نووسەرێکی عەرەب پێی وایە، عەرەبەکان بە پاڵپشتیکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەتوانن خۆیان لە شەڕی ناوچەیی بپارێزن. ساڵح قەللاب وەزیری پێشووی ڕۆشنبیریی شانشینی ئوردن و نووسەری بەناوبانگی عەرەب، ڕایگەیاند کە عەرەبەکان تەنیا بە پاڵپشتیکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەتوانن خاوەندارێتیی وەڵاتەکانیان سەقامگیر بکەن و خۆیان لە شەڕی هەرێمایەتی بپارێزن.

لە گۆشەی ڕۆژانەی خۆیدا لە کەنالی (ئەلعەرەبیە حەدەس)، ساڵح قەللاب دەڵێت "لە میراتگرانی دەوڵەتی عەسمانی تەنیا گەلی کورد لە دەوڵەتی نەتەوەیی بێبەش کرا و ئەو میللەتە بەهێز و گەلە مەزنە پارچە کران و بە وڵاتانی دیکەوە گرێدران". ئەو نووسەرە بە پێویستی دەزانێت عەرەبەکان پاڵپشتی لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد بکەن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییان کە یەک سەدەییە لێی بێبەش کراون. لەو ڕێگەیەشەوە عەرەبەکان دەتوانن خاوەندارێتیی وەڵاتەکانیان سەقامگیر بکەن و خۆیان لە شەڕی ناوچەیی و هەرێمایەتی بپارێزن.