سیاسەتمەدارێکی ئیستونیا، داوا لە وڵاتەکەی دەکات بە ھاوکاریی یەکێتی ئەوروپا ئەرکی داڕشتنی نەخشەی کوردستانی سەربەخۆ بگرێتە ئەستۆ. دەشڵێت نەخشەکێشانی دەوڵەتی کوردستان، ئیستونیا دەگەیەنێتە پاڵاوتن بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئیندریک تەراند ئەندامی پەرلەمانی ئیستونیا، سیاسەتمەدار و مێژووناس و ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی بواری دیموکراتیی ئەو وڵاتە، لە گۆڤاری بەلتیک (دیپلۆماتییە) داوا دەکات ئیستونیا مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات و ئەرکی داڕشتنی نەخشەی کوردستانی سەربەخۆ بە ھاوکاریی یەکێتی ئەوروپا بگرێتە ئەستۆ.

تەراند، بە دوورو درێژی مێژووی کورد دەگێرێتەوە لە سەردەمی زوو تا سەرەتای سەدەی ڕابردوو و ڕێککەوتننامەی سایکس بیکو لەگۆڕنانی خەونی سەربەخۆیی کورد لە ڕێککەوتننامەی سیڤەر، کۆتایی ھاتنی بە سایکس بیکۆ و تەرخانکردنی ئەو بەشەی کە دەبووایە خەونی کوردی تیادا بنووسرێتەوە، درا بە سەربەخۆیی ئەرمینیا و ئیتر مۆر کرا و کۆتایی ناکۆکی فەرەنسا – بەریتانیا، کوردی دیسان لە سەربەخۆیی بێبەش کرد.

ئەو نووسەرە، پێی وایە لەو سەردەمەی بێکەسی کورددا تەنیا جەنەراڵێکی ئیستونی بە ناوی جۆھان ئیدوانۆر بەرگریی لە کورد کردووە، بۆیە دەبێ کورد نەڵێن تەنیا چیاکان دۆستمان، بەڵکو بڵێن چیاکان و ئیستونیا دۆستمانن.

ئەو سیاسەتمەدارە لە بابەتەکەیدا ئاماژە بە کورد دەکات وەک گەلێکی ئاشتیخواز کە لەگەڵ ھەموو نەتەوە و ئایینەکاندا ھەڵدەکات تەنانەت بیروباوەڕی موسوڵمانانەشی ھەر ئاشتیخوازانەیە و ھەرێمی کوردستانیش زۆر لە بەشەکانی دیکەی عێراق و سووریا پێشکەوتووترە .

هەروەها باسی لە ماف پێشێلکردن و چەوسانەوەی کورد کردووە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و دابەشبوونیان بەسەر وڵاتاندا دەڵێ "ئەگەر لە ئێستادا خەونی دەوڵەتی کوردستانی گەورەش بەدی نەیەت، دەبێ کوردستانی سەرەکی لە دڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ببێ بە دەوڵەت. . "

دەلێ" بەپێی خەمڵاندنەکان تێکڕای بەرھەمی نەتەوەیی ساڵانەی کوردستان –عێراق نزیکەی 23 ملیار دۆلارە و تەنانەت لەگەڵ دابەزینی نەرخی نەوتیش . تێکڕای داھاتی تەواوی ئەو ناوچەیەی کورد لێی نیشتەجێن 133 ملار دەبێ واتە تێکڕای بەرھەمی ناوخۆیی وڵاتی مەجەڕە . "

پێشنیاریش دەکات وڵاتەکەی کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، وەزارەتی دەرەوە ڕابسپێرێت نەخشەڕێگا دابنێ و داوای کۆنگرەیەکی جیهانی بکات بە ھاوکاریی یەکێتی ئەوروپا و ھاوکاریی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی دەکەن، دەڵێ، ئیستونیا بەشی ئەوەندە پێگەی دیپلۆماتی ھەیە ئەو کارە ئەنجام بدات و ئەو کۆنگرەیە ببەستێ و نەخشەڕێگای سەربەخۆیی کوردستان دابڕێژێ. ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات ئیستونیا وەک ھەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لە شەڕی دژ بە داعش بە چەک ھاوکاریی پێشمەرگەی کردووە.

ھەروەھا دەڵێ "ئەم کارە دەکرێ سەیر بکرێ وەک ھەوڵەکانی نەرویج لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆوە لەکێشەی ئیسرائیل– فەلەستین، یان ڕۆڵی فینلەندا، لە ڕێککەوتننامەی ھیلسنکی لە ساڵی 1975. ھەروەھا ئاماژە دەکات کە ڕێکخراوی کۆمەڵی سان ئیندیگو کە ڕێکخراوێکی مەدەنییە و ئەندریا ڕیکاردی ئیتاڵی سەرۆکایەتی دەکات ببێ بە ھاوبەشی کارەکە، ھەلێکی زۆر گرنگە لەلایەن ئیستونیاوە ئەگەر ئەوکارە بخاتە چوارچێوەی ئەو کارانەی کە بۆ ئامادەکاریی بۆ سەرۆکایەتی یەکێتیی ئەوروپا دەیکات لە ساڵی 2018، ئەمە گرنگترین بیرۆکەیە کە بچێتە ئەجێندای ئیستونیاوە بۆ سەرۆکایەتیی یەکێتی ئەوروپا و وەک وڵاتێکی خاوەن پڕۆژەی گەورە دەریدەخات. تەنانەت دەبێ حکومەت و پەرلەمانی ئیستونیا ھەموو ھێزێکی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کارێکی لەو جۆرە ئیستونیا دەکات بە کاندیدێکی بەھێز بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی ئاسایش.

ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێ، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ ئاسایشی ناوچەکە بو ۆ کەمکردنەوەی کۆچ بۆ ئەوروپا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل فەلەستین، بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکە گرنگە دەوڵەتی کوردستان لە دڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پڕۆژەیەکی گەورەیە.