لە سەردانێکدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆف نوێنەری ڤیلادیمر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیزۆستیای ڕووسی کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاو کرایەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتیی کۆمەڵگەی جیهانی و هاوپەیمانان هەیە کە ڕووسیاش یەکێکە لەو وڵاتانە و داوا دەکات بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دژ بە تیرۆر. بە پێی سەرچاوەکە، فەلاح مستەفا ڕایگەیاندووە کە لە دیدارەکانیدا، لایەنە ڕووسییەکان بەردەوامی پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشیان دووپات کردووەتەوە.