بزوتنەوەی زەردەشتیی کوردستان بەیاننامەی دامەزراندن بەناوی ئاهورەمەزدای گەورە بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک

هاوڵاتیانی هێژای کوردستان: لە کاتێکدا نەخشەی جوگرافی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین کەوتۆتە بەردەم گەورەترین باهۆزی گۆڕانکاری و ناوچەکە، بەهەرچوارپارچەی کوردستانەوە؛ لەبەردەم جەنگێکی خوێناوی ئەوتۆدان کە سنورەکان و قەوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەتنیەکانی خستۆتە بەردەم گۆڕانکاری مێژوویی و جدی. ئا لەو کاتەدا ئێمەی شوێنکەوتوانی هزرو بیرو فەلەسەفەی ئەشۆ زەردەشتی مەزن، وەک بەرپرسیاریەتی مێژوویی لەو باوەڕەداین؛ کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لەنێو چوارچێوەی بزوتنەوەی زەردەشتی ساز و تەیار بکەین! لە مێژوودا داگیرکەران بەزۆری شمشێر و فتوحات، نیشتیمان و نەتەوەی ئێمەیان داگیرکرد، بەوەشەوە نەوەستان لە رێگای ئاین و ئاینزای نامۆ بە گەل و نەتەوەی ئێمە، کەلتورو مێژووی ئێمەیان دزی. یەکەم مێژووی دابەشکردنی کوردستان و یەکەم پەیمانی لەتوپەتکردنی وڵاتمان، داگیرکەران و هەڵگرانی مەشخەڵی هەمان ئەو ئاینە نامۆیانە لە ئەستۆیان گرت. وەک ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە؛ ئەمڕۆ بە هەمان شێوازی دوێنێ، کوردستان کراوەتە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێی ئەو ئاین و مەزهەبانەی کە دەخوازن گەلی کورد و وڵات و مێژووەکەی لە نەخشە بسڕنەوە. ئەمڕۆ فاشیزمی ئاینی گەشتۆتە قۆناغێکی هێندە مەترسیدار، کە خەریکە نەتەوەی سونە و نەتەوەی شیعە، لەنێو ئاگردانی جەنگی خۆیاندا هەموو نەتەوە رەسەنەکانی ناوچەکە دەکەنە سوتەمەنی بۆ خۆیان و لە نەخشە دەیانسڕنەوە. هاوڵاتیانی هێژای کوردستان: گەلی کوردستان تەنها لە ژێر ئاڵاو هزرو فەلسەفەی زەردەشتی مەزندا، خاوەنی پەیمانی کۆمەڵایەتی - نەتەوەیی خۆی بووە. پەیامی مەزدای گەورە داوامان لێدەکات ( کۆبین لەنێو ئاینی پیرۆزی زەردەشتیدا)، دەبێت بەبڕوای (مەزداو وڵات و نەتەوە) پێشەنگبوونی خەبات و بەرگریکردن لە ناسنامەی کوردبوونی خۆمان لە ئەستۆ بگرین. دەبێت لاوان و کچان و ژنان و کوڕانی ئەم وڵاتە، بە قەدەرێک رازی نەبن کە دوژمنانی گەل و نەتەوەکەمان لەژێر ئاڵای رەشی خۆیاندا نەخشەیان بۆ داناوە. نەتەوەیەک نەتوانێت ئاینی نەتەوەیی هەبێت و سەروەریی و کەرامەتی خۆی لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەربەخۆدا بپارێزێت؛ دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و بۆ هەتایە دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو. لە دوای چارەکە سەدەیەک لە راپەڕینی جەماوەری گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، بۆشاییەکی کوشندە لە بواری هزرو ئاین درکی پێدەکرێت. ساڵانێکە لاوان و کوڕوکاڵی وڵاتمان وێڵن بەدوای راستیەکانی دیرۆک و کەلتوری رەسەنی خۆیان؛ بۆ ئەوەی شارستانیەتی رەسەنی خۆیان سەرلەنوێ لە ئامێز بگرنەوە. هەڵگیرسانی شوڕشێکی فەرهەنگی و کەلتوری بەدوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی، بە پێداویستی قۆناغەکە دەزانن. ئێمەی شوێنکەوتوانی هزری زەردەشتی مەزن، لە رۆژی چوارشەمەی پیرۆزی ١١-٥-٢٠١٦ خاوەنداریمان لە ئاین ومێژووی خۆمان کرد و لەسەر مەزاری پیری گەورەو هێژامان، پیرەمەگرون، بە خۆڵی کوردستان سوێندمان خوارد و دڵۆپە خوێنی خۆمان وەک پەیمانی پەیماندارانی زەردەشتی تێکەڵ بە خاکی خۆمان کرد! لەمڕۆ بەدواوە ئێمە سەربازی بە ئەمەک و شوێنکەوتووی هزری زەردەشتین و لە چوارچێوەی ئەو بزوتنەوەیەدا خۆمان رادەگەیەنین. بۆیه‌ داواكارین له‌ لاوان و ژنان و ڕوناكبیران له‌نێوئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا خۆیان به‌ (بیری چاك، وتەی چاک، كرداری چاك) سازوپه‌روه‌رده‌ بكه‌ن.

دەستەی دامەزرێنەر سلێمانی – مەزاری پیرۆزی پیرەمەگرون ١١-٥-٢٠١٦