لە مەراسیمى کردنەوەى وۆرکشۆپى (پرۆسەى بۆلۆنیاو ئاوێتەبونى زانکۆکانى کوردستان بەستانداردى زانستى ئەوروپا)، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد.

 

 پڕۆسەى بۆلۆنیا چیە؟

 وتارەکەیدا د. یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوانى وۆرکشۆپەکە، سوپاسى و دەستخۆشى ئاڕاستەى دامەزراوەى (CINECA) کۆمپانیاى (سیناتێل) کرد لە بەرامبەر هاریکاریکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ ڕێکخستنى ئەو وۆرکشوپە, لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بەگرنگیەوە ئاماژەى بە پرۆسەى (بۆلۆنیا) کردو وتى: پرۆسەى بۆلۆنیا بریتیە لە کۆمەڵێک گرێبەست و لێک زانستى لە نێوان وڵاتانى ئەوروپا بەمەبەستى ستانداردکردنى کواڵیتى و گەشەپێدانى خوێندنى باڵا لەو وڵاتانە، ئەوەشى ڕونکردەوە پرۆسەى بۆلۆنیا زۆر لایەنى گرنگى خوێندنى باڵا لە خۆدەگرێت، بەتایبەت یەکخستنى پێکهاتەى بڕوانامەکان لەبەر ڕۆشنایى دەرئەنجامەکانى پڕۆسەى فێربون و یەکخستنى سیستمى (کرێدت) لە چوارچێوەى سیستەمى (CINECA)و، پلەبەندى بازنەى بڕوانامەکان و زامنکردنى دڵنیایى جۆرى لە پڕۆسەى خوێندنى زانکۆیى، ئەوەشى ڕاگەیاند: کاریگەرى ئەو پڕۆسەیە لەسەر تەواوى سیستەمى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى ئەوروپا بوە هۆى ئەوەى ژمارەى ئەو وڵاتانەى تێکەڵ بەو سیستەمە بون گەیشتە (٤٧) وڵات کە بەشێکى بەرچاویان لە وڵاتانى دەرەوەى جوگرافیاى ئەوروپان.

خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەبەردەم پرسیارى گرنگدایە

 سەبارەت بەدۆخى زانکۆکانى کوردستان-یش وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لە ئێستادا خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەبەردەم پرسیارى گرنگدایە بەتایبەت پێگەى زانکۆکان لە نەخشەى ئەکادیمیاى جیهان و ئاوێتەبون بەپێوەرو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرى و کارایى بەرهەمى توێژینەوەکان و دەرئەنجامەکانى پڕۆسەى خوێندن و فێرکردن و ڕاهێنان لە زانکۆکانمان.

کار بۆ پێداچونەوە بەسیستەمى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین دەکرێت

 هەر لەو چوارچێوەیەدا د. یوسف گۆران ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەى هەنگاوى گرنگمان ناوە لە پڕۆسەى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا، بەڵام هێشتا کارى زیاترمان پێویستە، ئەم هەنگاوەى ئەمڕۆشمان تایبەتە بەهەوڵدان بۆ ئاوێتەکردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەستانداردە ئەکادیمیەکانى زانکۆکانى ئەوروپا لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆسەى بۆلۆنیا لەلایەک، لەلایەکى دیکەشەوە کار بۆ پێداچونەوە بەسیستەمى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین لە زانکۆکانى کوردستان و چەسپاندنى پڕۆسەى چاودێریکردنى کواڵیتى لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان دەکەین.

پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێکى پێشکەوتو

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، لەوبوارەشەدا ڕاگەیاند: پڕۆسەکە گەیشتۆتە قۆناغێکى پێشکەوتو، ڕونیشیکردەوە ئەو پڕۆسەیە بریتیە لە سودوەرگرتن لە دۆکیۆمێنتکردنى تەواوى داتاکانى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و بەکارهێنانى ئەو داتایانە لە هەڵسەنگاندنى زانستیانەى زانکۆکانى کوردستان و، ڕیزبەندکردنیان لەبەر ڕۆشنایى پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتییەکان و، ڕێکخستنى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان زانکۆکان، بۆ ئەوەش سوپاسى ڕێکخراوەى ( CINECA) و کۆمپانیاى ( SINATEL) و زۆرێک لە زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ئەوروپاى کرد لەبەرامبەر هاریکاریکردنیان.

