دوای ئەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری سووری ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەشێک لە ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان باس لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەکەن بەشێوازی جیاجیا و هەندێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیان لەمدا هەیە و داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دەکەن. لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر و چەندین ڕێنمایی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە و هەروەها بەردەوام هەوڵیداوە ژیانی تاکەکانی بەرەو باشتربوون ببات و زەمینەیەکی پێکەوەژیانی بۆ ڕەخساندوون بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاشتیانە و پێکەوە لە هەرێمی کوردستان بژین بە پەنابەر و ئاوارەکانیشەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕەوشە ئابووری و ئەمنییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بووەوەتەوە ئاستەنگ لەبەردەم بەرێوەچوونی ئەرکەکانی حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە دروست بووە.

زێباری سەبارەت بەم بابەتە وتی: بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8322) لە ١٦ی ئایاری 2016 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێکهێنرا لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ئەرکیان بەدواداچوون بوو بۆ ئەو کەیسانە کە لە هەندێک ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئاماژەی پێکرابوو، هەروەها بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم کەیسە چەند لیژنەیەکی دیکە پێکهێنران لەوانە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ژمارە (9386) لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٦ چەند لیژنەیەکی لاوەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکانی هەرێم بە بەشداری ئەندامانی ئاسایش و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهێنران. لەلایەکی دیکەوە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ژمارە (573) لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٦ لیژنەیەکی لاوەکی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ژنانی پەنابەری ڕۆژئاوا بەتایبەت لە کەمپی دۆمیز لە دهۆک پێکهێنرا.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: دوای ئەوەی لیژنەکان دەستبەکار بوون، کۆمەڵێک ڕێنمایی لە دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پەسەندکراوە و بە گوێرەی ئەم ڕێنماییانە ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت کە بەرپرسیارن لە پێدانی مۆڵەتی مانەوە بۆ کرێکارانی بیانی، دەبێت کارئاسانییان بۆ بکرێت، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی کرێکاری بیانی دەهێننە هەرێم بەرپرسیارن لە گێڕانەوەی کرێکارانی بیانی بۆ وڵاتی خۆیان پێش تەواوبوونی ڤیزایان و ئەگەر هاتوو نەنێردرانەوە، ئەوا بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار سزا دەدرێن و ڕووبەڕووی سزادانی یاسایی دەبنەوە.

سەبارەت بە کاری لیژنە لاوەکییەکان بەتایبەتی ئەوەی لە پارێزگای دهۆک پێکهاتووە، زێباری وتی: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لیژنەکە گەیشتۆتە چەند ڕاستییەک دەربارەی ئەو کەیسانەی باس کراون، لەوانە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشوودراون بە نهێنی بووە و بەشێوەیەکی نایاسایایی و بەبێ ڕەزامەندی دادوەر یاخود دادگا ئەم کارە ئەنجامدراوە، هەر کەسێک لە بەشوودانی منداڵان دەستی هەبووبێت ئەوا دەستگیر دەکرێت و لە دادگا بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها سەبارەت بە هەموو ئەو کەیسانەی باس لەوە دەکەن کە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئافرەتان لەلایەن دانیشتووانی ناو کەمپەکە پشتڕاست نەکراونەتەوە.