دوای ئەوەی لە باشووری عێراق لەدژی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و جێگری سەرۆک کۆماری عێراق خۆپێشاندانی بەرفراوان ئەنجام دران و چەندین دروشمی جۆراوجور لەدژی گوترانەوە، حزبی دەعوەی عێراقی لایەنێک بە هاندەری خۆپێشاندەران دەزانێت و هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی شەڕ دەکات.

کەناڵی (سۆمەرییە) لێدوانێکی عەباس ئەلموسەوی ڕاویژکاری ڕاگەیاندنی نووری مالیکی بڵاو کردەوە کە ڕایگەیاندبوو، ئەو خۆپیشاندانانەی لە باشووری عێراق لەدژی مالیکی بەرێوەچوون خۆڕسک نەبوون و دەستی لایەنێکی سیاسیی لەپشتەوە بووە و مەبەست لێی کوشتنی سیاسی و جەستەیی مالیکی بووە ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد ئەندامانی ئەو لایەنە لە ڕێگەی خۆپیشاندەرانەوە دەیانویست مالیکی بکوژن و ئەم خۆپیشاندانە لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێکخڕابوو.

لەلایەکی دیکەوە، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە بو سەر مالیکی کراون و ڕایگەیاندووە چەند کەسێکی دەرچوو لە یاسا کە سەر بە کوتلەیەکی سیاسیی ناسراو و ئاژاوەگێڕ لەپشت ئەم خۆپیشاندانەوە بوون. بەیاننامەکە هوشداری داوە لە دووبارەکردنەوەی ئوپەراسیۆنی (سەولەت ئەلفورسان) لەدژی ئەوکەسانە و ڕایگەیاندووە "دەرچووان لە یاسا ڕووبەڕووی سەولەت ئەلفورسان دەبن بە پشتیوانیی خوا و خەڵکی بەسرا و فەیحا بەرگری لە ناوچەکانیان دەکەن و تاوانباران دەردەکەن.

چاودیران پێیان وایە ئەمە سەرەتایەکی تازەیە بۆ دووبارە ئەنجامدانی کرداری چەکداری لەنێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر و چەکدارانی سەربەحزبی دەعوە و بەکارهێنانی سوپا و پولیس لەلایەن دەعوەوە لەدژی سەدر.