ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە ئەنجامدانی چەندین تاوانی جەنگیی دژ بە سوننەکان لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە. لە بەیاننامەیەکدا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئەنترناشناڵ)، چەکدارانی حەشدی شەعبیی بە پێشێلکاریی مەترسیدار و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە دژی ئەو عەرەبە سوننانەی عێراق تۆمەتبار کرد کە لەدەستی داعش هەڵاتوون.

فیلیپ لۆپەر، سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، لە بەدواداچوونێکدا بۆ ئەو پرسە، ئاماژەی بەوە کردووە کە عەرەبە سوننەکان لە فەللوجە و شەڕگات و دەوروبەری حەویجە و موسڵ لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەرەوڕووی هێرشی خوێناوی بوونەتەوە.

لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، چەکدارانی حەشدی شیعەی شەعبی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هاوکاریی دارایی و سەربازی دەکرێن، لەو ڕووەوە حکومەتی حەیدەر عەببادی بە بەرپرس دانا لەو پێشێلکارییانەی حەشدی شەعبی کە دەرهەق بە عەرەبە سوننەکان ئەنجامی دەدەن و بە پێویستی زانی هەنگاوی جیددی بگرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەی کارەسانی مرۆیی لەو ناوچە سوننەنشینانەی کە لە دەستی داعش ڕزگار دەکرێن.