لە رۆژی 8ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2005 دا، كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بریاڕیدا رۆژی 4/4 بكاتە رۆژێكی جیهانی بۆ "هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین".

بۆ یەكەمین جار لە 4/4/2006دا، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گیرۆدەی كێشەی مین و تەقەمەنی بوون، یادی ئەو رۆژە كرایەوە.

لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لە ئاستی حكومەت و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان UN)) و رێكخراوە ناحكومییەكان (NGO) بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەك یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە.

لەم رۆژەدا دەزگای گشتی کاروباری مین، پیرۆزبایی لە سەرجەم پیشەگەرانی كاروباری مین لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەكات.

ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە رووبەرووی شەڕێکی نەخوازراو لەگەڵ تیرۆریستان بووینەتەوە. لەو شەڕەدا هەر لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستیی دوژمنانی کوردستان بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان، دەزگای گشتی کاروباری مین شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕەوە بە پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو، بەشداری راستەوخۆی لە هەڵمەتی پاراستنی هەرێمی کوردستان کردووە و لەم پێناوەشدا چەندین شەهیدی داوە.

دەزگای گشتی کاروباری مین لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بە بەردەوامی لە پێناو رزگارکردنی کوردستان لە مەترسی مین و تەقەمەنی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان کاری کردووە. سەرەڕای هەوڵی کارمەندە ماندوونەناسەکانمان، لە تێكڕای ٧٧٦کم٢ ڕووبەری مینرێژکراوی خاکی کوردستان، نزیکەی ٢50کم٢ ماوە کە پاکبکرێتەوە.

وەکو دەزگای گشتی کاروباری مین بەڵێن بۆ جەماوەری گەلەکەمان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر خەباتکردن و قوربانیدان تا ئەو کاتەی دوامەتر چوارگۆشەی خاکی کوردستان لە پاشماوەی مین و تەقەمەنی دوژمنانی کوردستان پاک دەکەینەوە.

دیارە چالاکیەکانی دەزگاکەمان هۆکارێکی سەرەکین نەک تەنیا بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان، بەڵکو بەشێکی کاریگەرن لە هەڵمەتی بوژراندنەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و بەرەوپێشبردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێبوون، کەرتەکانی کارەبا، ئاو و نەوت. . . هتد.

سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە وێڕای هەلومەرجی ئابووریی کوردستان بەردەوامن لە پشتگیرکردنی بەرنامەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستاندا. داواکارین حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و پشتگیری ماددی و مەعنەوی بەرنامەی مین لە کوردستان بکات بەو پێیەی کێشەی مین و تەقەمەنی دروستکراوی سیاسەتی شۆڤێنیانە و کاولکارییانەی حکوومەتەکانی ناوەندی عێراق بووە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بڕگەکانی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی ئوتاوا بۆ قەدەغەکردنی مینی دژە کەسیی، حکوومەتی ناوەندی عێراقی فیدراڵی پابەند کردووە بەلەناوبردنی سەرجەم مینە دژە کەسییەکان لەلایەن سوپای پێشووی عێراقەوە.

لە کۆتاییدا، درود و سڵاو بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری و سەرفرازی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی کاروباری مین دەنێرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ سەرجەم بریندارەکان دەخوازین.

ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی كاروباری مین

٤/٤/٢٠١٥