دوای دەست لەکارکێشانەوەی هەیسەم ئەلمەناع، لە پۆستی هاوسەرۆکی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی فیدراڵی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، پارتی یەکیتی دیموکراتی (پەیەدە) لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا "ئەحمەد ئەلجەربا" لە هەوڵدایە بۆ رازیکردنی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانە دەست (ناوەندی هەواڵی ئازاد) کەوتوون، ئەو هەوڵانەی پەیەدە لە رێگەی "شێخ حمیدی دەهام ئەلهادی"ە کە هاوسەرۆکی کانتۆنی جەیرە و ئامۆزای ئەلجەربایە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە ئەو هەوڵانەی پەیەدە دوای ئەوە دێت کە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ حزبەکەی ڕووی لە کەمبوونە، بەتایبەتی داوی سەرگرتنی هەوڵەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا لە ناساندنی پەیەدە وەک باڵێکی پەکەکە و هاوپەیمانی بەشار ئەلئەسەد، بۆیە پەیەدە بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت کە پاڵپشتیی بارزانی لەگەڵ بێت.

ئەحمەد ئەلجەربا بەر لە ماوەیەک ڕایگەیاندبوو کە خەریکی دامەزراندنی ڕەوتێکی سیاسیی نوێیە لە باکووری سووریا کە لە ژێر سێبەری مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بێت.