بۆردى توێژینەوەى زانستى لە بوارى جێبەجێکردندایە

 چۆنێتى بەرزکردنەوەى ئاست و کواڵیتى زانکۆکان د. یوسف گۆران ئاماژەى بەچەند هەنگاوێکى وەزارەت کردو ڕایگەیاند: لەماوەى ڕابردودا پڕۆژەى دامەزراندنى بۆردى توێژینەوەى زانستى بخەینە قۆناغى جێبەجێکردنەوە، هەر لە وتارەکەیدا زانیارى زیاترى خستەڕو وتى: ئەو بۆردە بریتیە لە ئەنجومەنێکى زانستى ستراتیژى نیشتیمانى، کار دەکات داڕشتنى سیاسەت و ستراتیژى گشتى توێژینەوەى زانستى و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوە لە بوارى پسپۆڕى جیا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایى پێداویستى (زانستى، تەکنەلۆژى، ئابورى، سیاسى و کۆمەڵایەتی)یەکانى هەرێمى کوردستان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: لە ڕێگەى ئەو ئەنجومەنەوە هەوڵ دەدەین بەرهەمى توێژینەوە زانستییەکانمان لە کایە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکاندا کارایى زیاتریان هەبێتو چارسەرکردنى ئەو پرسە هەستیارانە بکەین و، پرسیارى زانستى و بەتەواوەتى تێکەڵاوى ئەکادیمیاو توێژینەوەى زانستى بکەین، ئاشکراشى کرد کە لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەدا دامەزراوەى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ئەڵمانیا کە گەورەترین فاوندەیشنى توێژینەوەى زانستى ئەوروپایە هاریکارى وەزارەت دەکات لە ڕێگەى ڕاهێنانى ستاف و داڕشتنى پەیکەرو میکانزمى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکە.

 هەنگاوەکان کارکردنە بە ئاڕاستەى پاراستنى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن لە زانکۆکان

 هەر لە وتارەکەیدا د. یوسف گۆران بەگرنگیەوە ئاماژەى بەهەنگاوەکانى دیکەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى وزانستى کردو ڕاگەیاند: هەمو هەنگاوەکانمان کارکردنە بەئاڕاستەى پاراستنى کواڵیتى خوێندن و فێرکردن زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش تەرکیزى تەواومان هەیە لەسەر پتەوکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین و پەرەپێدانى پڕۆگرامەکانى خوێندن و پڕکردنەوەى بۆشاییەکانى نێوان پێداویستیەکانى بازارى کارو ناوەڕۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانمان.

سیاسەتى نوێى فێرکردن بەرهەمهێنانى نەوەیەکى ڕەخنەگرو داهێنەر دەبێت

 جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پلانى هەیە کە پڕۆسەى خوێندن و فێرکردن بەئاڕاستەیەک ببەین تا لە سایەى دیدو سیاسەتى نوێى فێرکردندا نەوەى نوێمان نەوەیەکى ڕەخنەگرو داهێنەرو بەرهەمین بێت، نەک تەنها لە بازارى کاردا بەدواى کاردا بگەڕێن، بەڵکو خۆیان هەلى کار بخولقێنن و بتوانن ئابورییەکى گەشەکردو بەڕێوەببەن.

 ئەم وۆرکشۆپە هەنگاوێک بۆ گەیشتن بەئاستى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان

د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواشى خواست وۆرکشۆپەکە بتوانێت چوارچێوەی گشتى و نەخشە ڕێگەى گونجاو بۆ پێداچونەوە بەپڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و ئاوێتەکردنى سیستەمى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ پڕۆسەى بۆڵۆنیا دابڕێژن تا هەنگاو بنێین بۆ گەیاندنى سیستەمى خوێندن لە کوردستان بەئاستى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

 

 

ئەوەندە گەلێکى زیندوین ئەنفال ناتوانێت لەناومان بەرێت

لە کۆتایشدا بۆ ڕۆژى قوربانیاى ئەنفال د. یوسف گۆران وتى: ئەمانەوێ لە ڕێگەى زانست و پڕۆژەکانى گەشەپێدان ئەوە بسەلمێنین کە گەلەکەمان زیندوەو بە ئەنفال و جینوساید ناتوانێت لەناومان بەرن، زیاتر لەو بارەیەوە دواو وتى: نەک ئەنفال و جینوسایدو بەعس و داعش ناتوانێت لەناومان بەرێت، بەڵکو ئەوەندە میللەتێکى زیندوین دەمانەوێ پێشبکەوین و لەگەڵ وڵاتانى جیهان پەرە بەتواناو لیهاتوەکانى نەوەکانمان بدەین.

