لە دیدارێکدا کە بەڕێزان کاروان جمال جێگرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە و شۆڕش ڕەحیم نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ووڵاتى سوید ئامادەبوون، خاتوو مارگۆت واڵسترۆم بەخێرهاتنى شاندى میوانى کرد و داواى کرد لە دوایین پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و جەنگى دژە تیرۆر ئاگادارى بکەنەوە.

لە بەرامبەردا بەرپرسى پەیوەندیەکانى سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى کردوو و پوختەیەکى دەربارەى دووایین پەرەسەندنەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێشکەش کرد. ڕایگەیاند کە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش دوژمن و هەڕەشەیەکى هاوبەشە بۆ سەر هەمووان و سەرجەم بەهاکانى مرۆڤایەتى.

هاوکات ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە هێزەکانى پێشمەرگە بە نوێنەرایەتى ووڵاتانى جیهان ئەمڕۆ دەجەنگن بەرامبەر بە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش بۆ ڕاگرتنیان لە ئەنجامدانى کۆمەڵکوژى و قڕکردنى نەتەوەیى و ئاینى لەگەڵ ئەوەى کە چەکى دەستى پێشمەرگە سنوردارە، بۆیە داوادەکەین کە حکومەتى سوید هاوشێوەى ووڵاتانى تر هاوکارمان بن لەم قۆناغە هەستیارەدا.

پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە دۆخى ئاوارە و پەناهەندەکانى بۆ وەزیرى دەرەوەى سوید باس کرد و گووتى کە هەرێمى کوردستان ئەمڕۆکە میواندارى نزیکەى دوو ملیۆن ئاوارەى ناوەخۆ و پەنابەرى سوریا دەکات و حکومەتى هەرێم ئەو پەڕى تواناکانى خستۆتەگەڕ بۆ دابین کردنى پێداویستیەکانیان و کەمکردنەوەى بەشێکى کەم لە ئێش و ئازاریان وە بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بە پشتگیرى و هاوکارى نێودەوڵەتى زیاتر هەیە. سوپاسى حکومەتى سوید دەکەین کە هاوکارى مرۆیى پێشکەش کردووە بەڵام ئێستا لە وەرزى زستان بەهۆى کەش و هەواى زستان ئەم ئاوارانە پێویستیان بە هاوکارى زیاترە.

هەر لەو دیدارەدا فەلاح مستەفا داواى لە حکومەت و گەلى سوید کرد کە هەروەک چۆن لە ڕابردوودا پشتگیریان لە گەلى کورد کردووە ئێستاش پێویستمان بە پشتگیرى زیاترى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە و هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بڕیارى حکومەتى سوید دەکەین بۆ هەڵسەنگاندنى میکانیزمى بەشدارى ڕاوێژکارانى سەربازى بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە.

هاوکات بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە داواى کرد کە سوید پێگەى نوێنەرایەتى خۆى لە هەرێمى کوردستان بەرزبکاتەوە بۆ کونسوڵگەرى گشتى کە زیاتر هاوکاردەبێت لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکان لە بوارى سیاسى و ئابورى و کەلتورى و بوارەکانى تر.

هەروەها ئاماژەیکرد کە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە سوید بەشێوەیەکى چالاکانە کاردەکات بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندیەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و ووڵاتى سوید.

پاشان خاتوو ماگرۆت واڵسترۆم خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەرامبەر سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ وەزارەتى دەرەوە و خواستى خۆى دەربڕى بەرامبەر بە بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە ئاییندەدا و فراوان کردن و پەرەپێدانى ئەو پەیوەندیانە.

هاوکات ستایشى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ لە ئامێزگرتنى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارەکان و جەختى کردووە کە ووڵاتى سوید بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنى هاوکاریەکانیان لە ڕابردوودا بڕى بیست و پێنج ملیۆن دۆلارى ئەمریکیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردبوو لە ڕێگاى ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لەسەر پێشکەش کردنى ئەو هاوکاریانە.

سەبارەت بە ڕۆڵى پێشمەرگە ڕایگەیاند " هێزەکانى پێشمەرگە لە جەنگیان بەرامبەر داعش سەلماندیان کە هێزێکن جێگاى متمانەن و بەرەنگارى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە بوونەتەوە پێویستە ڕێکخراوى داعش کۆتایى پێ بهێنرێت و هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگە بکرێت وە حکومەتى سوید هەڵسەنگاندن دەکات بە مەبەستى ناردنى ژمارەیەک ڕاهێنەرى سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان بە مەبەستى مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە".

پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم کرد بۆ بەجینۆساید ناساندنى تاوانەکانى داعش بەرامبەر بە پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینیەکان و داواى پشتگیرى و پشتیوانى حکومەتى سویدى کرد لەو بارەیەوە.

لە کۆتاییدا باس لە ڕۆڵى گرینگى ڕەوەندى کوردستانى کرا کە فاکتەرێکى گرنگن لەبەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکان و هەروەها ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکانى سوید دەتوانن بەشداربن لە دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان.

دوابەدواى کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ئەنجامدرا و دەرەنجامەکانى کۆبوونەوەکە بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن خرایەڕوو.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.