ڕۆژی شەممە ڕێکهوتی 15-10-2016 کات 19:30 ی ئێوارە، لههۆڵی یانهی کوردی "میدیـــا" لە ئەمستردام، فیلمی (شەوی حیساب)، نمایش کرا، لە سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمسازی کورد هونەرمەند (حوسێن سیودین)، کە لە بەشێکی رۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکان- ی نوسەری ناسراو (بەختیار عەلی)یەوە ئامادەی کردبووە. بەرهەمهێنانی فیلمەکە، بە خاوەندارێتی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما لە سلێمانی- سەربە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و بودجەی تێچوونەکەی دابین کردووە، فیلمهکە بهکوالیتیی سینهمایی بهرز بهرههمێنراوه و ژێرنووسی زمانی ئینگلیزی بۆ کراوه.

سەرەتا، سەردار فەتاح ئەمین بە ناوی ڕێکخراوە کوردییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هٶڵەندا، بە کورتی لەسەر چالاکییەکانی وەرزی نوێی ڕێکخراوی "میدیـــا" دواو باسی کاروبەرهەمەکانی هونەرمەند حوسێن سێودین کرد، پاشان بواری خۆشکرد بۆ دەرهێنەری فیلمەکە، دەربارەی شەوی حیساب و چۆنێتی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بۆ ئامادەبووان بدوێ.

ناوەڕۆکی فیلمەکە (شەوی حیساب)، لە بەشێکی کورتی ڕۆمانێکی ٦٣٠ لاپەڕەیی نوسەری ناسراو (بەختیار عەلی)یەوە ئامادەکراوە، بە ناونیشانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)، ساڵی ٢٠٠٥ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بەلای دەرهێنەرەوە نوسینەکانی بەختیار عەلی شاکاری ئەدەبی مەزنن، ئەم بەشەی بە تایبەتی (شەوی حیساب)، باشترین دەقە کە زۆر بە جوانی باسی کارەساتی ئەنفال ئەکات، بۆیە بۆ فیلمەکەی هەڵبژاردبوو.

بە کورتی ئاماژەی بەوە دا پاڵەوانی فیلمەکە نەقیب سامری بابلی، ئەفسەرێکی سوپای عێراقی بووە، لە جەنگی چەندین ساڵەی ڕژێمی سەدامدا، دژی بە گەلی کورد و لە پرۆسەکانی ئەنفالدا، جگە لەوەی بەدەستی خۆی خەڵکانێکی زۆری کوشتووە، زۆریشی ئەتک کردووە و چۆک و لووتی بڕیوون، جۆرەها پەتپەتی پێ کردوون، ئەم تاوانانە وا لە سامیری بابلی ئەکەن، شەوانە کە ئەخەوێت، هەمیشە مۆسیقاژەنێکی فلوتی کورد دێتە خەوی، بە جۆرێک ئیتر لە ژیانی خۆی بێزار ئەبێت، چونکە کە ئەیەوێت لێی نزیک بێتەوە، ناتوانێ و خەبەری ئەبێتەوە. . ئەم حاڵەتە لەگەڵ سامیری بابلیدا درێژە ئەکێشێت، تا کاتی ڕوودانی پرۆسەکانی ئەنفال، لە یەکێک لە زیندەبەچاڵکردنکردنی کۆمەڵێک ژن و منداڵدا، مێردمنداڵێکی مۆسیقار بە فلوتەکەیەوە ئەبینێت، لەوکاتەدا خەوەکانی خۆی بیرئەکەوێتەوە و هەرچۆنێک ئەبێت، ئەیەوێت ئەو مێردمنداڵە رزگار بکات. . . بە گوێرەی ئەو گێڕانەوەیە، سامیری بابلی لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، ئەم فلوتژەنە، جەلادەتی کۆتر دیلی ئەکات، کە کاتی خۆی هەر خۆی ڕزگاری کردووە و تیماری کردووە.

بە هامئاهەنگی هەردووکیان، دادگایەکی بۆ ڕێکئەخات، چونکە ئەویش ئازاری تاوانەکانی رۆژبەرۆژ تەنگی زیاتری پێ هەڵئەچنێت، بۆ ئەو مەبەستە دە کەس لەو قوربانیانەی، کە رزگاریان بووە، لە پرۆسەی ئەنفال و بەدەستی سامیری بابلی سزادراون کۆ ئەکەنەوە، وەکو شاهیدعەیانێک هەریەکەیان بۆچوونی خۆی دەربارەی تاوانەکانی نەقیب سامیری بابلی لە دادگاکەدا ئەخەنەڕوو، تا لە ئەنجامدا زۆرینەیان بڕیار لە کوشتنی ئەدەن.

تا جەلادەتی کۆتر ئەگاتە ئەو قەناعەتەی پەشیمان ببێتەوە، لەوەی هێناوێتی ئەم دادگایەی بۆ ساز کردووە، بریا سامیری بابلی دیل نەکردایە، چونکە ئەم باوەڕی بە تۆڵە کردنەوە نییە.

لەم دادگایی کردنەدا شێوازی بیرکردنەوەی قوربانییەکان ئەخرێتە ڕوو، ناکرێت لێرەدا سەرجەمی ڕووداوەکانی ناو رۆمانەکە و فیلمی شەوی حیساب بگێڕینەوە.

ئەوەندە ئەڵێم بەلای ئامادەبووانی ئێوارەکەوە، فیلمەکە توانیبووی واقیعیانە بەرجەستەی دڕندایەتی رژێمی بەعس و سەدام حسێن بکات لە جینوسایدکردنی گەلی کورد و ئەنفال کردنی ١٨٢ هەزار مرۆڤی سڤیلدا.

لە کۆتایی فیلمەکەدا تەوەری گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لە نێوان ئامادەبووان و کاک حوسێن سێودین دا کرایەوە، گەلێک پرسیاری جەوهەری وروژێنران. .

ناکرێت لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی ئەم چالاکیانەی یانەی کوردی "میدیـــا"دا ڕۆڵی بەڕێزان: مەبەست جەعفەر عوسمان و ئالان ئەمین و ئیبراهیم عەلی سەعید لە پێشچاو نەگرین، وەک دەستەی سەرپەرشتیاری یانەی کوردی "میدیـــا"ی ئەمستردام، هەمیشە بزوێنەر و داینەمۆی چالاکیەکانی بوون.