حکومەتى ئیتاڵیا پاڵپشتى تەواوى سەرگرتنى پڕۆسەى بۆلۆنیا لە کوردستان دەکات 

 لە بەشێکى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا (Carmelo Ficarra) کۆنسڵى ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان وتەیەکى پێشکەش کردو ڕاگەیاند: بەشێوەیەکى ئەرێنى لەم کارە هاوبەشە دەڕوانین. وتیشى ئیتاڵیا بەوە ناسراوە کە پیشەى جۆراو جۆرى هەیە، بۆیە دەمانەوێ خەڵک لەوە ئاگادار بکەینەوە کە وڵاتێکى هاوچەرخین و هەردەم ئارەزوى نوێبونەوە دەکەین، بۆ ئەو کارە هاوبەشەش کۆنسڵى ئیتاڵیا وسوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کردو وتى: ئەم کارە نیشانەى باوەڕبونیانە بەپڕۆسەکە، بۆیە ئێمەش پاڵپشتى و پشتیوانى حکومەتى ئیتاڵیا بۆ سەرگرتنى ئەو پرۆسەیە لە کوردستان دوپات دەکەینەوە، هیواشى خواست ئەو وۆرک شۆپەى ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەکى بەهێز بۆ پتەوکردنى زیاترى پەیوەندیی نێوان زانکۆکان.

زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پابەندییەکى زۆریان لە بوارى فێرکردن و خوێندن و توێژینەوەى زانستى هەیە

لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا ( Vittorio Ravioli) جێگرى سەرۆکى دامەزراوەى (CINECA) وتەیەکى پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا دواى ناساندنى دامەزراوەکەیان, ڕاگەیاند: لە ئێستا (٧٠) زانکۆى لە ژێر چەترى دامەزراوەکەماندا کۆبونەتەوە، هەروەک خۆشحاڵى خۆشى پیشاندا کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پابەندییەکى زۆریان لە بوارى فێرکردن و خوێندن و توێژینەوەى زانستى هەیە، وتیشى دەبێت ئامانجە هاوبەشەکانمان زیاتر پەرەپێبدەین، ڕونیشى کردەوە پڕۆسەى بۆلۆنیا پرۆسەیەکى مەعریفیەو هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لێرەوش دەمەوێ ئەوەتان پێ ڕابگەێنم کە ئامادەین ئەزمونى چەندین ساڵەى کارکردنمان کە لەماوەى (١٥) ساڵى ڕابردودا بەدەستمان هێناوە لە چۆنییەتى جێبەجێکردنى ئەو سیستەمەو بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکان خاڵ بەخاڵ بۆتان ڕون بکەینەوە هاریکارتان بین.

لە کۆتایى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا ڕەشاد ئەمین ئەندامى بۆردى کۆمپانیاى سیناتیل کە تێچوى وۆرک شۆپەکەى لە ئەستۆ گرتبو وتەیەکى پێشکەش کردو ڕاگەیاند: ئامانجمان لە بەشداریکردن و ڕێکخستنى ئەو وؤرکشۆپەدا هاندان و پێشخستنى ئاستى زانستە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

 لە وۆرکشۆپەکەدا چەندین توێژینەوەى زانستى خرانەڕو

 وۆرک شۆپەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى ( ١٤- ٤- ٢٠١٥) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل (دیڤان)ى شارى هەولێر بەڕێوەچو و، تێیدا ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتیەکانى کوردستان و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبون، لەلایەن پسپؤران و ئەکادیمیستانەى دامەزڕاوەى سێنیکا چەند بابەتێکى زانستى سەبارەت بە (ناساندنى پرۆسەى بۆلۆنیاو میکانزمى جێبەجێکردنى ستاندارە زانستیەکان لە زانکۆکانى ئەوروپاو، چەسپاندنى بنەماکانى دڵنیاى جۆرى لە چوارچێوەى پڕۆسەى بۆلۆنیا و، دەروازەیەک بۆ ئاوێتەبونى زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ ستانداردەکانى پڕۆسەى بۆلۆنیاو، چاودێریکردنى کواڵیتى لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دۆکیۆمێنتکردنى داتاکانى پڕۆسەى دڵنیاى جۆرى و بەکارهێنانى لە پڕۆسەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان لە چوارچێوەى ستانداردە زانستییە نێودەوڵەتییەکان) پێشکەش کران.