ڕووسیا پێشبینی كردووە نرخی نەوتی خاو لە ساڵی داهاتوو بۆ زیاتر لە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز بێتەوە. ئەلكساندر نواك، وەزیری وزەی ڕووسیا پێشبینی كرد نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لە ساڵی داهاتوو لە نێوان 60 بۆ 65 دۆلار جێگیر بكرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ نرخی نەوت خاو لە بازاڕەكانی جیهان بەرەو دابەزینی زیاتر ڕۆیشت، بە شێوەیەك كە لێكۆڵەرانی بواری نەوت هۆشدارییان دا كە نرخەكە بۆ نزیكەی 20 دۆلار داببەزێت. بەڵام دوای ڕێككەوتنی سەرەتایی بەرهەمهێنەرانی نەوت، دابەزینی نرخی نەوتی خاو ڕاوەستا و گەیشتەوە نزیكەی 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەلكساندر نواك، وەزیری وزەی ڕووسیا پێشبینی ئەوەشی كردووە كە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان لە نێوان 40 بۆ 45 دۆلار دەبێت و لەوانەیە لە كۆتایی ئەمساڵیشدا نرخەكەی بگاتە 50 دۆلار. ئەوەشی وتووە كە كۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە دەوحەی قەتەر كە بڕیارە 17ی ئەم مانگە ببەسترێت، دەتوانێت هاوسەنگیی بازاڕی نەوت ڕابگرێت.

جێی باسە، دوێنێ سێشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان گەیشتە 45 دۆلار كە لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا بەرزترین نرخی تۆمار كرد. ئەوەش وەك پسپۆڕانی بواری نەوت دەڵێن، لە ئەنجامی ڕێككەوتنی نەوتیی ڕووسیا و سعودیا هاتووەتە ئاراوە لەپێناو ڕاگرتنی كاتیی بەرهەمهێنانی نەوت.