وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند وڵاتەكەی لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە ڕێگە لە ڕووسیا دەگرێت لە فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی بە ئێران. تۆماس شانون، ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئامادەیی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە لە ڕێی بەكارهێنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگە لە فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگیی ڕووسی لە جۆری سۆخۆ 30 بە ئێران بگرێت.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاش هاوهەڵوێستە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان لە ڕێگریكردن لە فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆكانە بە ئێران و بڕیاریان داوە پرسی دانانەوەی سزاكانی سەر ئێران لەگەڵ كۆنگرێس بخەنە بەرباس.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕووسیا ڕایگەیاندووە كە ئەوان بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگی بە ئێران پێویستیان بە ڕەزامەندیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان نییە و مۆسكۆ خۆی بڕیار لەسەر ناردنی ئەو فڕۆكانە بۆ ئێران دەدات.