کۆنسەى گشتیى پەرلەمانى ئەوروپا لە دانیشتنى دوێنێیدا بڕیاری دا هاوکاریى هەرێمی کوردستان بکات بۆ دەربازبوون لە قەیرانى دارایی و ئەمڕۆش کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە.

لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ (ناوەندى هەواڵى ئازاد) وتى "نوێنەرانى هەر بیست و هەشت وڵاتى ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ئیمزایان لەسەر کردووە و ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر ئەوەى بانکى نێودەوڵەتى و سندوقى نێودەوڵەتیى دراو قەرز بدەنە هەرێمی کوردستان و لەو قەرزانەى دەدەنە عیراق، مەرج دابنێن بۆ بەغدا کە پشکی هەرێمی کوردستانی لێبدات". هەر بە پێی لێدوانی ئاژگەیی، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەهەمان کاتدا بڕیاریان داوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن دەربارەى هاوکارییەکانى بانکى وەبەرهێنانى ئەوروپى تا هەموو ئەو قەرزانەى دەدرێنە عیراق مەرجى ئەوەى تێدابێت بەشى هەرێمى کوردستانى لێبدەن.