وه‌زیری كۆچی ئوسترالیا پیته‌ر داتن ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر توانیان بۆ خه‌ڵكی ئوسترالیای بسه‌لمێنن كه‌ پڕۆگرامه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌رانی سوریا و عێراق جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌وانه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌كرێت ئه‌و پڕۆگرامه‌ فراوان بكرێت و ژماره‌ی وه‌رگیراوان زیاد بكه‌ن.
ووته‌كانی وه‌زیری كۆچی ئوسترالیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تا ئێستا ته‌نها نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ په‌نابه‌رانی سوری و عێراقی كه‌ ساڵی پار حكومه‌تی ئوسترالیا بڕیاریدا وه‌ریانبگرێت كه‌ 12 هه‌زار په‌نابه‌ر بوون، له‌ ئوسترالیا نشته‌جێ كراون.
پڕۆگرامی مرۆیی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران پڕۆگرامێكه‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ به‌بی گرتنه‌به‌ری ڕێگا قاچاخه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ ئوسترالیا ده‌كه‌ن و له‌پاش یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌نیان و ناساندنیان وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ئوسترالیا.
به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ڕێوشوێنه‌ توندانه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی ئوسترالیا له‌باره‌ی پشكنینه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ پیاده‌یان ده‌كات، پڕۆسه‌ی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كه‌یسی په‌نابه‌ران كه‌ زۆرجار له‌ كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌یان ده‌كرێت، زۆر خاوه‌. هاوكات، وه‌زیری كۆچی ئوسترالیا دووپاتی كردوه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌ویت دڵنیابن له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ ئوسترالیا نیشته‌جی ده‌كرێن.

سه‌رچاوه‌: گاردیان، ئه‌ی بی سی نیوز