بەپێی ئاماری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بۆ ٢٧٥ هەزار کەس دابەزیوە. کەناڵی (سی. ئێن. ئێس) ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (ئەی. دی. ئێف ئەنترناشناڵ)ی بڵاو کردەوە کە تیاندا ئاماژە بە ژمارەی دانیشتووانی مەسیحیی عێراق دەکات کە بە پێی ئەو ئامارە، تا بەر لە ساڵی ٢٠٠٣، نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی کریستیان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا دەژیان. بەڵام لەئێستادا ئەو ژمارەیە بۆ ٢٧٥ هەزار کەس دابەزیوە.

ڕێکخراوی (ئەی. دی. ئێف ئەنترناشناڵ) لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی (جینۆساید دژ بە کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) کە ئاراستەی جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە هێرش بۆ سەر مەسیحییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، لەوانە هێرشی سەر کەنیسەی کریستیانەکان لە بەغدا لە ساڵی ٢٠١٠ کە کوژرانی ٥٢ مەسیحیی لێکەوتەوە، هەروەها کوژران و برینداربوونی نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی مەسیحیی دیکە لە هێرشێکی تیرۆریستی لە ساڵی ٢٠١٣. ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە هەروەها باسی لەو هێرش و دەستدرێژییانەی داعش کردووە بۆ سەر کریستیان و ئێزدی و کەمە نەتەوە و ئایینەکانی دیکە لە عێراق لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا.

شایانی باسە، کریستیانەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان ژیانیان پارێزراوە و بەو هۆیەشەوە دانیشتووانی ناوچە مەسیحی نشینەکانی پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بەمەبەستی پاراستنی گیانیان لە پەلاماری داعش و کردەوە تیرۆریستییەکان، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە و وەک پەنابەر نیشتەجێ کراون و لە ڕاپۆرت و بەدواداچوونی میدیا جیهانییەکانیشدا هاتووە کە ژیانی ئاوارە و پەنابەرانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێداویستیی ژیانیان بۆ دابین کراوە.