هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بڵاوی کردەوە کە لە سەرەتای شەڕی ئازادکردنی موسڵەوە زیاتر لە ١٣٠٠ چەکداری داعش کوژراون. ئاژانسی سۆمەرییە بەیاننامەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعشی بڵاو کردەوە کە ئاشکرای دەکات لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوە موسڵەوە تائێستا ١٣٦٣ چەکداری داعش کوژراون. ئەو هاوپەیمانێتییە هەروەها لەڕیی خستنەخوارەوەی ملیۆنان ڕاگەیەندراو و ئاگادارییەوە، داوایان لە خەڵکی ناوشاری موسڵ کردووە لەدژی چەکدارانی داعش ڕاپەڕن.

شایانی باسە، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوە موسڵ لە ١٧ی مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد و لە چەندین میحوەرەوە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دیکەی عێراق هێرش کرایە سەر پێگە و حەشارگەی تیرۆریستیانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە توانییان لەو شوێنانە کە پلانیان بۆ دانابوو، سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن و پێشڕەویی هێزەکانی دیکەی عێراقیش بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ بەردەوامە.