ئێوارەی رۆژی 22/2/2016 لەبارەگای لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بەمەبەستی رێزلێنان لە پەیامنێر جەعفەر حسێن مەراسیمێكی خنجیلەو شایستە رێكخرا..

جەعفەر حسێن ئەندامی كارای لقی سلێمانیەو یەكێكە لەو دەیان پەیامنێرە چالاكانەی لەسنووری سلێمانیدا كاری میدیایی دەكەن و بەردەوام رووداو هەواڵ و چالاكیەكان دەگوازنەوە..بەڵام تایبەتمەندێتی ئەم پەیامنێرە لەوەدایە هەرگیز ماندوو نابێت و شەوانە و رۆژانە لەناو رووداوو كارو كۆڕو كۆبوونوەكاندا دەبینرێت و هەندێك جار پێش تیمەكانی پۆلیس دەگاتە شوێنی رووداو..جەعفەر حسێن لەكاتی رووماڵكردنی هەواڵدا لەشاخی گۆیژە دووچاری رووداوێك بوەو تا ئێستا چەند نەشتەرگەریەك بۆ ئەژنۆی كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەهەمان گوڕو تینەوە بەردەوامە لەسەر پیشەكەیی و وەك نموونەی پەیامنێری چالاك كەم رووداو روودەدات ئەم كەسە نەگاتە شوێنی رووداوەكە..

لەبەر ئەم هۆكارانەو وەك رێزێك بۆ ماندوو بوون و كۆڵنەدانی ئەم پەیامنێرە، لەبارەگای لقی سلێمانی بەئامادەبوونی سكرتێری لق و ژمارەیەك لە ئەندامانی لقەكە، لۆگۆی لقی سلێمانی بەخشرایە كاك جەعفەر و نیشانی لقیش درا لەبەرۆكی، ئامادەبوان سوپاسی ئەو خۆنەویستیەی كاك جەعفەریان كردو سكرتێری لق سوپاسی ئەو خۆشویستنەی كرد كە جەعفەر بۆ پیشەكەی هەیەتی وتا ئێستا چەندین جار لەسەر پیشەكەی لێدان و تەشقەڵەی پێكراوەو چەندین جار هەڕەشەشی لێكراوە، بەڵام جەعفەر وەك خۆی وتی هێز نیە لەم كارەی دووری بخاتەوە یان ساردی بكاتەوە..

بۆیە ئەندامانی لقی سلێمانی سوپاس و ستایشی رۆڵی ئەم ئەندامەی لقەكەیان كردوو هیوای چاكبوونەوەو سەلامەتی و سەركەوتنیان لەكارەكەیدا بۆ خواست..

فۆتۆ: سدیق عەواڵی

https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika