بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لەسەر زاری ئەحمەد ئەسەدی وتەبیژی حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە، دوای دەرکردنی چەکدارانی داعش لە عێراق، بەرەو سنووری سووریا دەڕۆن بە مەبەستی هاوکاری و پشتیوانیکردن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد.

ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەکدارەکانیان دوای پاککردنەوەی تەواوی خاکی عێراق لە تیروریستان، ئامادەن ڕوو لە هەر شوێنێک بکەن کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق هەبێت. سەرکردەی حەشدی شەعبی ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا ئێمە هاوکاری و پشتیوانیی سوپای عێراق دەکەین بەمەبەستی ڕزگارکردنی موسڵ، هەروەها هێزەکانمان ئامادەن دوای عێراق، بەرەو سنووری سووریا بڕۆن بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا.

هاوکات فالح فەیاز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی حکومەتی عێراق و سەرکردە لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە هێزەکانی حەشدی شەعبی دوای ئازادکردنەوەی موسڵ ڕەوانەی سووریا دەکرێن. بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەلقەبەس، فەیاز وتوویەتی ئاڵوگۆڕەکانی سووریا و عێراق گرێدراوی یەکترن، هەربۆیە ناچارین دوای ئازادکردنەوەی موسڵ بچینە سووریا و لە شەڕی داعشدا هاوکاریی حکومەتی دیمەشق بکەین.