لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاژانسێکی فەرەنسی باس لە ئەرک و شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات. لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا کە ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەرەنسا (ئار.ئێف.ئای) بڵاوی کردەوە، باس لە کاریگەریی حەشدی شەعبی دەکات لە کایە سیاسییەکانی عێراق، ئەو هێزەی کە کۆکراوەی چەکدارانی ٤٢ ڕێکخراوی شیعەیە و وەک هێزەکانی دیکەی سوپای عێراق موچەی خۆیان لە حکومەتی بەغدا وەردەگرن.

بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە فەرەنسییەکە، حەشدی شەعبی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و وەک باسکی بەهێزی سەربازی و ئەمنیی ئێرانی ناوبردووە لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانی ئێران لە عێراق و لەلایەن سەردار قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانییەوە سیاسەتەکانی تارانیان پێدەگات.

نێردراوی تایبەتی فرانس پرێس بۆ عێراق لە ڕاپۆرتەکەیدا دوای سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران سەرچاوەی دابینکردنی داهات و چەک و کەرەستەی سەربازییە بۆ زیاتر لە ٨٠ هەزار چەکداری حەشدی شەعبی و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە هەیە بەتایبەتی سوپای بەدر و کەتیبەکانی حزبوڵڵا، هەربۆیە پێی وایە کە ئەو هێزانە پێڕەوی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە لە عێراق دەکەن.