هۆگر شاڵی: پێویستە هەیكەلی نوێی وەزارەت لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بگونجێت

بەمەبەستی دانانی هەیكەلێكی نوێی وەزارەت بەشێوەیەك بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بەرنامە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم بەڕەچاوكردنی یاسای پەسەندكراوی وەزارەتی كارەبا ژمارە 5ی ساڵی 2006؛ پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێكەوتی 3/4/2016 هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی كرد بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بەهەیكەلی وەزارەتی كارەبا، لەم كۆبوونەوەیەدا راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا ئامادەیبوون، بریكاری وەزارەتی كارەبا بەتێروتەسەل گوێبستی لێژنەی پێداچوونەوە بەهەیكەلی وەزارەت بوو داوای لێكردن هەیكەلی نوێی وەزارەت بەشێوەیەك دابڕێژرێتەوە رەچاوی سیاسەتی كەمكردنەوەی خەرجیەكان و كارا كردنی ئەدای وەزارەت بكات. لەبەشێكی قسەكانیدا شاڵی ئاماژەی بەبەرنامەی وەزارەتی كارەبا كرد بە پێدانی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا بەكەرتی تایبەت و رایگەیاند : بەبەرنامەیەكی زانستی و رێكوپێك هەنگاوەكانی رادەستكردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا بەكەرتی تایبەت دەستی پێكردووە. دواتر هەریەكە لە راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێم باسی تایبەتمەندێتی كارەكانیان لەچوارچێوەیە پارێزگاكە كردوو بریكاری وەزارەتی كارەبا داوای لێكردن بەزووترین كات هەیكەلی وەزارەت و كارەكان لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی گشتی كارەبا رێك بخرێتەوە بەشێوەیەك كاریگەری لەسەر ئەدای كارەكان نەبێت و بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە كارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت. وەزارەتی كارەبا لەوەرزی هاوینی ئەمساڵدا لەبەردەم بارودخێكی سەختدایە، چونكە تا دێت هاوبەشانی كارەباو خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا روو لەهەڵكشان دەكات لەكاتێكدا كە وەزارەت بودجەی پێویستی لەبەر دەستدا نییە بۆ كاری صیانەی وەرزی تۆڕو وێستگەكانی كارەبا.

راگەیاندنی وەزارەتی كارەبا

3/4/2016