ئەڵمانیا هاوکاریی عێراق دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە ناوچە ئازادکراوەکانی بەردەستی داعش. حکومەتی ئەڵمانیا لە ڕێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، بڕی ٤ ملیۆن یۆرۆ بە عێراق دەبەخشێت بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە ناوچە ئازادکراوەکانی بەردەستی داعش.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەو بەخشینە بە ئامانجی ڕاھێنانە لە بواری ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە و دیداری هاووڵاتی و پۆلیس و ھاندانی گفتوگۆیە لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دامودەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا.

دیدار و ڕاھێنانەکان لە چەند شارێکی عێراق بەڕێوە دەچن، کە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی ھەرێم دەبنە بەشداریکەری سەرەکیی ئەو بەرنامەیە کە ماوەی ساڵێک دەخایەنێت.

ڕۆماس لۆسەر ویس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ڕایگەیاند "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بەشداری لە ئارامکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان دەکەین و بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدەین تاکەکان ھەست بە ئاسایش بکەن".