بەنووسراوی ژمارە6/138 لەبەرواری 8/3/2016 لیژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتی سەربە فەرمانگەی داواكاری گشتی لەسلێمانی نووسراوێكی ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی و لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كردوە كە لە خوارەوە دەقەكەی بڵاودەكەینەوە..

ئەم نووسراوەی داواكاری گشتی راستە زۆر درەنگ وەخت بوو بەڵام هێشتا جێگای دەستخۆشیە كە توانرا گۆمی بێدەنگی لەسەر پرسە هەستیارە بجووڵێنن..

پێشتر ئێمە لە لقی سلێمانی چەندین جار ئاماژەمان بەوە كرد كە دۆخی میدیا لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی پێشێلكاری بەرامبەر بە مافی وەرگر(بینەر- خوێنەر-بیسەر) دەكات، چەندین جار داوای دانیشتن و كۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرمانگەی داواكاری گشتی كردوە، سەری نەگرت، بەڵام توانیمان بۆردێكی راوێژكاری و چاودێری لەسنووری سلێمانیدا دابمەزرێنین تایبەت بەو پێشێلكاریانەی كە میدیاكان لەسەروبەندی جەنگی دژ بەتیرۆر ئەنجامیان دەداو شوێنی داواكاری گشتی تا ئێستاش لەو بۆردەدا بەتاڵە..

ئێستا پاش گشتاندنی ئەم نووسراوە..دەمەتەقێو بیرورا گۆڕینەوە لەنێوان لقی سلێمانی و كەناڵەكانی میدیای شارەكەو نوێنەرانی داواكاری گشتی بە پێویست دەزانین و چەند میتین و سیمنارمان پێویست دەبێت تا یاداشتی لێك گەیشتن ئامادە بكەین و میدیا لە سنووری سلێمانیدا بەدوور بخەینەوە لەو دەیان پێشێلكارییەی كە رۆژانە ئەنجام دەدرێت دەرهەق بە وەرگرو مافەكانیان پێشێل دەكرێن..

بەپێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە یاسای ژمارە 35 كاری رۆژنامەوانی لە كوردستان هێندە ئازادی تێدا فەراهەم كراوە كە بەیەكێك لەیاسا جوان و پیرۆزەكانی هەرێمەكەی دەناسێنین..بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێك جار ئەو ئازادیە خراپ بەكاردێت بۆیە بۆ پاراستنی مافی وەرگر ئێمە ئەم هەنگاوەی داواكاری گشتی بە بەرتەسك كردنەوەی ئازادی نادەینە قەڵەم و دەستخۆشیان لێدەكەین..

كاروان ئەنوەر

سكرتێری لق

https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika/

ئەمەش دەقی نووسراوەكەی فەرمانگە داواكاری گشتیە..

بەڕێز/پارێزگای سلێمانی/بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی گشتی

بابەت/ گشتاندن

لە پاش سڵاو

وەك تێبینیمان كردوە ماوەیەكە هەندێك لە كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانی یەكان هەواڵی تاوان و دادگاكان هەروەها فیلم و دراماو گۆرانی و هەواڵ و وێنەی دژ بە ئاداب و سیستمی گشتی بڵاو دەكەنەوە كە هەندێك لەو بڵاوكراوانە جگە لەوەی دژ بە بەها مرۆیی و ئەخلاقی و كەلتوری گەلەكەمانە لە هەمان كاتدا بە تاوان ئەژمار دەكرێت وە كاریگەری نەرێنی بەجێ‌ دەهێڵێت لەسەر هەست و نەست و كەسایەتی منداڵ و نەوەكانی داهاتووی گەلەكەمان وەك ئەو هەواڵەی كە بڵاوكرایەوەو تیایدا باسی لەوەكرد كە كچێكی تەمەن (16) ساڵ لەلایەن باوكی و مامیەوە دستدرێژی سێكسی كراوەتە سەرو هەروەها ئەو هەواڵەی باسی لەوە كرد كە لەلایەن كەسێكەوە لەناو تەوالێتی مزگەوتێك لاقەی منداڵێكی بچوك كراوە هەروەها دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆیانەی كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بڵاودەكرینەوە یان هەواڵی كوشتنی مناڵ و ئەنجام دانیتوندوتیژی بەرامبەری لەلایەن باوك و دایك و ئەندامانی خێزانەكەی كە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستكردنی دڵەراوكێ‌ و نائومێدی و نائارامی دەروونی و نەمانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و متمانەی نێوان تاكەكانی خێزان لە كۆمەڵگە و خراپ سود وەرگرتن لێیان بۆیە داواكارین لەلایەن بەڕێزتانەوە گشتاندنێك ئەنجام بدرێت بەسەر سەرجەم كەناڵكاندا تاكو پابەندبن بە یاساكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و دوركەوتنەوە لە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە بومەبەستی پاراستنی بەها باڵاكانی گەلەكەمان.

لەگەڵ ڕێزدا...

دادوەر

بەختیار عەلی حمەامین

بەڕێوەبەری فەرمانگە