نەدەكرا یادی 118 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی تێپەڕێنین و (بنكەی ژین بۆ بوژاندنەوەی كەلەپوری بەڵگەنامەیی و رۆژنامەوانی كوردی) بەسەر نەكەینەوە. .

تا نەچیتە ناو باڵەخانەی بنكەی ژین و بەشەكانی بەسەر نەكەیتەوە، نازانیت ئەم دوو برایە (رەفیق و سدیق) چ خزمەتێكیان بە میللەتەكەیان كردوە، چیان لەو باڵەخانەیەدا كۆكردوەتەوە؟ چەندین نهێنیان پاراستوە؟ چەندین سەروەری و سەركەوتنیان ئامادە كردوە بۆ چاپ و مێژووی میللەتێكیان لەسەر دەستیان ئامادە كردوە بۆ نەوەكانی داهاتوو. .

سەرباری كڵۆڵی كورد لە مێژوو بە ئەرشیڤ كردندا، بەڵام پاش سەردانكردنی ئەم دوو برایەو بنكەی ژین، ئاهێك بە بەرتدا دێتەوە، كە هێشتا میللەت كوڕی دڵسۆزو قارەمانی دۆكۆمێنتارو ئەرشیڤ كەری نشوست و سەروەری شەڕو ئاشتی رۆژنامەو وێنەی تێدا ماوە. . كەساتێك هەن هەرچەندە باسیان بكەیت هێشتا كەمە، هەرچەندە بیر لە كارەكانیان بكەیتەوە هێشتا وادەزانیت غەدرت لە راستیەكانیان كردوە. .

ئێوارەی 20/4/2016 لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەلی 118 هەمین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی كوردی قۆستەوەو سەردانێكی رێكخست بۆ (بنكەی ژین بۆ بوژاندنەوەی كەلەپوری بەڵگەنامەیی و رۆژنامەوانی كوردی) كە هەردوو برا رەفیق ساڵح و سدیق ساڵح بەڕێوەی دەبەن. .

سكرتێری لق كاروان ئەنوەر و ئەندامانی لقی سلێمانی تارا باییز ئاغاو سدیق عەواڵی بەیاوەری حەمید بەدرخان سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و دكتۆر ئیبراهیم سەعید مامۆستای راگەیاندن لەزانكۆی سلێمانی سەردانی هەردوو برایان لە بنكەی ژین كرد. . پاش ئەوەی باسێكی كورت و چڕو پڕیان لە رەفیق و سدیق ەوە بیست و باسیان لە پرۆژە زەبەلاحەكانی داهاتوویان بۆ كردن، لەم شەوەزەنگی رۆشنبیریەدا تروسكاییەكیان بە دڵی میوانەكاندا هێناو ئەوانیش بەدەردی پەندە كوردیەكە دەڵێت(دیاری شوان هاڵەكۆكە) تەنها لۆگۆی لقی سلێمانی و نیشانی لقیان پێبوو بەخشیانە هەردوو برای دڵسۆز رەفیق و سدیق ساڵح و پاشان چەند بەشێكی بنكەكەیان بەسەر كردەوەو هیوای تەمەن درێژی و لەشساغیان بۆ خواستن. .

فۆتۆ: سدیق عەواڵی