بەڕێز تاریق فاتیح خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتی

بەڕێز شۆڕش خالید سەنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی

بە هەواڵی هەڵبژاردنی بژاردە ناخۆش و خراپەكە، بڕیاری راگرتنی كاتی رۆژنامەی هاوڵاتی، ئیجگار بیزارو دڵگرانین. دەزانین زۆرێك لەو كەسانەی لەم قوتابخانەیە كاریان كردوە هەمان هەستی ئێمەیان هەیە.

دەزانین كاریگەرییەكانی قەیرانی ئابوری هەرێمی كوردستان دزەی كردۆتە ناو بچوكترین چالاكی ئابوری، هەموو خێزانێك جگە لەو نوخبە سیاسییەی كە هۆكاری ئەم بارودۆخەن و نایانەوێ ددان بە شكستی سیاسەتی ئابوریاندا بنێن. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نابێت، كاریگەرییە خراپەكانی ئەم بارودۆخە دزە بكاتە ناو پرۆژەیەكی ئەهلی و سەربەخۆی وەك رۆژنامەی هاوڵاتی.

ئێمە لە نزیكەوە ئاگاداربووین، ستافی رۆژنامەی هاوڵاتی، بەتایبەتیش سەرنوسەرو خاوەنی رۆژنامەكە، هەموو رێگایەكیان بۆ بەرگرتن لەم بڕیارە تاقیكردەوە، بەڵام دیارە پرۆژە جوان و سەربەخۆكانی میدیا، ئەوانەی بە پارەی سیاسی دروست نەبوون، بەردەوام لەبەردەم ئەم بژاردەن. دەستە خوشكەكانتان لە میدیای ئەهلی هەمان گرفت و هەمان ئاستەنگی بۆ دروست بووە، هیوادارین ئێمە هەڵەبین، ئەوان بەردەوام بن.

هەواڵی داخستنی رۆژنامەكە با كاتیش بێت، زەرەرێكی گەورەیە لە سەرچاوەی زانیارییەكانی هاوڵاتیان و دەرگا بە رووی یەك جۆر و یەك رەنگ و یەك شێوازی پێدانی زانیاری بە رووی خوێنەری كوردستانی دەكاتەوە.

ئێمە لە كاتێكدا زۆرمان پێ ناخۆشە هاوڵاتی كەوتە بەردەم ئەم بژاردەیە، داواش لە هەموو ئە كەس و لایەنانە دەكەین، ئەوانەی هەست ئەكەن هاوڵاتی مافی پێشێل كردون، یان ئەو لایەنانەی بۆ فشار داوای یاساییان لەسەر رۆژنامەی هاوڵاتی تۆمار كردوە، با داواكانیان بكشێننەوە و باری سەر شانی ستافەكەی سوك بكەن، لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ستافی ئەم رۆژنامەیە بكەنەوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان

25ی شوباتی 2016

 

 

Rahman Gharib

Metro Center Coordinator

Iraqi Kurdistan

Cell Phone: +964 770 152 3300

Email: This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.