پرۆگرامی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان (یو ئێن دی پی) ڕایگەیاند، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بەخشێووە بە ڕێکخراوەکە بۆ بەکارھێنانی لە بەرنامەکانی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکانی عێراق لە دەستی داعش.

ئەو بڕە پارەیە بە پێی (یو ئێن دی پی) تەرخان دەکرێ بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ئارامکردنەوەی دەستبەجێی ڕێکخراوەکە، ھەروەھا دروستکردنەوەی ژێرخانی مەدەنی، لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانە . ھەروەھا پشتیوانیی پرۆژەکانی پەرەپێدانی کۆمەڵگە دەکات.

لەو بارەیەوە ڕیم ئەلھاشمی، وەزیری ھاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیمارات ڕایگەیاندووە "ئیمارات بڕوای بە گرنگی ئارامکردنەوەی ناوچەکان و ئاشتی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی عێراق ھەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە تیرۆریزم کاری کردووەتە سەر ژیانیان. بەھیوای چاکبوونی ئەو بارودۆخەین.