كاندیدانی ئازیزی بەرنامەی تواناسازی بە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێتان ڕادەگەیەنین، کە دەقی یاداشتەکەتان کە تایبەتە بە پرسی دابینکردنی مافە داراییەکان گەیشتە دەستمان و بە چاوی گرنگیپێدان و ئەولەویەتی کاری وەزارەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەبارەت بەم پرسە بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بۆ ئێوەی بەڕێز و، ڕای گشتیی ڕون بکەینەوە:

  1. سەرباری بارودۆخی سیاسی و دارایی و ئەمنی هەرێمی کوردستان وەزارەته‌كه‌مان پرسی مافە داراییەکانی کاندیدانی تواناسازی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، هەر بۆیە لەو کاتەی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی دارایی بۆتەوە تا ئێستا توانیومانە بڕی زیاتر لە (٤٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی) بۆ کاندیدانی تواناسازی دەستەبەر بکەین.

 

  1. وەزارەته‌كه‌مان ڕێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی هەموو کاروبارە کاڕگێڕییەکانی تایبەت بە پرۆسەی خەرجکردنی مافە داراییەکان ئامادەبکرێت و، لە کاتی بوونی بودجەی بە زووترین کات مافەداراییەکان خەرج بکرێت، بە تایبەت وردبینی فایلەکان و ئامادەکردنی لیست و چەکەکانی کاندیدانان.

 

  1. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نوسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم ئەو زانکۆیانە کردووە، کە کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی تیایدا دەخوێنن، لەو نوسراوەدا داوا کراوە ڕەچاوی بارودۆخی سیاسی و دارایی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بکەن، خۆشبه‌ختانه‌ زۆربەی زانکۆکانیش بەدەنگ ئەم داواکارییەمانەوە هاتون و وەڵامی پۆزەتیڤیان پێداوین، هەر کاندیدێک-یش پێویستی بەم جۆرە پشتگیرییە هەیە بێگومان وەزارەته‌كه‌مان کارئاسانی تەواوی بۆ ئەنجام دەدات.

 

  1. بەڕێز (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تایبەت پرسی مافەداراییەکانی کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تاوتوێ کردوە و، لە نوسراوی تایبەتیشدا باس لە گرنگی و ئەولەویەتی ئەم پرسە کراوە و هەوڵەکانیش چڕو پڕو بەردەوامن.

  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێگەیشتنی تەواوی هەیە کە کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی لەدەرەوەی وڵات پێویستیان بە دابینکردنی کرێی کۆرسی ئەکادیمی و پێداویستییەکانی دیکەی خوێندن و بژێوی ژیان هەیە و، هەمو ئەم خەرجییانەش (بەتایبەت کرێی خوێندن) دەبێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دابین بکرێت، هەر بۆیە وەزارەته‌كه‌مان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئێستا لە هەوڵی چڕو پڕو بەردەوامدایە و، وەک سەرەکیترین پرسی وەزارەت لێی دەڕوانێت، لە هەمان کاتدا داوا لە کاندیدەکان دەکەین کە هاوکاری وەزارەته‌كه‌مان بن و ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان بکەن.