواری بوو، ناپلیۆن یه‌کسه‌ر به‌ (کاتب) نووسه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێ بنووسه‌ دوا قسه‌ی فلانه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ له‌سه‌ره‌مه‌رگا، بژی ناپلیۆن بژی ناپلیۆن بوو، دوای مردنی ناپلیۆن ته‌ته‌ره‌که‌ ڕاستی ڕووداوه‌که‌ی ئاشکرا کرد که‌ دوواقسه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ له‌سه‌ره‌مه‌رگا، بژی ناپلیۆن بژی ناپلیۆن نه‌بووه‌! به‌ڵێ ناپلیۆن توانی ئه‌م مێژووه‌ به‌ نووسه‌ره‌که‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌، به‌لام هه‌رگیز نه‌یتوانی بیکا به‌ ڕاستییه‌کی مێژوویی) *

 

 مێژوو و کورته‌باسێکی مێژوویی _ د. که‌مال مه‌زهه‌ر

 

کاژمێرنزیکی 8ی سه‌رله‌به‌یانی بوو که‌ پیره‌هه‌ولێرله‌گه‌ڵ ده‌نگی تۆپی قورسی دوورهاوێژ و بۆمپارانی ده‌بابه‌ هێرشکاره‌ جه‌نگیه‌کانی ئه‌نفال وه‌ئاگاهات. ئه‌م به‌یانییه‌و به‌یانی ڕۆژی 31ی نه‌ورۆزی 91 زۆر پێک ده‌چوون، هه‌ردوو جاره‌که‌ هه‌ولێر وخه‌ڵکی سته‌مکێشی هه‌ولێر بوو، هێرشی سوپای گرگنی به‌عسی ده‌کرایه‌ وسه‌ر تۆپباران ده‌کرا.

سوپایه‌کی به‌زیو به‌چۆک داهاتووله‌ڕووی هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان، سووپایه‌ک زاڵ و سه‌رکه‌وتوو به‌سه‌ر هێزه‌ ناوخۆییه‌کان به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کان، سووپایه‌ک ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی شاره‌شیعه‌نشینه‌کانی باشووری عێراق و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی تێکشکاندبوو، ڕه‌وه‌ چه‌ندملیۆنییه‌که‌ی به‌سه‌رخه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی کوردستاندا سه‌پاندبوو. سووپایه‌کی تینوو به‌خوێنی کاسه‌سه‌ری ئازادیخوازانی کورد و عێراقی.

ئه‌م به‌یانییه‌ و سه‌رله‌به‌یانی ئه‌وێ جارێ زۆر له‌یه‌ک ده‌چوون، له‌ شکست و هه‌ره‌س و تێکشکانی ده‌روونی نیشتیمانی نه‌ته‌وه‌یی گیانی ماڵی فکری دانیشتووانی شاری هه‌ولێر.

ئه‌م دوو به‌یانییه‌ زۆر لێک ده‌چوون، به‌لام هێنده‌ی زه‌وی وئاسمانیش لێک جودا.

به‌یانی ڕۆژی 31ی نه‌ورۆزی 91 خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی هه‌ولێر تێکڕا له‌به‌رگری وپاشه‌کشه‌دا بوون، هه‌موو ڕق ئه‌ستوو بوون به‌رامبه‌ر به‌ سوپای داگیرکه‌ر، هێشتا سه‌رمه‌ست وحه‌یرانی نه‌شئه‌ی سه‌رکه‌وتن و ڕزگاربوون، هه‌رچه‌ند حزبه‌کان هه‌ر له‌نیوه‌شه‌وه‌وه‌ بارگه‌وبنه‌یان پێچابۆوه‌، پێشوه‌خت وپێشڕه‌و شاریان چۆلکردبوو به‌ره‌و سنووره‌کان تێیان ته‌قاندبوو.

به‌یانی ڕۆژی 31ی ئابی96 خه‌ڵکی هه‌ولێر، ماندوو وه‌ڕه‌س له‌ئاگری بێ ئامانی شه‌ڕی یه‌ک قڕکردنی ناوخۆ، بێ هیوا به‌دوا ڕۆژ، توڕه‌ له‌ژیانی کۆڵه‌مه‌رگی ژێرده‌سه‌لاتی هه‌ردوو حزبی ڕکابه‌ر، یاخی وخه‌مسارد، به‌رامبه‌ر، به‌هه‌موو ئه‌و سنوور و کۆت وزه‌نجیر وزیندانه‌ بێ مانایانه‌ی حزبه‌ده‌سه‌لاتداره‌ناوچه‌ییه‌کان دروستیان کردبوو.

