نووسەرێکی ئەمریکی دەڵێت کوردەکان لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا لە ڕێی هەناردەکردنی سەربەخۆییانەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، مێژوویان گۆڕی، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە بودجەیان لەلایەن حکومەتی بەغداوە بڕدرابوو. لە بابەتێکیدا بەناوی (بۆرییە نەوت لە خۆڵدا) کە لە (فۆرن ئەفێرز) بڵاویکردووەتەوە، نووسەری ئەمریکی (ڕاچێل ھێڤرلبروک)، پرۆفیسۆری زانکۆی ئیلیانوس، باس لە قۆناغی دوای ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ دەکات و دەڵێت، "لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا کوردەکان مێژوویان گۆڕێ".

ھیلڤبروک دەنووسێت، "دەکرێت نەوت بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بەکار بهێنرێت، ئەگەر خەڵکی ناوچەکە نەک بیانی لێی باڵادەست بن، کوردەکان ڕێک وایانکرد، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بودجەی بڕین یەکسەر دەستیان کرد بە ناردنی سەربەخۆیانەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە بازاڕدا فرۆشتیان بێ ئەوەی ھیچ دەوڵەت و لایەنێک بایکۆت بکەن، ئەمەش کۆتایی بە مێژووی سەدەیەک ھێنا کە بایکۆت و بێدەسەڵاتیی خەڵکی ناوخۆ لە فرۆشتنی نەوتی تێدابوو. بۆری نەوتیان ڕاکێشا و بەو کارەیان دوژمنایەتیی چەند ساڵەی کورد و تورکیا کۆتایی پێهات، جگە لەوەش کە داعش ھێرشی کرد، پێشمەرگە بووەتە پارێزەری خەڵک و سەرچاوەکانی نەوت و گازی سروشتیی ئەو ناوچەیە و خۆیان پاراستیان، ئەمەش دیسان مێژوویەکی نوێیە کە ئەگەر ئیمتیازی نەوت بەدەست خەڵکی ناوخۆیی ئەو ناوچانەوە بێت، ئارامی و ئاسایش دەپارێزرێت و بەرژەوەندیی وڵاتانیش وەک یەک پارێزراو دەبێت. ئەوە ڕێک ئەوەیە کە کوردەکان کردیان لە دوو سێی ساڵی ڕابردوودا".