كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

ئەمڕۆ 23-6-2015 پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا بە پێی بەرنامەی دیاریكراو كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا خوێندنەوەو گفتوگۆیان لە سەركرا، لە نێویاندا چوار پڕۆژە یاسای تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەم بابەتە پێش كۆبوونەوەكەو دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە بۆچوونی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەك دۆخێكی نەخوازراو بەریەككەوتنی تووندی لە گفتوگۆی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا هێنایە كایەوە.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان: لە قۆناغ و دۆخێكی وەك ئێستای هەرێمی كوردستاندا، كە لەلایەك روو بە ڕووی شەڕێكی نەخوازراوو سەپێنراوی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی داعش بوەتەوە، هاوكات چەندین قەیرانی وەك "قەیرانی بوودجەو مووچە، قەیرانی بانزین، قەیرانی كارەبا، قەیرانی خزمەتگوزارییە گشتیەكان، قەیرانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان" یەك لەدوای یەك یاخەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی گرتوەتەوە، لەبەردەم هەموو ئەمانەدا ئێمە لە هەرسێ‌ فراكسیۆن جەخت دەكەینەوە كە پێویستمان بە گیانی لێك تێگەیشتن و لێبوردەیی و سازان هەیە لەسەر پرسە گرنگە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان، لە سەروویانەوە پرسی دەستوورو هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، چونكە هەموو پێشهات و رووداوەكان ئەوەمان لێدەخوازن كە یەك ریزو یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان: ئێمە وەك رابووردوو دووپاتی دەكەینەوە، زۆربەی ململانێكانی نێوان پێنج حزبە باڵا دەستەكەی كوردستان، زۆرتر لەهەموو شتێك پەیوەندی بە بەرژەوەندی حزبی و سیاسی خۆیانەوە هەیە نەك بەرژەوەندی خەڵك، ئەمەش پێچەوانەی بەڵێن و درووشمەكانی پێشووتری خۆیانەو بەهیچ شێوەیەك لای ئێمە مەقبول نیەو رەد كراوەیە، چونكە بەڵێنمان بە خۆمان و خەڵكی كوردستان داوە كە هەمیشە داكۆكیكاری سەرسەخت بین لە ماف و داخوازییەكانیان و بێلایەنی خۆمان لە تەرەفگیری ململانێ حزبییەكانی هەر پێنج حزبەكە بپارێزین و نەبینە پاڵ پشتی هیچ لایەكیان.

جەماوەری خۆشەویست: ئێستاش و دوای خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پێمان وایەو مكوڕی لەسەرئەوە دەكەینەوە، پرسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی تەواوكردنی پڕۆژەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبێت، بەمەش دەتوانین ئەم دۆخە نەخوازراوەی كە هاتووتە پێشەوە، لە نێوان هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكاندا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوەو دووربكەوینەوە لە هەر ئەگەرێكی زیان بەخش و نەخوازراو، دیارە ئەوەش روونە پێچەوانەی ئەمە هەر هەنگاوو ئاراستەیەكی نادرووست دەمانخاتە بەردەم دووڕیانی سەخت و جگە لە زیانی گەورە بە دۆزی هەرێمی كوردستان، نەیارو دووژمنەكانی كوردو كوردستانیش دڵخۆش دەكات و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێ‌ زیاتر مەرام و پلانەكانیان جێبەجێبكەن.

لە كۆتایدا، داوا لەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكەین، لەم پرسەدا بە لۆژیك و عەقڵ مامەڵە بكەن و دووربكەونەوە لە هەموو ئەو رێگایانەی دەمانگەیەننە تەنگەبەری و بە زیان بەسەرمانا دەشكێتەوە.

سەركەوێ‌ ئیرادەی گەل

فراكسیۆنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان/ فراكسیۆنی فراكسیۆنی ئازادی/ فراكسیۆنی ئاراستەی سێیەم

23-6-2015