به‌یانی ڕۆژی 31ی ئابی96 دۆست و دوژمن پێکه‌وه‌ هێرشیان هێنایه‌ سه‌ر هه‌ولێر، هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و به‌عسی هاوکار بوون بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کییه‌تی،

بۆمبارانی کوێرانه‌ی ناو شاری هه‌ولێر، له‌وپه‌ڕی به‌ربه‌رییه‌تی خۆیدا بوو، که‌چی ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌هۆڵ وکه‌ڕه‌نای ڕزگارکرنی ده‌کوتا.

خه‌ڵک چاشمیش وچه‌واشه‌ ببوو، له‌ژێر نه‌عله‌تی تۆپبارانی خه‌ستی شار، ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان مارشی ئازادکرانی شاری هه‌ولێری بڵاو ده‌کرده‌وه‌.

به‌رگریکارانی شار، ئه‌مجاره‌یان، وه‌ک ڕۆژی 31ی نه‌ورۆزی 91 تێکڕای خه‌ڵک نه‌بوون ته‌نیا هێزی یه‌کییه‌تی نیشتیمانی وهاوپه‌یمان و لایه‌نگرانی سیاسیه‌تی ئه‌و حزبه‌ ڕکابه‌ره‌ بوون.

به‌رگری له‌ناو شاری هه‌لێر تا دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌وێ ڕۆژێ گه‌رم بوو، به‌لام دواتر له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وی ده‌بابه‌ و هێزه‌سوپایی وسیخوڕییه‌کانی حکومه‌تی به‌عس، به‌ره‌به‌ره‌، بۆمباران که‌متر بۆوه‌، ئالای زه‌ردی پارتی به‌دیارکه‌وتن، شوێنی ئالای سه‌وزی یه‌کییه‌تیان گرته‌وه‌.

له‌م ڕۆژه‌دا تۆپی ده‌بابه‌کان هه‌نییه‌ی ساختمانی په‌رله‌مانی کوردستانیانی سمی، شوێنه‌واری تۆپه‌که‌ ڕه‌نگه‌ ئێستاش وه‌ک په‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی که‌م تا زۆرێک دیارمابێ، ئه‌و ڕۆژه‌ ئاڵای به‌عس و ئه‌نفال له‌سه‌رپه‌رله‌مان شه‌کایه‌وه‌، ده‌بابه‌کان، گه‌یشتنه‌ سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر، گۆڕه‌پانی په‌رله‌مان بوو به‌ مۆڵگه‌ی ده‌بابه‌و سه‌ربازگه‌ی دوژمن.

ئه‌وێ ڕۆژێ كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌مڕا بۆجارێکی تر سه‌ربازو پیاوه‌کانی ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی ئه‌نفالم بینییه‌وه‌ که‌وتبوونه‌ پشکنینی هه‌ندێ ماڵ، به‌په‌له‌ که‌وتمه‌ شاردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ وکتێب ووێنه‌و هه‌رچییه‌کی هه‌م بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ خه‌ڵکانێکم بینی که‌سه‌رله‌به‌یانییه‌که‌ی چه‌کداری یه‌کییه‌تی بوون، له‌گه‌ڵ هێزه‌ به‌رنگاره‌کانی ئه‌وحزبه‌دا بوو، که‌چی دوای نیوه‌ڕۆ، له‌گه‌ڵ هێزی ئاڕ ئاڕ تاڵانی که‌ل و په‌له‌کانی حزبه‌که‌ی خۆیان ده‌کرد.

یه‌ک دوو ڕۆژدواترکه‌ له‌بن قه‌ڵا چاوم به‌ سه‌رباز و (زابت، ئه‌من، ئیستیخبارات) ئۆتۆمبێله‌کانی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی به‌غداکه‌وت، به‌ڕاستی وه‌ک نه‌خۆشێکی ڕاسته‌قینه‌ هێلنجم ده‌هاتێ به‌لادا ده‌هاتم خه‌ریک بووم بڕشێمه‌وه‌) .

 2005. 08. 31/ a_sarkash@hotmail. com

 

_____________________________________________________

* زۆرم هه‌وڵدا (مێژوو و كورته‌باسێکی مێژوویی د. که‌مال) م ده‌ستنه‌که‌وت بۆێی ده‌قی وه‌رگیراو کت ومت کۆپی کتێبه‌که‌ نییه‌، له‌باره‌ی زمان و داڕشتنه‌وه‌ی که‌م و کوڕی هه‌یه‌!