ئەمرۆ یەکشەمە، بەئامادەبوونی حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بەبۆنەی جەژنی نیشتمانی سوپای ئێرانەوە، بە شێوەیەکی فەرمی پەردە لەسەر سیستمی مووشەکی (ئێس ٣٠٠) لادرا. ئاژانسی ئێرنا بڵاوی کردەوە پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ، لە ڕێورەسمێکی گەورە و لە ناوچەیەکی نزیکی مەزارگەی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەردە لەسەر ئەو سیستمە مووشەکییە لادرا کە لەلایەن ڕووسیاوە بە ئێران دراوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

لەو بۆنەیەدا ڕوحانی وتارێکی توندی پیشکەش کرد. سەرۆک کۆماری ئێران، هێزی ئێرانی بە هێزی تەواوی وڵاتانی ئیسلامی ناوبرد و ڕایگەیاند "ئێران بەرگریی لە شام کردووە و لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامیشی دەکات کە داوای ھاوکاریی لێبکات . "