دوو کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە حزبی کۆماری لە بڕیارێکی هاوبەشدا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کرد ھاوکاریی زیاتری پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات.

(ڕۆس لیتینین)، کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە حزبی کۆماری و سەرۆکی لیژنەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و (براد شیمان) لە پەرلەمانتارانی کۆماری و ئەندامی لیژنەی ئاسیا و زەریای ھێمنی کۆنگرێسی ئەمریکا، بڕیاری 682یان دەکرد، کە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات پێداویستی ببەخشێت بە پێشمەرگەی کوردستان و ھاوکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لە دەستەبەرکردنی پێداویستیی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها پشتگیریی پێشمەرگەی کوردستان بکات لە شەڕی دژبە تیرۆر و پاراستنی پێکهاتەکانی عێراق کە لە دەستی چەوسانەوە پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان بردووە.

لیتینین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پێشمەرگەی کورد، زۆر کاریگەر بوون لە شەڕیاندا دژی داعش و بەردەوامن، تائێستا کەموکووڕییان ھەیە بەھۆی کۆنیی چەکەکانیان، ماوەی کەرەستەی سەربازییان بەرەو بەسەرچوون دەڕوات. لەکاتێکدا، داعش دەیەوێت کارەسات بەسەر عێراق و سووریادا بهێنێت، دەبێ وەزارەتی دەرەوە بە ھەموو شێوەیەك هێزی پێشمەرگەی کوردستان دڵنیا بکاتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان". ئەو کۆنگرێسمانە داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد بە خێرایی کەلوپەلی سەربازیی پێویست و ڕاھێنان بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بکات و ھاوکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لە پێڕاگەیشتن و حەوانەوەی سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر کە لە دەستی داعش هەڵاتوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.

هەر لەو بارەیەوە، کۆنگریسمان براد شیمان دەڵێت: "ھەردوو ڕژێمی ئەسەد و داعش دەیانەوێت نائارامی لە ناوچەکە دروست بکەن، دەبێ زۆر چالاکانە ڕووبەڕوویان ببنەوە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا بەردەوامە لە باسکردنی داعش بەتەنیا، پێشمەرگەی کوردستان لە ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەردوو شەیتاندان، دەبێ پشتیوانیی خەباتیان بکەین. بۆیە داوا دەکەین پێشمەرگە بەردەوام بێت و پارێزگاریی ڕەگەز و ئایین و پێکهاتە جیاجیاکان بکات کە لە دەستی شەڕ ڕایانکردووە، داوا دەکەین سەرۆک ئۆباما پەلە بکات لە فەرمانکردن بە ناردنی ھێز و پشتیوانیی زیاتر بۆیان".