پیرۆزبێت رۆژی جیهانی منداڵان

بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان . . جوانترین پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و . . لە سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین . هەموو ساڵێک لە رۆژی ( ١/ یۆنیۆ ) دا کە ( رۆژی جیهانی منداڵان )ە
یا ( جەژنی منـداڵی ) یە . . منداڵانی جیهان، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، دەموچاویان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنن و . . ئاهانگی خۆشی و شادی دەگێڕن . . ئەوەبوو کە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ( ١٩٥٤) دا، داوای لە هەموو وڵاتـانی جیـهان کرد، کە رۆژێک بە نـاوی ( رۆژی جیهانی منداڵان ) ەوە دیاری بکەن، کە رۆژی برایەتی و لێکگەیشن بێت لە نیوانی منداڵان لە جیهاندا . . مەبەستیش لە یادکردنەوەی ( رۆژی جیهانی منداڵان ) بە بیرهێنانەوەی وڵاتانە بە پابەندبوونیان بە بەڵێندانیان بە جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بەبێ جیاوازی . . بیهێننەوە یادی خۆیان کە بەڵێنیان دا، رێزگر لە ئازادی و لە ڕای منداڵان و، لە هیوا و لە خواست و لە بەهرە و لە ئارەزووەکانیان بگرن . . بەڵام بە داخەوە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە واژۆی جاڕنامەی مافەکانی منداڵانیان کردووە . . تا ئەمڕۆش بە زەقی پێشێلی مافەکانی منداڵان دەکەن و پشتگوێیان خستوون و جیاوازي رگەزی و چینایەتی لە نێوان منداڵاندا دەکەن . . بە تایبەتیش منداڵانی کوردمان لە سایەی رژێمە زۆردار و رەگەزپەرستە داگیرکەرەکانی کوردستان دا، پشکی شێریان لە جیاوازی و لە چەوساندنەوە و لە نادادپەروەری و لە کوێرەوری و لە سەرکوتکردن و دەمکوتکردن بەرکەوتووە .

لە رۆژی جیهانی منداڵاندا، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو دڵسۆز و لایەنانە دەکەین کە خۆیان بە دڵسۆز و بە خەمخۆری منداڵانی کوردستان دەزانن و . . هیواخوازی ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی شیاوترن بۆ کورد و کوردستان . . پێویستە ئەم راستییە بە ئەرێنی وەربگرن، کە چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان و هێنانەدیی هیوا و خواستەکانمان . . هێنانەدیی خەونی گەورەی گەلەکەمان، کە دامەزراندنی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان)ـە لە سایەی پەروەردەیەکی دروست و ئارەستەکردنێکی راست و رێنماییەکی باشی کوردیلەکانی ئەمڕۆماندا دێنەدی . . لە سایەی تتێکۆشان و بەرخودانی و، مەچەک و بازوو و هۆشی ئەماندا دێنە دی . . هەر ئەمانیش لە ئایندەدا هەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێوە دەبەن . . بۆیە پێویستە کوردیلەکانمان بە هەستی کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستتان . . بە جوانی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین . . بێگومان کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن، کە لە سامانی نەوەت و زێڕیش زۆر بە نرختر و گرنگترن . . کوردیلەکانمان نەوەی ئەمڕۆمانن و هیوای داهاتوومانن . . بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن . . لەسەر حکوومەتە کە بژێوی ژیان و، هەموو پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەن .
پێویستە لەسەر حکوومەتی کوردستان، لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا، دەست بەسەر منداڵانی شەهیدانی کوردستان دا بهێنن و . . ( خـەڵاتی شانـازی و شـکۆدارییان ) پێشکەش بکەن و، خۆشەویستییەکی زیاتریان بۆیان هەبێت و، رێزێکی زیاتریان لێبگرن . . بە کوڕە یا کچە قارەمان ناویان بەرن . . تا وا هەست نەکەن کە قوربانیدانی باوکیان یا کاکە و دادەیەیان لەبیرکراون .
لە کۆتاییدا دەڵێین . . جیهان بەبێ منداڵان . . جیهانێکە بەبێ ژیان .

رەزا شوان / سسەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد
نەرویج : ( ٣٠ / ٥ / ٢٠١٥)